کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری بەندییەکانی بەندیخانەی میاندواو

18:02 - 8 رەزبەر 2719

بەندییەکانی بەندیخانەی میاندواو لە دۆخێکی نالەباردا ژیان تێپەڕ دەکەن و لەهەموو ئیمکاناتێکی ژیانی سەرەتایی ئینسانی بێبەشن. بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، بەندییەکانی بەندیخانەی میاندواو لە دۆخێکی زۆر خراپدا ژیان تێپەڕ دەکەن. نەبوونی گاز، ئاو، خواردەمەنی و نەبوونی دەرمان و دوکتۆر کێشەی سەرەکی زیندانییەکانە و کاربەدەستانی ڕێژیم ئامادەی وڵامدانەوە بە ویستە سەرتاییەکانی زیندانییەکان نین. لەگەڵ ئەوەی کە زیندانییەکان بەگشتی لە دۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن، بەڵام دۆخی زیندانیانی سیاسی لە زۆر لە زیندانییەکانی دیکە خراپترە و کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ ئازاردانی رۆحی و جەستەیی ئەو بەندییانە لە هەموو شێوەیەکی ئەشکەنجە کەڵک وەردەگرن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە زیاتر لە چل ساڵە لە ڕێگەی زیندان و سەرکوت و سێدارەوە درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان دەدەن، دوور لە هەموو یاسا و ڕیسا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ بەندییەکان دەجووڵێنەوە و، ئەشکەنجەی جۆراوجۆری ڕوحی و جەستەیی پیشەی ڕۆژانەی کاربەدەستانی ڕێژیمە و دەیانهەوێ لەو ڕێگەیەوە لە ویستەکانیان پاشگەزیان بکەنەوە. ئەو شێوە هەڵسوکەوتە لەگەڵ زیندانیانی کورد و بە تایبەت زیندانییە سیاسییەکان چەند بەرابەرە و لە ڕێگەی ئەشکەنجەوە دەیانهەوێ بەزۆر دان بە پەروەندە ساختە و سازکراوەکان دابنێن بۆ ئەوەی دادوەرە جینایەتکارەکان باشتر و ئاسانتر بتوانن حوکمیان بەسەردا بسەپێنن. لەگەڵ ئەوەی کە ساڵانە لە لایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە و بە تایبەتی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو ڕێژیمە مەحکووم دەکەن بە لەژێر پێنانی مافەکانی مرۆڤ، ئەشکەنجە و ئازار و لە سێدارەدانی ناعادڵانە، بەڵام ئەو ڕێژیمە دژە ئینسانییە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر مافی ئینسانەکان پێشێل دەکا و هیچ ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی خەڵک لەو دەسەڵاتە خوێنڕێژ و خۆسەپێنە پێک نایە و ئاڵوگۆڕی مۆرەکان و دەموچاوەکان هیچ گۆڕانکارییەک پێک ناهێنێ.