کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درۆر شالۆم، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەشەڕ نزیک بووینەتەوە

00:37 - 7 رەزبەر 2719

"درۆر شالۆم" سەرۆکى توێژینەوەى یەکەى زانیارى ئەرتەشى ئیسرائیل لە گفتوگۆیەکى لەگەڵ ڕۆژنامەى "ئیسرائیل هیوم "گوتى لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕ نیزیک بووینەتەوە، ڕێژیمى ئێران دوژمنێکى تێنەگەیشتوو و ئاڵۆزە کە دەتوانێ لە عێراقەوە مووشەکى کرووز ئاڕاستەی ئیسرائیل بکا. کۆماری ئیسلامی دەتوانێ هەروەک ئەو مووشەکانەى کە لە دامەزراوە نەوتییەکانى عەرەبستانى دا، ئیسرائیلیش بکاتە ئامانج. بڕواى ئەرتەشى ئیسرائیل ئەمەیە کە "قاسم سولێمانى" فەرماندەى سپاى قودس، کەسێکە کە چاودێرى و فەرماندەیی هێرشى مووشەکى لە عێراقەوە بۆ ئیسرائیل دەکا. ئەم مووشەکە دەتوانێ مووشەکێکى هاوشێوەى کرووز یا فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانى درێژ مەودا بێ. ئەگەرى دروستبوونى شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل لە چاو ڕابردوو زیاتر و دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و خراپتریش دەبێ. خەریکین لە شەڕ نیزیک دەبینەوە، بەڵام ئیسرائیل بە هەموو هێزیەوە بەرگری لە خۆی دەکا و بە توندترین شێوە وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە. هەر لەوبارەوە "یووڤاڵ ستاینیتز'' وەزیری وزەی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ٤ی خەزەڵوەر لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بەو شەڕە کە ڕەنگە بێتە ئاراوە، زیاتر باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی و هێزە تیرۆریستییەکانی لە ناوچە و بەتایبەت بۆ ئیسرائیل بوونەتە کێشەیەکی سەرەکی و ئێستا کە ئیسرائیل حکوومەتی پێک نەهێناوە و ئەمنییەتی تەواوی بە دەست خۆی نەگرتووە. هەر بۆیە دەبێ وڵاتانی جیهان پێداگریی زیاتریان لەسەر ئەوە بێت کە کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی لەو ناوچانە نەمێنن و نەبنە هۆکاری کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی وڵاتانی دیکە. هەروەها ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتی ئیسرائیل چاوەڕوانی تەقینەوەی سیستمی ئاخووندیی کۆماری ئیسلامییە بەڵام ئەگەری زۆرە شەڕێکی قورس لەنێوان ئێران و ئەمریکا یان ئێران و عەرەبستان لە ئاوەکانی کەنداوی فارس ڕوو بدات. شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی خۆی دەدا کە لە بەرانبەر زلهێزان و دەسەڵاتدارانی جیهاندا ڕاوەستێ و هەربۆیەش ڕۆژ بە ڕۆژ گەمارۆکان لەسەر ئەو ڕێژیمە تێکدەر و ئاژاوەگێڕە قورستر دەبن.