کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەوت ناوچەی زێڕ و بەردی ئاسن لە سەقز دۆزرانەوە

19:56 - 8 رەزبەر 2719

پاش کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەیەکی جوغرافیایی لە پارێزگای سنە، ٧ شوێن و ناوچە کە خاوەنی زێڕ و بەردی ئاسنە لە شاری سەقز دۆزرانەوە. جێگری ڕێکخراوی پیشەو و کانزاکانی پارێزگای سنە ، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند کە لەو ٧ ناوچەیە، ٣ ناوچە بە دڵنیاییەوە خاوەنی کانزای زێڕن. چاوەڕوان دەکرێ کە لەو سێ کانزایە زیاتر لە ١٧ تۆن زێڕی بێخەوش بدۆزرێتەوە و بۆ زیاتر لە ١٠٠٠ کەسیش هەلی کار بڕەخسێنێت. شایانی باسە کە شارەکانی کوردستان لە باری هەبوونی کانزا بەنرخەکانی زێڕ و زیو ناوچەیەکی دەوڵەمەندە لە ئێران، بەڵام بە هۆی مافیای ئابووری و گەندەڵیی ماڵی زیاتر تاڵان دەکرێ. هەروەها جێی‌ئاماژەیە کە کانی زێڕی "ساری گوونی" لە شاری قوروەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەنیا لەسەتا پەنجای زێڕی هەموو ئێرانی لێ بەرهەم دێت، ئەوە جگە لە زێڕی تیکاب کە ئەویش بەشێکی بەرچاو لە کۆی زێری ئێرانی لێ بەرهەم دێت. هەروەها بەرد و کانزاکانی دیکەی ڕۆژهەڵات و سەرچاوە ئاوییەکانی و تەنانەت خاک و خۆڵیشی لە لایەن دەست وپەیوەندییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە تاڵان دەبرێت و تەنانەت بواری کارکردن لەو شوێنانەش بە کوردەکان نادرێ و لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە کرێکاریان بۆ دێنن.