![](/files/jash-1.jpg)
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوون، چەند چەکدارێکی بەکرێگیراوی ڕێژیم لە سەرچناری ناوچەی چۆمی مەجیدخانی مەهاباد خەریکی دزی و ڕاووڕوتن و ڕێژیمیش هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵ ناکا.
ئێستا بەشێک لە خەڵک بە ناچاری لە دەرەوە لەنێو زەوی و زارەکانیان دەخەون بۆ ئەوەی ماڵ و سامانیان لە دەست ئەو دزە بەکرێگیراوانە پارێزراو بێ.
خەڵکی ئەم ناوچەیە لە دەست ئەو بەکرێگیراوانە وەزاڵە هاتوون و داوا دەکەن بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر ئەو کەسانە لەنێوخەڵکدا ڕیسوا بن، ناوەکانیان لە راگەیاندنەکانی حیزبدا بڵاو بکرێتەوە.
دزی و ڕاوڕووت و ئازاردانی خەڵکی هەژار و بێدەرەتان پیشەی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لەسەرەتای هاتنی لەشکری تاڵانچی ئەو ڕێژیمەوە بۆ کوردستان، ئەو دزی و تاڵانە دەستی پێکردوە و هەر ڕۆژە لە شوێنێک و لە ناوچەیەک ئەو کردەوە دزێو و قێزەونە دووبارە و چەند بارە دەکرێنەوە و ڕێژیمیش ئەو کەسانە زیاتر هاندەدا تا زیاتر خەڵک ئازار بدەن.
ناوی چەند کەس لەو دز و تاڵانچیانە بە ئێمە گەیشتووە و ناوەکانیان لەلای تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پارێزراوە و ئەگەر ئەو چەتانە دەست لەو کردەوە هەڵنەگرن، ئێمە لە تەلەڤزیۆنی کوردکاناڵ و ماڵپەڕەکانی دیکەی ڕاگەیاندنی حیزبەوە بۆ بیروڕای گشتی خەڵکی کوردستان ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە.