کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانبوونی لە سەتا ٦٠ی پێویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە یەک ساڵدا

20:23 - 4 رەزبەر 2719

نوێترین ڕاپۆرتەکان کە ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردوونەتەوە، باس لە گرانیی لە سەتا ٦٠ی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵک دەکەن و زیاتر لە هەمووی ئەو پێداویستییانە، گرانبوونی خواردەمەنییە کە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک وەکوو نان و برینج و گۆشت، ئەویش تا ڕادەی لە سەتا ٦٠ی نرخەکان، ئابووریی ئێرانی تووشی هەڵاوسانێکی بەرچاو کردووە. ڕۆژ نییە کە هەواڵی بێکاری و گرانیی پێداویستییەکان بڵاو نەبێتەوە، بەڵام گرینگترین شت لە ژیانی خەڵکی ئێراندا، خواردنی پێویست و پێویستییەکانی ڕۆژانەی بنەماڵەکانە کە ئەویش بە ئەندازەی خۆی کاریگەریی لەسەر چۆنیەتیی ژیانی خەڵک داناوە. زیاترین شتێک کە لەماوەی یەکساڵی ڕابردوودا گران بووە، گۆشتی سوور بووە کە نرخی لە سەتا ٨٠ بەرز بووەتەوە. گەمارۆکانی سەر ڕێژیم و گەندەڵی و شەڕانگێزی، کاریگەریی لەسەر پێداویستییەکانی بنەماڵەی ئاخوندەکان و کاربەدەستانی ڕێژیم دانانێ، ئەوە خەڵکی بێدەرەتان و بێکارن کە لەژێر باری گرانی، بێکاری و نەبوونیی سەرچاوەی بژێوی ژیاندا پشتیان دەچەمێتەوە و ناتوانن ساتێک بە خۆشی و ئاسوودەیی ژیان تێپەڕ کەن.