کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: ئێران ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پێشێل کردووە

18:04 - 8 رەزبەر 2719

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی سەنتەر فیوچی پێشکەوتوووە لە هەنگاوێکی دیکەدا پیتاندنی یۆرانیۆمی دەست پێکردۆتەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بەوەکردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەکارهێنانی ئامێری سەنتەرفیوچی پێشکەوتوو ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی پێشێلکردووە کە پێشتر لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان لەسەری ڕێککەوتبوون. ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ دەستپێکردنەوە و پیتاندنی یۆرانیۆم. کێشەی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەوڵدانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، یەکێک لەو کێشە و گرفتانەیە کە ساڵانێکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە خەریک کردووە. لەگەڵ ئەوەی کە چەند وڵاتێکی جیهان خاوەن چەکی ئەتۆمین، بەڵام بێجگە لە ئێران و کۆریای باکوور هیچکامیان کێشەیەکی ئەوتۆیان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ساز نەکردووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە وەک ڕێژیمێکی سەرەڕۆ ناسراوە و بە هەڵسوکەوت و هەڕەشە و کردەوە تێرۆریستییەکانی بە ماکە و پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ناسراوە، هەموو کردەوەکانی بە گومانەوە سەیریان دەکرێ و کەوتۆتە ژێر چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەژێر گوشاری دەوڵەتاندا ڕێککەوتنێکی پی ئیمزا کراوە کە هەقی نییە لە ڕاددەی دیاریکراو زیاتر یۆرانیۆم بەرهەم بێنی و هەر بۆ ئەم مەبەستەش ناوەندەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەو ڕێژیمە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە قفڵیان لێدراوە و بە توندی چاودێری دەکرێن.