کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٩کەس لە کوردستان بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان

16:59 - 7 رەزبەر 2719

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا ڕۆژی شەممە ٦ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی ٩ بەڕێوبەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە پارێزگای سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو پارێزگایەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیارکراون. هەر لەمبارەوە هەواڵدەری ئیسنا کە سەر بە کۆماری ئیسلامییە ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو ٩ کەسە بریتین لە، پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، دڵساردکردنی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی، هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاشکراکردنی ناوی ئەو کەسانەی کە سەر بە ڕێژیمن، نانەوەی کێشەی نەتەوەیی و دووبەرەکی و هەڕەشە لە کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی. هەر بە پێی هەواڵی ئەو هەواڵدەرییانە، چەند کەسی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم وەکوو کەسی تایبەت سکاڵایان لەسەر ئەو چەند کەسە تۆمار کردووە. شایەنی باسە کە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە شوێن و ناسنامەی ئەو ٩ کەسە لە بەردەستدا نییە. گرتن و دەسبەسەرکردن و سەرکوتی ناڕازیان لە کوردستان بۆتە کاری ڕۆژانەی هێزەکانی ڕێژیم. کاربەدەستانی ئیتلاعات هەرجۆرە مافێکی تاکی کورد پێشێل دەکەن و دەیانهەوێ لەو ڕێگەیەوە خەڵک چاوترسێن بکەن بۆ ئەوەی واز لە ویست و داخوازییەکانیان بێنن. ئازادی بەیان و بیروڕا مافی هەر ئینسانێکە و تاکی کورد بێباک لە گرتن و سێدارە و زیندان لەسەر ویستی ڕەوا و بەرهەقی خۆی سوور و پێداگرە و هەڕەشەکانی ڕێژیم لە ویست و هەوڵەکانیان پاشگەزیان ناکاتەوە.