کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعدام لەپێناو مانەوەدا

13:55 - 17 رەزبەر 2719

دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە سێ ڕۆژدا (ڕۆژانی 3 و 5 و 8 ڕەزبەری ئەمساڵ) 8 بەندکراوی کوردی لە سێدارەدا. بە ئێعدامکرانی ئەو 8 کەسە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی ئەمساڵدا لە کوردستان ئێعدام کراون، گەیشتە 29 کەس. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ساڵی ڕابردووش لانیکەم 49 زیندانیی کوردی لە دار دابوو. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە فرچکی بە خوێن و کوشتن و کوشتوبڕ گرت. ئێعدام، بە تایبەت ئێعدامی سیاسی هەر لەگەڵ یەکەم ڕۆژەکانی دەسپێکی تەمەنی ئەم ڕێژیمە و حەوشەی قوتابخانەی «ڕیفاه» لە تاران و بە حەزفی فیزیکیی کاربەدەستانی ڕێژیمی پێشوو دەستی پێکرد. لەگەڵ لەشکرکێشیی ڕێژیم بۆ کوردستان، کورد زۆر زوو بووە قوربانیی سیاسەتی تەناف و سێدارەی ڕێژیم و لە چوار دەیەی ڕابردوودا پشکی شێری لە ئێعدامەکاندا بەرکەوتوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ ڕا هەتا ساڵێ ١٣٩٥ی هەتاوی پتر لە ٦١ هەزار کەسی لەو وڵاتەدا لەدار داوە. ئێعدامەکان لە ئێران هەر تابعی قانوون و هەلومەرجی نین، چاوخشاندن بە ئاماری چەند ساڵ ڕابردوو پێمان دەڵێن کە سزای ئێعدام لە ئێران دەتوانێ ڕەهەندی سیاسیی بۆ مامەڵە لەگەڵ دنیای دەرەوەش هەبێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەپێی حەشیمەتەکەی پتر لە 40 ساڵە لە ڕیزی هەرە سەرەوەی وڵاتانی جێبەجێکەری ئیعدام لە دنیایە، لە ساڵی 1394ی هەتاویدا 970 کەسی لەدار دابوو. دوای بەرجام و لە ساڵی 1395دا ژمارەی ئێعدامەکان لە ئێران 580 کەس بوو، لە ساڵی 1396دا ئێعدامەکان بوون بە 390 کەس. بەڵام لەگەڵ ئاڵۆزبوونەوەی پێوەندییەکانی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانی لە ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی ئێعدامەکان لە ساڵی 1397 لە 570 کەس تێپەڕی. له‌و 570 ئێعدامه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ له‌ ئێران له‌ ساڵی ڕابردوودا، 205 ئێعدامیان پێوه‌ندیدار به‌ تاوانه‌کانی مادده‌ی هۆشبه‌ر بووه‌ و 240 حاڵه‌تیان پێوه‌ندیی به‌ کوشتنه‌وه‌ (قه‌ساس) بووه و یه‌که‌مجاره‌ که‌ پشکی ئێعدامه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ئێران که‌متره‌ له‌ تاوانه‌کانی دی. هۆکارێکی ئه‌وه‌ بۆ ئه‌و فشاره‌ زۆره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له‌و سۆنگه‌یه‌ له‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی بووه‌. له‌ ئێستادا مەجلیس دەیەوێ بە پەسندکردنی قانوونێک سزای ئێعدام لەسەر به‌شێک له‌ تاوانه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر هەڵبگرێ و سزای زیندان و جێگرەوەی دیکەیان لە بری ئەوە بۆ لەبەرچاو بگرێ. مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بە ڕەسمیش داوای لە دەزگای قەزایی کردوە هەتا یەکلابوونەوەی ئەو قانوونە دەست لە ئێعدامکردنی زیاتر لەو 5 هەزار کەسە بپارێزێ کە لەو سۆنگەیەوە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە؛ بەڵام دەزگای قەزایی بێ‌گوێدانە ئەو داوایە که‌م و زۆر، به‌ڵام به‌ پارێزی زیاتره‌وه‌ لە جێبەجێکردنی سزای ئێعدامەکان بەردەوامە. ئێستاش کە نیوەی یەکەمی ساڵی 1398مان بەڕێ کردوە، ئەوەندەی زاندراوە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە 300 کەسی لەدار داوە. بەردەوامیی سزای ئێعدام لە ئێران لە حاڵێکدایە کە لە 193 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان 170 وڵاتیان سزای ئێعدامیان هەڵگرتوە و، کەمپینی هەڵگرتنی سزای نامرۆڤانە و دواکەوتووانەی ئێعدام لە سەرانسەری دنیا بە گوڕوتینی زیاترەوە کار و هەوڵەکانی بەرەوپێش دەبا. