کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ، بازنەی گەمارۆی سەر بەرپرسانی ڕێژیم تەنگتر دەکاتەوە

20:38 - 4 رەزبەر 2719

دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی بەدەرکردنی فەرمانێک ویزای بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و بنەماڵەکانیان بۆ ئەمریکای سنووردارکرد یان هەڵپەسارد. سەرکۆماری ئەمریکا لە پێشنووسی ئەم بڕیارەدا ئاشکرای دەکا کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی تێرۆریزمە و سپای پاسداران و هێزی قودسی سپا جێبەجێکار و پشتیوانی تێرۆریزمن لە جیهاندا. هاوڵاتیانی ئەمریکا بە بێ هۆ زیندانی دەکا، هەڕەشە لە دراوسێکانی دەکا و هێرشی سایبێری بە دژی وڵاتان ئەنجام دەدا. ناوبراو لەدرێژەی ئەو بڕیارەدا کە لە ماڵپەڕی کۆشکی سپی بڵاو بۆتەوە دەڵێ: "بە هۆکاری ئەوەیکە هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیمی ئێران ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و دنیاشی خستۆتە مەترسییەوە، بڕیارێکم دەرکرد بۆهەڵپەساردن یان سنووردارکردنی هاتنی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بۆ ئەمریکا و پێموایە ئەمە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەم دایە. شایەنی باسە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەرپرسی ناساندنی ئەو کەسانە دەبێ کە دەبێ ئەم فەرمانەیان لەسەر جێبەجێ بکری. جێی ئاماژەیە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە سەفەری نیۆیۆرکدا لە هەوڵی کەمکردنەوەی گەمارۆکاندا بوون، کەچی گەمارۆی زیاتریشیان بەسەردا سەپێندرا.