کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە تاران هەڕەشە و لە نیۆیۆرک کڕووزانەوە

16:22 - 4 رەزبەر 2719

کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیۆیۆرک دەستی بەکارەکانی کرد و سەرۆک کۆمار و کاربەدەستانی پلەبەرزی جیهان تێیدا بەشداربوون و سەرۆک کۆماری ئێرانیش یەکێک لە وتاربێژانی ئەو کۆبوونەوەیە بوو. کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بوونەتە سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوە لە جیهان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ماوەی چل ساڵە بە سیاسەتێکی دووڕوویانە و چەواشەکارانە دەیانهەوێ بیروڕای گشتی جیهانی بەلاڕێدا بەرن. سەرانی کۆماری ئیسلامی کاتێک لە مینبەری مزگەوتەکانی تارانەوە قسە دەکەن، هەڕەشەی لە ناوبردن و قووتدانی جیهان دەکەن و مووشەکەکانیان دێننە سەر شەقامەکان و بەگژ هەموو هێزە سەربازییە زەبەلاحەکانی جیهاندا دەچنەوە، بەڵام کاتێک کە لە سنوورەکانی ئێران تێدەپەڕن، دەبنە فریشتە و باس لە ئاشتی و برایەتی و پێکەوە ژیان دەکەن. لەمڕۆژانەدا لە عەلی خامنەییەوە تا فەرماندە سەربازییەکانی ئەو ڕێژیمە، هەر هەڕەشەیان لە ئیسڕائیل و ئەمریکا و وڵاتانی عەڕەبی دەکرد، بەڵام کاتێک کە حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران گەیشتە ئەمریکا و لە نیۆیۆرک وتاری دا، باسی لە ئاشتی و برایەتی دەکرد و وادیار بوو کە لەوێ جبەخانە و مووشەکەکانی لە کارکەوتبوون هەر بۆیە دەستی کرد بە پاڕانەوە و کڕووزانەوە و خەبەرێک لە شەڕ و هەڕەشە نەبوو. هەر لەم پێوەندییەدا یەکێک لە کاربەدەستانی ئەمریکایی دەڵێ" کۆماری ئیسلامی لێرە باسی دێموکراسی دەکەن و لە لایەکیش خەریکی پەرەپێدانی تێرۆریزمن لە جیهاندا. هەر لەم بارەوە "دەنی دەنۆن" باڵوێزی ئیسراییل لە نەتەوەیەکگرتووەکان وتی: "ئەوە گرینگ نییە کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە شوێنە گرینگە نێونەتەوەییەکاندا چی دەڵێن ئەوە گرینگە کە کاتێکە دەچنەوە تاران دیسان ساڵانە ٧میلیارد دولار بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە دابین دەکەن و چۆن لە نێوخۆی ئێراندا سەرکوتی خەڵکی خۆیان دەکەن و چۆن دزی و گەندەڵی دەکەن و چۆن ئاژاوە بۆ دنیا دەنێنەوە.دیسان مووشەکەکانیان لە کام وڵاتدا تاقی دەکەنەوە. کۆماری ئیسلامی هەڕەشە و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی دنیا و بە جێگەی ئەوەی کە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی دابین بکات پارەی خەڵکی ئێران بۆ شەڕخوازی و هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی بۆپەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆی خەرج دەکا و لە زۆربەی وڵاتانی جهیاندا خەریکی خوێنڕشتنە کەچی لە نیۆیۆرکدا باسی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەو جیهانیش دەکات".