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ ئامانج لە سزای ئێعدام جێبەجێکردنی دادپەروەری و سەقامگیریی ئەمنییەتە، بەڵام بەدەر لە ئامانجە سیاسی و شاراوەکانی ڕوونە لە ئێعدامدا ئەوەی نەبێ عەداڵەت و دادپەروەرییە، چونکی کاتێک کەسێک لەدار دەدرێ، نامێنێ هەتا لەئەگەری دەرکەوتنی بیتاوانییەکەی، پاکی و کەرامەتی بۆ بگەڕێندرێتەوە. کەم نەبوون کەسانێک کە بە تۆمەتی تاوانی نەکردووی کوشتن و .... لەدار دراون و دواتر دەرکەوتوە کە تاوانبار کەسێکی دیکەیە و تازە کار لە کار ترازاوە. پاشان لە مەسەلەی کوشتنەوەدا ئەوەندەی بۆ عەداڵەت و دادپەروەری دەگەڕێتەوە خۆی لە جێدا خەوشدارە، چونکی ئەگەر کەسێک بە دەستی کەسێک بەکوشت چووبێ، خاوەنی ماف خۆیەتی، واتە کەسە کوژراوەکە نەک خوێنگر و کەسوکاری. بۆیە عەداڵەت ئەوە نییە کە ژیان لەویش بستێندرێ، بەڵکوو ئەوەیە پەرورەدەی کۆمەڵگە جۆرێک بێ کەس مافی ئەستاندنی ژیانی خەڵکی دیکەی نەبێ؛ شتێک کە کۆماری ئیسلامی نەک کاری بۆ ناکا، بەڵکوو پێچەوانەکەی گرتووەتە بەر و ئێعدام وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە سەیر دەکا و بەکاری دێنێ. یان ڕێژیم ئەگەر مەبەست لە ئێعدام بۆ سەقامگیریی ئەمنیەت دەکا، مەبەست ئەمنییەتی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو دەسەڵات و هەیمەنەکەیەتی. لەبەر ئەوەی دەبینین لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا کە ئێران بە نیسبەت حەشیمەتەکەی پلەی زۆرترین ئێعدامی لە دنیادا هەیە، لە ئێستادا لە ڕووی تاوان و جینایەت و لادان و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان داڕماوترین کۆمەڵگەیە؛ ئەدی چۆنە ئەو هەمووە ئێعدام و کوشتنانە ئەمنیەت و دڵنیایی لە وڵاتدا چێ نەکردوە؟ ئەوەی لە پرسی کوشتنەوە و بەردەوامیی ئێعدامەکانیشدا نابیندرێ یان گرینگیی پێ نادرێ، بڕەودان بە هەستی تۆڵەکردنەوەیە کە بەردەوام لە نێوان بنەماڵەکانی بکوژ و کوژراو و دواتر دیسان کوژراو و بکوژدا دەمێنێ و لە کۆمەڵگەدا رەگ دادەکوتێ. بۆیە ئێعدام جیا لە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا، دەتوانێ سووڕی باتڵی تاوان و تاوانکاریشی بەدوودا بێ کە هێناویەتی. ئەوەی دەبێ لێرەدا ئاماژەی پێبکرێ ئەوەیە کە دژایەتی لەگەڵ سزای ئێعدام بەمانای بەهیندنەگرتنی تاوان و جینایەت بەتایبەت کوشتنی بەئانقەست نییە، بێگومان کوشتن و تێدابردنی ژیانی ئینسانەکان گەورەترین تاوان و کردەوەی نامرۆییە و پێویستە کەسی بکوژ و تاوانبار سزای خۆی وەرگرێ. ئەوەی لێرەدا گرینگە تێکەڵ نەکردنی دوو کانسێپتی تۆڵە و دادپەروەرییە. بەڵام وەک گوترا، هۆکار بۆ دژایەتی لەگەڵ سزای ئێعدام دەکرێ پشت بە کۆمەڵێک فەکت ببەستێ، وەک ئەوەی سزای ئێعدام گەڕانەوەی بۆ نییە و قەرەبوو ناکرێتەوە؛ یان ئەوەی سزای ئێعدام ناتوانێ بەرگێرەوە بێ و؛ یان ئەوەی ئێعدام خۆی کوشتنە و بڕەودانە بە کولتووری توندوتیژی و کوشتنەوە، بەتایبەت ئەگەر بەبەرچاوی خەڵکی دییەوە بێ. بۆیە ئێعدام ناکرێ لەژێر هیچ بیانوو و پاساوێکدا بەرگریی لێبکرێ، چونکی خۆی خەسار و زیانێکی قورسی کۆمەڵایەتییە. لە ڕووی سیاسی و مەنتیقی