کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گرانی و بێکاری ڕوو لەهەرێمی کوردستان دەکەن

16:03 - 3 رەزبەر 2719

بەپێی دوایین ئامارەکان کە سەبارەت بە پیشە و چۆنیەتیی کاری کرێکاران وەدەست هاتووە، لەم ماوەیەدا نزیک بە سەتا ٧٠ی کرێکارانی ئەو شارانەی کە لە سنووری هەرێمی کوردستاندان، لەبەر نەبوونی کار و سەرچاوەی بژێویی ژیان پەنایان بۆ کار کردن لە باشووری کوردستان و شارەکانی هەرێمی کوردستان بردووە. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداریی خۆیدا هیچ هەوڵێکی بۆ باشتر کردنی دۆخی ئابووریی خەڵکی شارەکانی کوردستان نەداوە. هەڵاواردن و تەریک خستنەوە بووەتە هۆی ئەوەیکە هیچ جۆرە پیشەسازی و نوێکردنەوەیەک لەو شارانەدا جێبەجێ نەبێت و هەر ئەوە بووەتە هۆی ئەوەیکە خەڵکی کورد، بۆ کار کردن ڕوو بکەنە شارەکانی دیکەی ئێران یان بچنە دەرەوەی وڵات. زۆربەی ئەو کەسانەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ دێڵن ڕوو دەکەنە هەرێمی کوردستان. شارەکانی هەولێر و سلێمانی زیاترین ڕادەی کرێکاری ڕۆژهەڵاتیی تێدا دەبینرێت. ئەو کرێکارانە زۆربەیان بە پاسپۆرت و ویزای یاسایی دەڕۆنە هەرێمی کوردستان و هێندێکیش بەشێوەی نایاسایی ڕوو لە هەرێم دەکەن. شایانی باسە کە ڕادەی ڕاست و دەقیق لەو کرێکارانە لە بەردەستدا نییە، چوونکە ئەو کەسانە هیچیان ویزای کارکردنیان نییە و لە کاتی ڕوودانی ڕووداوی کاریشدا هیچ بیمەیەکی کارییان نییە. "میکائیل سدیقی"، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کرێکارانی کوردستان لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان لەو پێوەندییدا دەڵێ: "زۆربەی خەڵک لەبەر نەبوونی کار ڕوو دەکەنە هەرێمی کوردستان و لەوێ تووشی هەزاران جۆر ڕووداوی کار دەبن و هیچ ناوەند و لایەنێکی پێوەندیدار نییە کە چارەسەر یان پشتیوانیان لێبکات. هەروەها ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە زۆربەی ئەو کرێکارانە، کرێکاری بیناسازین و زۆربەی ڕووداوەکانی کار لە بیناسازیدا ڕوو دەدەن. جێگای داخە کە گەنجان و لاوانی ڕۆژهەڵات بۆ دۆزینەوەی بژێوی ژیان، خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و هەموو جۆرە سەختی و دەربەدەرییەک قەبووڵ دەکەن و هەروەها هەندێ جار بۆ پەڕینەوە و ڕۆیشتن بۆ وڵاتانی ئورووپایی هەوڵدەدەن کە بەشێوەی قاچاخ دەرباز بن و بەداخەوە لەو ڕێگەیەشدا تووشی مردن و نەهامەتی و دەیان گرفت و کێشەی جۆراوجۆر دەبنەوە.