کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی گەمارۆکان و پەلەقاژەی کۆماری ئیسلامی

18:10 - 8 رەزبەر 2719

کاریگەریی گەمارۆکان وێڕای حاشای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، تەنگی پێهەڵچنیون و خەریکە لە داڕمان نیزیکیان دەکاتەوە، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی زیاتری خۆی لەسەر دەسەڵات ئامادەیە شەڕێکی کورتماوە دەسپێبکا کە ئاکامەکەی دیار نییە بە واتایەکی تر بۆ ئەوەی نەکوژرێت خەریکە خۆی دەخنکێنێت. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا بە ئەزموون وەرگرتن لە شەڕی ئەفغانستان و عێراق لە پێشدا دەیهەوێ لە باری ئابووریەوە کۆماری ئیسلامی تووشی داڕمان بێ ولە لایەکی دیکەشەوە هاوپەیمانی زیاتر لە دەوری خۆیدا کۆبکاتەوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی کۆماری ئیسلامی. بە بڕوای بەرپرسانی ئەمریکایی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی یان دەبێ چۆک دابدا و ڕێککەوتنێکی نوێ لە گەڵ وڵاتان و بەتایبەت ئەمریکادا ئیمزا بکا کە بەتەواوی بێهێز بێ یان بە هۆی گەمارۆکانەوە ژێرخانی ئابووری تێکچێت و خەڵکی ئێران بەرەوڕووی ئاخوندەکان ببنەوە کە لەم ڕێگەیەوە تێچوویەکی کەمی بۆ ئەمریکا هەبێ . دیارە کە کۆماری ئیسلامی بە ئیدئۆلۆژی شیعەگەری و مەزهەبییەوە بۆ باڵانسی هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە بەرانبەر وڵاتانی سوننی مەزهەبدا بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایش پێویستە، بەتایبەت بۆ ڕووسیە و چین کە زیاتر لە وڵاتانی دیکە خەریکی بردنی خاک و سەرمایەی ئێرانن بە بیانووی پشتیوانی لە ئاخوندەکان و حکوومەتەکەیان، بەڵام تا ڕاددەیەک کە گوێڕایەڵ بێ و نەبێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی زلهێزەکان، کە لێرەدا پارادۆکسێک هەیە و کۆماری ئیسلامیش هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هەوڵی ئەوەی داوە ببێتە زلهێزی ناوچەیی و جیهانی و بە تایبەت زلهێزو ڕێبەری وڵاتە موسوڵمانەکان، هەر ئەمەش وایکردووە کە چاوەڕوانی شەڕێک لە ناوچەکە بین کە خەسارەکەشی بە دڵنییایەوە زۆرە و یان ئەوەی کە خەڵکی ئێران بۆخۆیان بە تێچوویەکی کەمترەوە باروبنەی ئاخوندەکان تێکەوەپێچن.