کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین لە نەیشەکەری حەوت تەپپە بەبۆنەی دەر کردنی ٢١ کرێکارەوە

18:20 - 8 رەزبەر 2719

دوای چەندین ڕووداوی گرینگ سەبارەت بە کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپپە، ئەمجار بەرپرسی بەشی دارایی ئەو کارگەیە کێشە و گرفتە تاکە کەسییەکانی خۆی لە ڕێگەی دەرکردن و نەدانی مووچە بە کرێکاران جێبەجێ کردووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی تووڕەیی و ناڕەزایەتی دەربڕینی کۆمەڵێک لە کرێکارانی ئەو کارخانەیە و هەر بەو بۆنەوە خۆپێشاندانێک ڕێکخراوە. ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، بەرپرسی کارخانەی نەیشەکەری حەوت تەپپە، کۆتایی هاتنی پەیمان‌نامەی کاریی ٢١ کرێکاری ئەو ڕێکخراوەیەی بە نووسراوە بە کرێکارەکان ڕاگەیاندوە. هەندێ لەو کرێکارانە لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە ئیجازەی کارکردنیان لەو ناوەندە نەماوە، کۆمەڵێک لەو کەسانەن کە لە چاوپێککەوتن لەگەڵ ئیمامی جەماعەتی ئەهوازدا باسیان لە کێشە و گرفتەکانی کرێکاران لەو پارێزگایە کردبوو. هەندێکیشیان بەبۆنەی هاوکاری لە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپێشاندانەکانی کرێکاراندا چالاک بوون و هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە دادگای کۆماری ئیسلامی بڕیاریان لە سەر بدات و لە هەندێ ماف بێبەشیان کات. ئەو کرێکارانەی کە بۆ پشتیوانی لە هاوڕێیانی خۆیان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، ئەو کێشەیان بە کێشەی تاکەکەسیی بەرپرس و کرێکاران ناو برد و لەو بارەوە ناڕەزایەتییان نیشاندا. درووشمی ئەو کرێکارانە یەکگرتنی کرێکاران بوو و لەو بارەوە بە میدیاکانیان ڕاگەیاندبوو کە کرێکارەکان، ئاسایشی کارییان نییە و ناتوانن وەکوو مرۆڤێکی ئاسایی پیشەیەکیان بۆ دۆزینەوەی بژیویی ژیان هەبێت. کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپپە چەندین جار سەبارەت بە پێنەدانی مووچە و دەرکردنی کرێکاران لە کارەکانیان ناڕەزایەتییان دەر بڕیبوو و داوای مافی خۆیانیان کردبوو کە کەوتنە بەر هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و کەوتنە زیندانەکان و ئازار و ئەشکەنجە دران.