کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادستێنی گشتیی ئێران: بێ حیجابی ژنان لە شەقامەکان، کاری دوژمنانە

17:23 - 7 رەزبەر 2719

دادستێنی گشتیی ئێران بێ حیجابی ژنانی ئێرانی لە شەقامەکان و بە تایبەتی لە شاری قومی بە هەوڵ و بەرنامەی دوژمنان ناوبرد. ڕۆژی شەممە ٦ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی محەممەد جەعفەر مونتەزیری لە ڕێوڕەسمی ناساندنی دادستێنی تازەی شاری قوم دا ڕایگەیاند کە هاتووچۆی ژنانی بێ حیجاب لە شەقامەکانی شاردا و وێنە و فیلم هەڵگرتن و ناردنیان بۆ سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە شارەکانی ئێران و بەتایبەتی لە شاری قوم، کاری دوژمنانە. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە بێ حیجابی و شێوەی پۆشینی لیباس و ناز و ئەدای ژنانە لە سەر شەقامەکان، بەشداری ژنان لە یاریگەکاندا، هێرشی فەرهەنگی دوژمنانە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. قوم یەکەمین شاری مەزهەبی ئێرانە و ئاخوندەکان بەهەستیارییەوە لەو شارە دەڕوانن. هەڵسوکەوت و دژکردەوەی ژنان لە شاری قوم بەلای ڕێژیمەوە لە بواری مەزهەبی و ئایینییەوە گرینگییەکی تایبەتیی هەیە و بە هەستیارییەوە سەیری هەڵسوکەوتی ژنانی ئەو شارە دەکەن. ژنان لە ئێراندا هەمیشە پێشەنگی ناڕەزایەتیەکان بوون و بەهەر جۆرێک کە بۆیان لوابێ بەشێوەیەک لە شێوەکان ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوتکارانەی ڕێژیم دەربڕیوە و بەرەنگاری سیاسەت و بڕیار و یاسا ناڕەواکانی ڕێژیم بوونەتەوە. کۆماری ئیسلامی لە هەموو ڕێگایەکەوە دەیهەوێ خەڵک سەرکوت و لە دواکەوتووییدا ڕایبگرێ و ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان سەرکوت بکا. ئاخوندەکان و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە، هەر شتێک کە لەگەڵ یاسا دواکەوتوو و دژە ئینسانییەکانی ڕێژیمەکەیان ناکۆک و نالێک و ناتەبا بوو، خێرا بە کاری دوژمنی ناو دەبەن و خەڵک تۆمەتبار دەکەن کە بە ڕێنمایی دوژمنان هەڵسوکەوت دەکا.