کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سپای پاسداران هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسڕائیل دەکا

14:19 - 9 رەزبەر 2719

فەرماندەی سپای پاسدران ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە حاڵی پاشەکشە دایە و گەمارۆکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئێران دانەناوە. حوسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسدران لە کۆبوونە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە ئەمریکا لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا نائومێد بووە و خەریکی پاشەکشەیە. سەلامی لە درێژەی وتەکانیدا گوتی: "ئیمپڕاتۆری ئەمریکا هێواش هێواش بەرەو لەناوچوون دەچێ". هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە بۆ لە ناوبردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل هەموو کار ئاسانییەک کراوە و ئێمە لە هەموو شوێنێک دەتوانین هێرش بکەینە سەر دوژمن. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا فەرماندەی هێزی دەریایی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ئێمە هەموو جۆرە چەکێکمان لەبەر دەستدایە و تەنیا ترسمان لە هێندێک بەکرێگیراوی نێوخۆ هەیە. لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند کە دوای خستنە خوارەوەی پەهپادەکەی ئەمریکا، ئیتر فڕوفیشاڵی ئەمریکا بۆ جیهان دەرکەوت. ئەمە قسەی دەمڕاستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە دەمێکە بەو فڕوفیشاڵە دەیانهەوێ خەڵک فریو بدەن و ئێران بەرەو وێرانی بەرن. کاربەدەستانی ڕێژیم لە تاران خەریکی هەڕەشەکردنن و لە دەرەوەی ئێرانیش باس لە مافی مرۆڤ و خەریکی ڵاڵانەوە و پاڕانەوەن بۆ ئەوەی بکەونە بەر ڕەحمەتی دەوڵەتانی جیهان. هێزوتوانای سپای ئەمریکا و سپای تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو کەس ڕوونە و خۆشیان ئەو ڕاستییە دەزانن کە هێز و توانا و تێکنۆلۆژیان عەرز تا ئاسمان جیاوازە و لە کاتی شەڕدا زەحمەتە بتوانن مانگێک لەبەرابەر ئەرتەشی پۆشتەوپەرداخی ئەمریکا و ئیسڕائیل دا خۆڕابگرن، بەڵام بەم فڕوفیشاڵ و هەڕەشانە تەنیا ئێران لە نێو بیروڕای گشتی جیهان زیاتر تەریک دەکەنەوە و خەڵک برسی و جیهان دەکەنە دوژمنی خۆیان. لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ئەوە هەر ئەو هەڕەشە و فڕوفیشاڵانەن کە ئێران گەیشتۆتە جێگەیەک کە توانای فرۆشتنی بەرمیل نەوتێکی نییە و وەزیری دەرەوەی لە باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتوەکان تەنیا توانای هاتوچۆی چەند سەد میترێکی هەیە و ناتوانێ لە نەخۆشخانە سەردانی هاوڕێ تێرۆریستەکەشیی بکا. ئەوە ئاکامی ناکارامەیی و سیاسەتی ئاژاوەگێڕی و بەرهەمی کارە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمەیە کە چل ساڵە لە بڵیندگۆکانەوە خەریکی جنێو و هەڕەشە و لەنێوخۆشدا خەریکی سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ئێرانە.