کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"فیفا" چاودێری تۆپی پێ ڕەوانەی تاران دەکا

17:49 - 7 رەزبەر 2719

دەستەیەک بە نوێنەرایەتی فیفا بۆ دڵنیا بوون لە بەشداریی ژنان لە یاری تۆپی‌پێی ئێران و کامبوج دەچنە تاران. دەستەیەک لە نوێنەرانی فیدراسیۆنی جیهانی فیفا، دەچنە ئێران تا بەشداریی ژنان لە چوونە نێو یاریگای "ئازادی" لەو وڵاتەدا هەڵسەنگێنن. "یوری ژوور کائێف" یاریزانیی فەڕانسەیی لە جامی جیهانی ١٩٩٨، لەگەڵ ئەو هەیئەتە نێردراوەتە تاران، بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی نێو یاریگاکان. "جیانی ئینفانتینۆ" بەڕێوەبەری فیفا، لەو ڕۆژانەی دواییدا ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵێنیان داوە کە لە یارییە سەرەتاییەکاندا بۆ بەشداریی ژنان لە یاریگاکاندا هیچ بەربەستێک پێک نەهێنن. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فەڕانسە، بڕیاڕ وایە دەستەیەک بە نوێنەرایەتی لەلایەن فیفاوە بچن بۆ ئێران تا بارودۆخی بەشداریکردنی ژنان لە یاریگای تۆپی پی، یاریی نێوان ئێران و کامبوج، هەڵسەنگێنن. یاری سەرەتایی جامی جیهانی ٢٠٢٢، لە نێوان تیمەکانی تۆپی‌پێی ئێران و کامبوج، بڕیارە لە ڕۆژی ١٨ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی لە تاران بەڕێوەبچێ. "یوری ژوورکائێف"، بەڕێوەبەریی ناوەندی فیفا بە مەبەستیی پەرەپێدان بە ژێرخانە وەرزشیەکان، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فەڕانسە، وێڕای جەختکردنەوە بە گرینگی پێدانی حزووری ژنانی ئێران لە یاریگاکاندا دەڵێ: بە هۆی گرینگی پێدان بە یارییەکان بۆخۆم رۆژی ١٨ی ڕەزبەر سەردانی ئێران دەکەم. شایانی باسە کە بەپێی بڕیار و یاساکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتداریەتی ئەو ڕێژیمەدا ژنان لە سەیرکردنی یارییەکان و بەشداریی لە یاریگاکاندا بێبەشکراون و ئیزنی چوونە ژووریان بۆ نێو یاریگەکاندا پێنەدەدان، بەڵام بەهۆی گوشاری ژنانی ئێران و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بە تایبەت فیفا، کاربەدەستانی ڕێژیم ناچار کراون کە ئیزن بە ژنان بدەن تا بچنە نێو یاریگەکان و سەیری یارییەکان بکەن و پێشتریش فیدراسیۆنی جیهانی تۆپی‌پێ سەبارەت بە حزووری ژنان لە یاریگاکاندا هۆشداری دابووە کۆماری ئیسلامیی ئێران.