کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موحەممەد بن‌سەلمان: کۆماری ئیسلامیی بەرپرسی هێرشەکانی سەر عەڕەبستانە

16:19 - 9 رەزبەر 2719

موحەممەد بن سەلمان، جێگری یەکەمی مەلەک عەبدولعەزیز، پادشای یەکەمی سعوودیە، لە وتوێژێکی چەند خولەکی لەگەڵ کەناڵی هەواڵدەریی ''سی بی ئێس'' دا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی شێرپەنجەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و عەرەبستانی سعوودی ئێستراتێژییەکی تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی هەیە و سیاسەتێکی نوێ بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو وڵاتە دیاری دەکا. شایانی باسە کە ناوبراو لەو وتووێژەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویست ناکا هەموو جیهان بزانێ ئێمە وەکوو عەرەبستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کێشەمان هەیە، بەڵام دەبێ وڵاتانی دەسەڵاتدار و زلهێز پشتیوانی ئێمە بن بۆ سەرکوتی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی وهەروەها مەحکووم کردنی هێرشەکان بۆسەر پاڵاوگە نەوتییەکانی ئارامکۆ. بن سەلمان لە درێژەدا ووتی: کە کۆماری ئیسلامی لەم کاتەدا کە لەژێر باری قورسی گەمارۆکاندا پشتی چەماوەتەوە، بەڵام عەرەبستان لە ئەگەری ڕوودانی هەر چەشنە شەڕ و تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران، حووسییەکانی یەمەن و هەر دەستەیەکی دیکە ئامادەی بەرەنگاربوونەوەیە و تەنانەت ئەگەری ئەوەش زۆرە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا شەڕێک بێتە ئاراوە. ناوبراو لە درێژەدا زیادی کرد کە لە ئێستادا هەر هێرشێک بکرێتە سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی بەقیع و مەیدانی نەوتیی خەریس، ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە بە بەرپرسی ئەو کردەوانە دەناسرێت. جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە تێکدەرەکانی لە ناوچە، بوونەتە مایەی ترس، شەڕ، جینایەت و تێرۆر. هێرشی مووشەکی بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی دیکە لە وڵاتانی دراوسێ و دەیان کردەوەی دژە یاسای و تێکدەرانە وایکردووە کە کۆماری ئیسلامی بە شێرپەنجەی ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست بناسرێت. گەمارۆکانی ئەمریکا و گوشارەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بوونەتە ئامرازی گوشارێک لەسەر ئەو ڕێژیمە تاکوو تەسلیمی ویستی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بێ و ئارامی و ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ ناوجەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.