کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ لە زمانەکەی ئێمە دەترسن؟!

13:50 - 17 رەزبەر 2719

کرانەوەی خوێندنگەکان و دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران و کوردستان دیسانەکە ئەو پرسە گرینگەی ورووژاند کە ئایا کاتی ئەوە نەگەیشتوە کە سەرەتاییترین مافی منداڵانی غەیرە فارس... لەمە زیاتر پێشێل ‌نەکرێ و ئەسڵی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک بخرێتە بواری جێبەجێ کردن؟ ئەو پرسە یاساییە لە کاتێکدایە کە هەم یەکێک لە خاڵەکانی لێپرسینەوە (استیضاح) لە وەزیری پێشووی پەروەردە و ڕاهێنان بوو، هەم موحسێن حاجی‌میرزایی، وەزیری نوێی ئامووزش و پەروەرش بە ڕاشکاوی خۆی بە زامنی جێبەجیکردنی ئەو بابەتە ناو برد. ڕاستە ئەسڵی ١٥ لە یاسای بنەڕەتیی ئێران کەمترین و کورتکراوەترین مافی نەتەوەیی گەلانی نێو جوغرافیای ئێرانە کەچی بەو حاڵەش ناوەندەکانی پێوەندیدار بە جێبەجێکردن و مەیدانیکردنی ئەم ئەسڵە بە ترس و لەرزەوە باسی دەکەن و لێرەدایە ئەم پرسیارە ساز دەبێ کە ئاخۆ بۆ لە زمانی من دەترسن؟! بە سادەترین پێناسە زمانی زگماک، وڵاتی دایکت بۆ زیندوو دەکاتەوە و هەر بۆیە بە تەبیعەتی داگیرکەران و دیکتاتۆران باشترین ڕێگا بۆ داگیرکاری و دەسەڵاتدارەتی کپکردن زمان و ناسنامەی نەتەوەییە. هەروەها بەپێی پەسندکراوەکانی مافی مرۆڤ خوێندن و نووسین بە زمانی دایک و گەشەی زمانی نەتەوەیی لە وڵاتانی پلوڕاڵ بابەتێکی حقووقی و ئەخلاقییە. لە سۆنگەی ئەخلاقەوە ئازادیی هیچ تاکێک نابێ کورت بکرێتەوە و لێی زەوت بکرێ، مەگەر ئەوەوی کە ئازادیی ئەو زیان بە ئازادیی کەسانی دیکە بگەیەنێ. مادام مافی قسەکردن و بەکارهێنانی زمانی دایک لە کۆمەڵگە یەکێک لە ئازادییەکانە، کەواتە پێشێلکردنی ئەو مافە ئەوپەڕی خۆسەپاندن و دیکتاتۆرییە، چونکە ئەو ئازادییە فەرهەنگییە، ئازادیی هیچ کەس و لایەنێک دیکە ناباتە ژێر پرسیار و خەوشداری ناکا. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی هەم دەسەڵاتدارانی ئێستا ئێران پرسی زمانی گەلان بە مەترسی دەزانن و لێی تۆقیون؛ هەم زۆر لە ئۆپۆزیسیۆن و دژبەری ئەم رێژیمە تووڕەیی خۆیان لەو مافە گرینگە ناشارانەوە و، لە ئێستادا ئەگەر بەئاشکرا حاشاشی لێ نەکەن دەیخەنە نێو چوارچێوەیەکی زۆر تەسکەوە؟ ئەوە چونە لایەن و کەسانێک کە ئیدیعا دەکە بۆ ئازادی و دێمۆکراسی خەبات دەکەن بەڵام لە ئێستاڕا سەرەکیترین مافی نەتەوەیی گەلان نادیدە دەگرن و لەسەر خۆیان بە مەترسیی دەزانن! بێگومان ئەو ترسە دەگەڕێتەوە بۆ گرینگیی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی کە ڕیگە لە هێژمۆنیخوازیی فەرهەنگی و سیاسیی نەتەوە سەردەست و دەسەڵاتەکان دەگرێ. بە چاو خشاندنێک بە مێژووی بزاڤە کوردییەکان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مافە میللی و دێموکراتیکەکان سەرەکیترین ویست و داخواز بووە و هەر بەو پێیەش پەرەپێدان