کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی و وەدەنگ هاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

18:08 - 8 رەزبەر 2719

١٨ی گوڵانی ٩٧ی هەتاوی ئەمریکا بە فەرمی لە ڕێککەوتنی بەرجام کشایەوە وترامپ پێیوابوو کە بەرجام ڕێککەوتنێکی خراپە و دەبێ ڕێککەوتنێکی نوێ بەتایبەت لە سەر بەرنامەی ناوەکی و مووشەکی کۆماری ئیسلامی بکرێت. هاوکات لەگەڵ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، گەمارۆی تازەو قورسی خستە سەر کۆماری ئیسلامی بەتایبەت خامنەیی و سپای پاسداران و ئورگانە گرینگەکانی نیزیک لە خامنەیی، کە هەر لە سەرەتاوە وەک هەمیشە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی رەتیان دەکردەوە کە گەمارۆکان کاریگەرییان هەبێ. ساڵێک دواتر و ١٠ ڕۆژ پاش پێداگری ئەمریکا و تازە نەکردنەوەی مۆڵەتی کڕینی نەوت بۆ ئەو وڵاتانەی کە نەوتیان لە کۆماری ئیسلامی دەکڕی، ڕۆژی ٢٢ی گوڵانی ٩٨ی هەتاوی بە تەقاندنەوەی چوار کەشتی نەوتهەڵگر لە بەندەری فۆجەیرەی ئیمارات هەڕەشەکەی خۆی بردەسەر کە ئەگەر نەوتی ئێمە نەفرۆشرێ نەوتی هیچ وڵاتێکی کەنداویش نابێ بفرۆشرێ. مانگێک دواتر و هاوکات لەگەڵ سەردانی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە ئێران، ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ٩٨ دوو نەوتهەڵگری تری تەقاندەوە کە یەکیان ژاپۆنی بوو. ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردانی ٩٨ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکای لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان خستەخوارەوە کە ڕۆژێک دواتر دۆناڵدترامپ فەرمانی هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەرکرد بەڵام چەند خولەک پێش جێبەجێکردنی فەرمانەکەی هەڵوەشاندەوە. کەمتر لە مانگێک دواتر نەوتهەڵگری "گرەیس وان 'لە لایەن بریتانیاوە دەستی بەسەردادەگیرێ و دواتر کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر دوو نەوتهەڵگری بریتانیاییدا دەگرێ. ئەمانە هەمووی لە ئاستی قسەو هەڕەشەدا مایەوە کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانیش حاشایان لە هەموو شتێک کرد تا ڕۆژی شەممە ٢ی خەرمانانی ٩٨ هێرشێکی قورس کرایە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان و نیوەی هەناردەی نەوتی عەرەبستانی پەکخست، واتە دەستبردن بۆ خاڵێکی مەترسیدار و بڤە کە ئابووری جیهان دەخاتە مەترسییەوە. هەرچەند وەکوو پێشتر دەنگی حاشای کۆماری ئیسلامی لە زاری بەرپرسانەوە بیسترا و حوسییەکانی یەمەن واتە هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عەرەبستان هێرشەکانیان دایە پاڵ کۆماری ئیسلامی و هەموو بەڵگەکانیش سەلمێنەری ئەوەن کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ و لە باشووری ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر ئەو دامەزراوە نەوتییانە. ڕاستە کە عەرەبستان و کۆماری ئیسلامیش هەر کام بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە شەڕی یەمەندا بەشدارن، بەڵام ئەم هێرشەی دوایی کۆماری ئیسلامی دنیای وەدەنگ هێنا و لە هۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکاندا زۆربەی وڵاتان بە بیانووی هێرشەکەی سەر ئارامکۆوە هێرشێکی توندیان کردە سەر کۆماری ئیسلامی و بە ئاژاوەگێڕ و تێکدەری جیهان و ناوچەکە ناویان برد کە لە ڕێگەی تیرۆرەوە مەترسی بۆ سەر دنیا دروست کردووە، بۆ نموونە عەرەبستان ڕایگەیاند کە بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە١٠٠هێرش کراوەتە سەر وڵاتەکەی.