![](/files/zndan-wermaeee.jpg)
زیندانییەکی دیکە لە بەندیخانەی ورمێ بە هۆی گوشاری کاربەدەستانی زیندان خۆی کوشت.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕەزبەر "وەحید کەربەلایی" کە تەنیا حەوتوویەک بوو بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر گیرابوو، لەبەر بارودۆخی سەختی زیندان و گوشاری زۆری کاربەدەستان خۆی کوشت.
جیا لە خۆکوژیی ئەم زیندانییە، هەر لەو ماوەیەدا ٦ زیندانیی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و بارودۆخی کارەساتباری زیندان گیانیان لە دەست داوە. عەلی پایا، تازەترین قوربانیی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بە بەندکراوانە کە لە زیندانی ورمێ و بەهۆی کەمتەرخەمیی کار بەدەستانی زیندان گیانی لەدەستدا. ناوبراو بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر سزای ٦ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپابوو.
عەلی پایا شەشەمین زیندانیی کوردە کە لە سێ مانگی ڕابردوودا و لە زینداندا بەهۆی کەمتەرخەمیی لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە. لەو شەش کەسە سێ کەسیان بە ناوەکانی "داریوش کەنگرلوو"، "ئەحمەد ئاموختە" و "نەوبەخت سەحرایی" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ و؛ "مووسا فاتحی" لە زیندانی ناوەندیی سنەدا گیانیان لە دەستداوە، هەروەها بەهمەن مرادی، کاسبکاری خەڵکی دێولانیش دوای دەسبەسەرکرانی لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لێ ئەستێندراوە.