کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵی و بەدڕەوشتی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی گرتۆتەوە

19:50 - 8 رەزبەر 2719

هەرچەند پێشتریش خەڵک باش دەیانزانی کە لە ژێر دروشمی مەزهەبی و ئایینیدا فەساد و گەندەڵی خۆی شاردۆتەوە و هەر لە درۆی خومەینی وەکوو بناغەدانەری هەموو ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیمەوە دەستیپێکرد، بەڵام نەبوونی مێدیای سەربەخۆ و ئازاد پێشی لە گشتگیربوونی زانیارییەکان دەگرت و خەڵکێکیش بڕوایان بە دروشمەکانی کۆماری ئیسلامی هەبوو. بە هاتنی تێکنۆلۆژی و کەرەستەی تایبەت بە ڕاگەیاندن و لەم دوایانەشدا تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و گشتگیربوونی هەواڵ دانە بەدانە گەندەڵی ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت ئەوانەی لە ناوەندە مەزهەبییەکاندان یان ئەندامی پلەبەرزی سپای پاسداران و نوێنەری مەجلیس و بە گشتی هەمووئورگانەکانی ڕێژیم دەردەکەوێ. بۆ نموونە و هەر تازەترین هەواڵ فیلمی جینایەت و دەسدرێژی 'ئەحمەدعەلی موقیمی" نوێنەری دەورەی ٨ و ٩ی بێهشەهر لە مەجلیسی ڕێژیم کە پێشتریش لە سپای پاسداراندا جێگری لێپرسینەوەی هێزی دەریایی سپای پاسداران و فەرماندەی ناوەندی بارهێنانی "سامێنول ئەئێمە" بووە بۆ سەر دوو ژن تا فیلمی فەسادی ئەخلاقی پارێزگاری "کۆهگیلوویە و بویرئەحمەد" لە گەڵ ژنێکی دیکەدا و تا دەستدرێژی و دوایش کوشتنی ژنەکان لە لایەن نوێنەرانی مەجلیسەوە هەتا دەگاتە لاپاڵی خامنەیی و" سەعید تووسی " و دەسدرێژی بۆ سەر منداڵانی قورئان خوێن کە زۆربەیان و بۆ نموونە "سەعید تووسی" نەک هەر لێپرسینەوەشی لە گەڵدا نەکرا بەڵکوو ڕێزی زۆرتریشی لێدەگیرێ و ئەمانەش نموونەیەکن لە خەروار کە ئاشکرا دەبن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە هۆی کەوتنی لەچکەیەک چەندین کەس لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدان و ڕۆژانە لە بەر دیاربوونی چەند تاڵ قژی ژنێک یان کچێک هەرا دەنێنەوە و ئیسلام دەکەوێتە مەترسییەوە و چل ساڵە بەردەوام ڕێوڕەسمی ئایینی و مەزهەبی بەڕێوە دەبەن و پارەیەکی زۆروزەوەندیش ساڵانە بۆ ئەم مەبەستە خەرج دەکرێت، کە چی کوێخا بۆخۆی ئیفلیجە و گاڵتە بە شەلیش دەکا.