کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی توندی ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی عەڕەبستان لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی

18:11 - 8 رەزبەر 2719

عادل ئەلجوبەیر، ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان سەبارەت بە وتووێژ و ڕێگە خۆشکردن بۆ دانیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئەوڕۆ لە دیدارێکی کەناڵی هەواڵدەریی "فاکس نیووز"دا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ماوەی چل ساڵە نە تەنیا دژ بە هەندێ یاسا و ڕێسای مرۆڤایەتی و مافی مرۆڤ ڕاوەستاوە، بەڵکوو بووەتە سەرئێشەیەکیش بۆ وڵاتی من و ئێستا مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئەم وڵاتە و نابێت دوای ئەو هەموو کردەوە تێرۆریستییانە و ئەو هەموو جینایەتانە لەوە زیاتر ڕێگەی پێ بدرێت، چوونکە دەتوانێ بە قازانجی خۆی و بە نامرۆڤانەترین شێوە دژ بە وڵاتانی عەڕەبی بوەستێتەوە. ناوبراو دوای ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی هێرشی مووشەکیی کردە سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی عەڕەبستان، وتی: "ئیمە پارچەکانی ئەو مووشەکانەمان لەبەر دەستدایە و ئەوە لەلایەن پسپۆڕانی شارەزاوە دیاریکراوە کە کاری کۆماری ئیسلامی بووە و لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەداین کە هاوئاهەنگی و هاوپەیمانەتیەک درووست بکەن کە دژ بە کردەوە تێکدەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت." شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی هیچکات وەکوو دەوڵەتێک و بە مەرجەعییەتی خۆی و بە ئەندازەی دەسەڵاتی دیپڵۆماتیکی خۆی سنووری کار و کردەوەکانی خۆی نەپاراستووە. جەواد زەریف و حەسەن ڕووحانی لەم دواییانەدا لە وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باسیان ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکە کە لە یاسا و هێڵە نێودەوڵەتییەکان لانادات، بەڵام بە ئاشکرایی دیارە کە کۆماری ئیسلامی بۆ بردنە پێشی ویست و داخوازییەکانی خۆی و پەرەپێدان بە تێرۆریزم، لە هیچ کردەوەیەک کە دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکانیش بێت خۆی ناپارێزێت.