![](/files/edam_oroomie..jpg)
لە سەرەتای مانگی پاییز و لە ماوەی دوو ڕۆژدا لانیکەم ٧ زیندانیی کورد لە زیندانەکانی ورمێ و سنە و ڕەجایی شاری کەرەجدا ئێعدام کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز، ماڵپەڕی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، ٥ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی عەلی عەمیزادە، خەڵکی سەڵماس، ڕەئووف ئازادیخوا، خەڵکی مەڕگەوەڕی ورمێ، شەماڵ ئەحمەدیپوور و شەهابەدین محەممەدپوور، خەڵکی ورمێ، موجتەبا سولەیمانی، خەڵکی کرماشان و سوڵتان فەتحی ڕاد، کوردی خەڵکی بروجێرد لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجاییشاری کەرەجدا ئێعدام کراون. ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕەزبەریش ژنێک لە سنە بە ناوی لەیلا زەرئەفشان، دوای ٥ ساڵ بەندکرانی لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارەدا لەدار درا.
ئەو ٧ کەسە بە تۆمەتی کوشتنی بەئانقەست و تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر ئێعدام کراون و بە ئێعدامکرانی ئەو ٧ کەسە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە کوردستان و بە بڕیاری دەزگای قەزایی ئێعدام کراون، گەیوەتە ٢٨ کەس. لە ماوەی سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا ئەوەندەی زانراوە ١٤ زیندانیی کورد له زیندانهکانی ئێراندا له سێداره دران و دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی سێ مانگی بەهاریشدا لانیکەم ٧ بەندکراوی کوردی لە زیندانەکانی سنە، کرماشان، مەراغە و زەنجاندا لەدار دابوو. شایانی باسە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ساڵی ڕابردووش لانیکەم ٤٩ زیندانیی کوردی لەدار دابوو کە بە نیسبەتی ئاماری ئێعدامەکان و حەشیمەتی کورد لە ئێران، ئەژمارێکی لەسەرێیە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ ڕا هەتا ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی پتر لە ٦١ هەزار کەسی لەو وڵاتەدا لەسێدارە داوە. مەسەلە ئەوەش نییە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی حاشا لە ئێعدامەکان _ چ ئێعدامە سیاسی یان نا سیاسییەکان_ بکەن، بەڵکوو بە دەگمەن نەبێ هەر هەموویان بەرگریی لێ دەکەن و ئەو جینایەتانەیان بۆ مانەوەی ڕێژیمەکەیان بە پێویست زانیوە.