کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی هاونیشتمانییەکی کورد لە سنە

00:57 - 7 رەزبەر 2719

هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنە، هاووڵاتییەکیان لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرد. حەوتووی ڕابردوو هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "دلێر نەسری" خەڵکی ئاوایی تەنگیسەر لە دووکانەکەی خۆی لە سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. دوای دەستبەسەرکرانی، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەى و دەستیان بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانیدا گرتووە. لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای ئیتلاعاتی سپا و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی قۆڵبەستکردنی لاوانی تەنگیسەریان دەست پێ کردووە. چالاکانی تەنگیسەر دەڵێن ئەو شەپۆلە هێرشە تۆڵەکردنەوەی کۆماری ئیسلامییە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئاوایی تەنگیسەرو نەتەویی بوونی خەڵکی ئەو گوندە. شایانی باسە کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە شوێن و هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.