کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڕاندنەوەی بەندکراوێکی خەڵکی مەهاباد بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ

15:55 - 3 رەزبەر 2719

بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد دوای ١١ مانگ سەر لەنوێ لە بەندیخانەی مەهابادەوە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ. ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەزبەر حوسێن عوسمانی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد بۆ جارێکی دیکە گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ و ئێستا لە بەندی سیاسیی ئەو بەندیخانەدا ڕاگیراوە. ئەو بەندکراوە سیاسیە ١١ مانگ پێش لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ بەندیخانەی مەهاباد گوازرابۆوە. حوسین عوسمانی ڕێککەوتی ١٢ی ڕەشەممەی ١٣٩٢ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ساڵی دواتر لە گەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە" لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەحمەد جەوادی کیا" بە تۆمەتی ئەنجام دانی تەقینەوەکەی ساڵی ١٣٩١ی شاری مەهاباد و ئەندامبوون لە حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان حوکمی لەسێدارەدان بە سەردا سەپابوو. حوکمی سێدارەی حوسێن عوسمانی دوو ساڵ دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە هەڵوەشایەوە و دواتر حوکمەکەی بۆ ١٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا بە بێ هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخانەکانی ورمێ و مەهاباد دا ڕاگیراوە و لە زۆربەی پێداویستییە سەرەتاییەکان وفریاکەوتنی پزیشکی بێ بەش کراوە.