کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوانەکردنی پسپۆر و مووشەک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ عەڕەبستان

17:46 - 7 رەزبەر 2719

دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر وڵاتی عەرەبستان، کەسانی پسپۆر و مووشەکی پاتریۆت ڕەوانەی عەڕەبستان دەکا. بەدوای پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بە تایبەت دوای ئەوەی کە هێرشی مووشەکیی کرایە سەر پاڵاوگەی نەوتی ئارامکۆ و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنجامدەری ئەو کردەوەیە تاوانبارکرا، ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە زیاتر دەکا و ڕایگەیاندووە کە ۲۰۰ کەسی پسپۆڕ و ژمارەیەک مووشەکی پاتریوت دەنێرێتە عەڕەبستان سعوودی. ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەدوای زیادبوونی قەیرانەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشی ئەم دوایانە بۆ سەر دامەزراوەی نەوتیی ئارامکۆ، هێزی تایبەت و تەقەمەنی خۆی لە بنکەکانی عەڕەبستان زیاتر دەکا و هەر لەو پێوەندیەدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە باسی لە ناردنی ۲۰۰ هێزی پسپۆڕ و ژمارەیەک مووشەکی پاتریوت بۆ عەڕەبستانی سعوودی کرد. جاناتان هافمەن، وتەبێژی پێنتاگۆن، بە ڕاشکاوی ڕاگەیاند کە ئامانجی ئێمە لە زیادکردنی هێز و تەقەمەنی شەڕ لە عەڕەبستان، بە ئامانجی پشتیوانی کردنی پەدافەندی هەوایی و مووشەکییە لە پێناو پاراستنی ژێرخانی نیزامی و دامەزراوەی مەدەنی و شوێنی ژیانی خەڵکی ئاسایی لەو وڵاتە. ئەو هەواڵە لە کاتێکدا لەلایەن کاربەدەستانی نیزامی ئەمریکا دێتە بەرباس ‌کە گرژییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەریای عەممان سەر لەنوێ بە ئامانجی پتەوتر بوونی دامەزراوە نەوتییەکانی عەڕەبستانی سعوودی زیادی کردووە و عەڕەبستانی سعوودی و ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتبار دەزانن و لە لایەکی دیکەوە، سێ وڵاتی ئورووپایی فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا بە بڵاوکرنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە بەڕێوەبەری ئەو هێرشە ناوبرد. دەوڵەتی عەڕەبستانی سعوودی دوای ئەوەی بۆی ڕوون بۆوە کە ئەو موشەکانە نە لە باکووری ئەو وڵاتە و نە لە لایەن حوسیەکانی یەمەنەوە ئاڕاستەی عەڕەبستان کراون، بەڵکوو کۆماری ئیسلامییان بە ئەنجامدەریی ئەو هێرشانە زانی و ڕایانگەیاند کە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بە مافی خۆیان دەزانن. کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر ئارامکۆ کە وەپاڵیدراوە، هۆشداری داوە کە لە ئەگەری هەر چەشنە هێرشی نیزامی بە دژی ئێران تەواوی بنکە و ناوەندەکانی ئەمریکا وئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانجی مووشەکەکانی خۆی و هێرشیان دەکاتە سەر و شەڕ هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.