بە زمانی دایک لە ڕەوتی خەباتی شوناسخوازیی نەتەوەییدا جێگە و بایەخی تایبەتیی هەیە. هەر بۆیە بزووتنەوە شوناسخوازەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکرات بەو باگراوەندە فەرهەنگی و سیاسییە کە هەیەتی، پرسی «زمان و کێیەتی» بە کاکڵی شۆڕشی مافخوازانەی خۆی دەزانێ و هەر لە کۆماری کوردستانەوە تا قوناغەکانی دیکەی خەبات و تێکۆشان، بە قەدەر مەجال و ئیمکاناتەکەی خەمخۆرانە هەوڵی بۆ زیندوو ڕاگرتنی زمانی کوردی داوە، ئەوەش لەو باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێ کە زمان قفڵ و پاوەنی یەخسیری دەکاتەوە. ڕوونە ئەگەر گەلی کورد لە کوردستانی ئێران زیاتر لە گەلانی دیکە پێداگرە لە سەر زمانی نەتەوەیی بۆ ئەم دوو هۆکارە دەگەڕێتەوە: یەکەم، خەباتێکی مافخوازانەو شۆرشگێرانە کە کاریگەریی داناوە لەسەر وشیاریی خەڵک و مافویستییەکەی؛ دووهەم، گەشەی بیر و هزری کۆمەڵگە و بەربڵاوی سۆشیال میدیا. هەر بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە چەندین ساڵە هەوڵە فەرهەنگییەکان لەو بەشەدا چڕتر بووەتەوە بە دڵنیاوە دەتوانین بڵێین خاوەنی کیانی فەرهەنگییە و مەترسی لەنێوچوونی زمانی کوردی نەماوە. بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئەمەیە کە گەشەی زمان پێویستیی بە سیستمی پەروەردە و ناوەندی زانستییە کە بتوانێ لە خوێندنگە و قوتابخانەکانەوە وهەر لە منداڵییەوە زمانی دایک و شکڵگرتنی کەسیەتیی منداڵان پێکەوە گرێ بدا. کە بەداخەوە ئەو مەجالە لە ئێراندا بە نەتەوە غەیرە فارسەکان نادرێ و ئەمە نموونەی هەرە بەرچاوی پیشێلکردنی مافە ئینسانی و ئەخلاقییەکانی کە ڕێژیم دەیکا. پرسی زمان لە ئێران مخابن بووەتە پرسێکی سیاسی و ئەمنی و تەنانەت سنوورەکانی کۆماری ئیسلامیشی تێپەڕاندوە و لە کەسانی دژ بە دسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیشدا دژایەتی کردن لەگەڵ مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک لە ئێستادا دەبیندرێ. هەر بۆیە ئەرکی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و قەڵەمبەدەستان و نووسەرانی کوردە کە بەرانبەر هەرچەشنە ڕوانینێکی شووێنیستی ڕاوەستن و ئازایانە هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی ئازادییەکان کە وەک باس کرا زمان و ئەدەبیاتی نەتەوەیی، بەها و نرخی تایبەتیی خۆی هەیە. کۆتا قسە، کاتێک فەڕانسەوییەکان داگیرکەرانی ئەو وڵاتەیان ڕاو نا، ژێنڕاڵ «دۆگۆل»، «ئاندرە مووروا»ی ڕۆمانووس و بیرمەندی فەڕانسەویی ڕاسپارد هەتاکوو بەرپرسایەتیی وەزارەتی پەروەردە و ڕاهێنانی ئەو وڵاتە لە ئەستۆ بگرێ. مووروا ڕایگەیاند کە ئەمن بەر لە هەموو شتێک منداڵان فێری زمان و ئەدەبیاتی فەڕانسە دەکەم، بۆوەی بە هەستێکی نەتەوەیی و شوناخوازییەوە پەروەردە ببن. هەر بۆیە ئەگەر زمانی نەتەوەیی بۆ دیکتاتۆران جێگای ترسە، بۆ منی ئازادیخواز دەلاقەیەکە بەرەو ئاسۆی ڕوون.