کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی تەندروستی بەڵێنیەکانی خۆی لە هەمبەر مناڵانی شیناوێ بە جێ نەگەیاندوە

17:43 - 7 رەزبەر 2719

پاش شەش ساڵ بە سەر کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەیەک لە ئاوایی شیناوێی پیرانشار، هێشتا بە پێچەوانەی وادە و بەڵێنیەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم، چارەسەری پێویست بۆ قوتابییەکان نەکراوە. لەو پێوەندییە‌دا بنەماڵەی یەکێک لە قوتابیانی شیناوێ ڕایگەیاند: پاش ٦ساڵ لە ڕووداوی شیناوێ بەشێکی زۆر لە وادەو بەڵینیەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ نەکراوە. جلال مرادی باوکی سیما مرادی یەکێک لە قوتابیانی شیناوی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی کچەکەی ڕایگەیاند؛ ڕەوتی چارەسەریی منداڵان چەند ساڵ دەخایەنێ و پێویستی بە پشتیوانی هەمەلایەنەی بەرپرسان و تیمی پزیشکی پسپۆڕە. بە پێی قسەی تیمی پزیشکی، عیلاجی کچانی شیناوێ لانیکەم هەتا ١٥ ساڵ دەخایەنێ، بەڵام بە هۆی خەمساردی بەرپرسان و نەبوونی پێداویستییەکان و گرینگی نەدان بەو کارەساتە، لەو ماوەیەدا کێشەکانیان چارەسەر ناکرێن. بە پێی قسەی باوکی سیما مرادی حەوتووی ڕابردوو لە تاران بە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت تێچووی نەشتەرگەرییەکی نەدابوو، نەشتەرگەری بۆ کچەکەی نەکراوە و ئەمە لە کاتێک ‌دایە کە وەزارەتی "تەندروستی " سەرجەم تێچووی لە ئەستۆی خۆی گرتبوو. ناوبراو ڕایگەیاند کە مانگی ڕەشەممەی ٩٦ هەتاوی لە دیدار لەگەڵ وەزیری تەندروستی باسی هەموو ئەو کێشە و گرفت و کەمکارییانەمان کرد و بەڵێنی دا کە یارمەتیدەرمان بێت. بەڵام تا ئێستا وادە و بەڵێنییەکانی هەر لە ئاستی قسەدا ماوەنەتەوە و ڕەوتی چارەسەریی منداڵانی شیناوێ خراپتر بووە. جێی‌ئاماژەیە کە بەشێک لە بنەماڵەی منداڵانی شیناوێ خوازیاری ئەوەن کە منداڵەکانیان ڕەوانەی دەرەوەی ئێران بکرێن بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بکرێ. بەڵام لە تازەترین لێدوانیدا وەزیری تەندروستی گوتی: داوام لە بنەماڵەی قوتابیانی شیناوێ هەیە کە متمانەیان هەبێ . ئەم داواکارییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرپرسانی ڕێژیم نایانهەوێ ئەو قوتابیانە بۆ عیلاج و چارەسەری بچنە دەرەوەی ئێران و ببنە هۆی سەرنجی ڕاکێشانی میدیاکان و نموونەیەک بن لە خەمساردی و نابەرپرسایەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.