کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە ناکامەکانی فەڕانسە و بریتانیا بۆ گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا

20:30 - 4 رەزبەر 2719

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەر، حەسەن ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرانسە و بوریس جانسون، سەرۆک وەزیری بریتانیا دیدارێکی هاوبەشی بەڕێوەبرد .لەو دیدارەدا، هەندێ باس و بابەت لەنێوان سەرۆک کۆماری ئێران وفەرانسە و سەرۆک وەزیری بریتانیادا هاتنە بەرباس، کەگرینگترینیان، داواکاریی ئەو دوو کەسایەتییەی فەرانسە و بریتانیا بوو کە داوایان لە حەسەن ڕووحانی کرد لەگەڵ دوناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا چاوپێککەوتن بکات و لەسەر کێشەکانی ئێران و ئەمریکا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن. ئێمانۆئێل ماکرۆن لە کۆتایی دانیشتنەکەدا لە دواییدا داوای لە ڕووحانی کرد و باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی ئێستا لە دۆخێکی هەستیار دایە و دەبێ ئەو کارەی کە پێویستە بۆ باشتر بوونی دۆخەکە بیکا و بەزوویی بیخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. هەروەها ناوبراو داوای لە حەسەن ڕووحانی کرد و پێداگریی لەسەر ئەوە بوو کە ئێستا ئێران دەتوانێ و دەرفەتی ئەوەی هەیە کە لەگەڵ دوناڵد ترامپدا کۆبوونەوە بکا، بەڵام ئەگەر سەفەری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ئەمریکا تەواو بێت و هیچ دەسکەوتێکی تێدا نەبێت و هەلێکی زێڕین نەڕەخسێنێ، ئەوە تا ماوەیەکی دیکە ناتواننن بچنەوە بۆ ئەمریکا و دوناڵد ترامپیش سەفەری ئێران ناکا. جێگای سەرنجە کە حەسەن ڕووحانی هەموو کات لە قسەکانیدا باس لەوە دەکا کە کۆماری ئیسلامی تا لابردنی گەمارۆکان ئامادە نییە لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکات. سەرۆک کۆماری فەڕانسە، تەواوی هەوڵی خۆی وەگەڕ خستووە کە ئێران و ئەمریکا بکێشێتە سەر مێزی وتووێژ بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانی بێ ئاکام بوون و هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆیەوە نەدیوە.