کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێدارەدانی بەندکراوانی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیم

20:21 - 4 رەزبەر 2719

کاتژمێر ١٠ی شەوی چوارشەممە لە سەر پێنجشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، حوکمی لە سێدارەدانی سێ هاووڵاتیی کورد کە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ جێبەجێ کرا. بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ناسنامەی ئەو سێ بەندکراوە کوردە کە لە سێدارە دراون بریتین لە " ئیبراهیم محەممەد پوور" خەڵکی دزێ و دانیشتووی شاری مهاباد و "شەهابەدین ئەحمەدی پوور" خەڵکی ورمێ و "ڕەئوف ئازادیخا" تەمەن ٣٠ساڵ خەڵکی مەرگەوەڕ. ئەو سێ کەسە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیرابوون. بڕیار بوو کە حوکمی سێدارەی ئەو سێ کەسە ئەمڕۆ پێنج شەممە بەڕێوە بچێ بەڵام ئێوارەی چوارشەممە بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە کە کاتژمێر١٠ی شەو لەسێدارە دەدرێن و ئەو کاتە دەتوانن سەردانی بەندیخانەی ورمێ بکەن و تەرمەکانیان وەربگرنەوە. هەروەها سەر لە بەیانی ئەوڕۆ پێنجشەممە ٤ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی، ژنێکی کورد بە ناوی" لەیلا زەڕئەفشان" خەڵکی سنە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ئەو شارە لە سێدارە درا. "لەیلا زەڕئەفشان" بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەستی هاوژینەکەی دوای ٥ ساڵ زیندانی، لە بەندیخانەی سنە لە سێدارە درا. هەروەها بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوکراوەتەوە، سەرلەبەیانی دوێنێ چوارشەممە ٣ی ڕەزبەر حوکمی سێدارەی هاووڵاتیەکی خەڵکی بروجێرد سەر بە پارێزگای لوڕستان بە ناوی “سوڵتان فەتحی ڕاد” لە بەندیخانەی ناوەندەی ئەو شارە بەڕێوەچوو. سوڵتان فەتحی ڕاد خەڵکی بروجێرد بووە، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان ماوەی ٤ ساڵە لە بەندیخانە بوە و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو. هەمان ڕۆژ، بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی “موجتەبا سولەیمانی” تەمەن ٣١ ساڵ لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لەسێدارە دراوە.