کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عادل ئەلجوبەیر: بۆ وەڵامدانەوە بە ئێران چەند بژاردەیەکمان لەبەر دەستدایە

16:20 - 4 رەزبەر 2719

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان "عادل ئەلجوبەیر" لە دانیشتنی "یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوکی"دا وتی: "کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای میلیشیا تێرۆریستەکانییەوە لە ناوچەکەدا بەردەوام خەریکی نانەوەی شەڕ و ئاژاوەیە و مێژوویەکی دوور و درێژی لە خوێنمژیدا هەیە". تیمێکی نێونەتەوەیی خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ، هەرچەند ئێمە باش دەزانین کە کۆماری ئیسلامی ئەنجامدەری هێرشەکەیە بەڵام چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکان دەبین و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێ باجی چل ساڵ ئاژاوە و پشێوی لە ناوچەکەدا بدات. ئەو ڕێژیمە بەردەوام هەڕەشە بووە بۆ سەر دراوسێکانی و تەنانەت جیهانیش و بە جێگەی ئەوەی کە داهاتی وڵاتەکەی بۆ خزمەت بە خەڵکی ئێران بەکار بێنێ، خەرجی هەناردنی شۆڕشی مەزهەبی دەکات کە ئەمەش لە بڕگەیەکی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا هاتووە. ئێمە دەزانین کە خەڵکی ئێران خەڵکێکی باشن و بە فەرهەنگن بەڵام کێشەی ئێمە لە گەڵ کۆماری ئیسلامیدایە. کێشەی گەورە ئەوەیە کە چل ساڵ لە بەرانبەر هەموو هەوڵە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامیدا وڵاتانی دیکە بەشێوەیەکی کردەیی هەنگاویان هەڵنەگرتووە بۆ ڕێگری لەو ڕێژیمە ، کە لەڕاستیدا سەرچاوەی تێرۆریزمە لە دنیادا.