کۆمەڵایەتیشەوە بەڕەسمی ناسینی ئێعدام وەک کردەیەکی ڕێگەپێدراوی قانوونی، بەمانای شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ و بێبایەخ کردنی ژیان و گیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە و ڕێگە بۆ کوشتنی سیاسی و دەوڵەتیش خۆش دەکا. ئەمە بۆ کۆماری ئیسلامی ڕێک لەجێی خۆیدایە. هۆکاری سه‌ره‌کیی سزای ئێعدام له‌ ئێران په‌ره‌پێدانی ترس و تۆقاندنه‌ له‌ ئێران بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ڕێ له‌ سه‌رهه‌ڵدان و دژبه‌رایه‌تی بگرن، چونکی کۆماری ئیسلامی نیزامێکی سیاسیی توتالیتێرە کە بناغەی دەسەڵاتەکەی لەسەر کوشتن و حەزفی فیزیکیی نەیاران و سەپاندنی کەشی سەرکوت و تۆقاندن ڕاگرتوە. وەک لە سەرەتای نووسینەکەشدا هات دەزگای قەزایی و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە 60 هەزار کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتەیان ئێعدام کردوە کە هەزاران کەس لەوان کوشتنی سیاسی بوون. لەم نێوەدا سروشتی ئیعدامه‌کان له‌ کوردستان له‌ چاو ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران جیاواز بووه‌. ئیعدامی سیاسی له‌ کوردستان له‌ سه‌ر بنه‌مای « هه‌وڵی تێکۆشەرانی سیاسی بۆ دژایه‌تیی کۆماری ئیسلامی» و « به‌ دژه‌خودا ناسینی چالاکانی سیاسی» و به‌مجۆره‌ به‌ موسته‌حه‌ق زانینی ئه‌و که‌سانه‌ به‌ مه‌رگ و سێداره‌ ڕه‌وتێکی نه‌پساوه‌یه‌ و‌ به‌رده‌وام لاهێزی ده‌ستی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌رکوتی نه‌یارانی سیاسیی بووه‌ و؛ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ کۆمه‌ڵگەی کوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان تێچوویه‌کی زۆریان داوه‌. تەنیا لە کوردستان بەپێی ئاماری ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە زیاتر لە 2300 ئەندام، پێشمەرگە و چالاکی سیاسیی کورد بە بڕیاری دەزگای قەزایی و تیمەکانی تێرۆری ئەم ڕێژیمە ئێعدام کراون. کۆماری ئیسلامیی ئێران لای وابوو کە بە ئێعدام و کوشتن و تێرۆرەکان دەتوانێ جووڵانەوەی کورد لە پێ بخا، هەوڵێکی بێ سەمەر و ئاسنی ساردکوتان؛ چونکی ئه‌گه‌ر ئیعدام‌ و له سێداره‌دان ‌و زیندان و سەرکوت پێشێ بە پەرەسەندنی خه‌بات بۆ ئازادی ‌و ڕزگاری گرتبا، هه‌ر له دوای له سێداره‌دانی پێشه‌وا و ڕووخانی کۆماری کوردستان ده‌بوا بزووتنەوەی سیاسیی کورد و خەبات بۆ شوناس و مافخوازی لە پێ کەوتبا و کەس لە کوردستان باسی له ماف ‌و ئازادییه‌کانی نه‌کردبا، به‌ڵام ده‌بینین ئەم سیاسەتەی ڕێژیم خەباتی مافخوازانەی کوردی نەک پێ بنکۆڵ نەبووە، بەڵکوو ئەم بەرگری و شوناسخوازییە لە هەموو ڕەهەند و بوارەکاندا پەرەی سەندوە و ڕێژیمی بەرەوڕووی ئاستەنگ و چالنج کردوە. لە ئێستاشدا کە ڕێژیم چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سیاسی خەریکە دادەڕمێ و مەترسیی هەڵچوون و ڕاپەڕینی خەڵک پتر لە هەموو کاتێک هەست پێدەکا، بە لێبڕاویی زیاترەوە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت و یەک لەوان ئێعدام لە دژی خەڵک ئەویش بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە دەکار دەکا. هەڵبەت لە کۆتایی ئەم بابەتەدا ناکرێ باس لەوەش نەکەین کە کۆسپێکی دیکە لە بەردەم مانەوەی ئێعدام لە ئێران بەشێک لە کۆمەڵگەیە کە بە گەڕانەوە بۆ دەقە ئایینییەکان و خوێندنەوەی بەراوەژوو بۆ چەمکی عەداڵەت، لایەنگری سەپاندنی ئەم سزایەن بەسەر تاوانباراندا. ئەوەش تەواو بە دڵی ڕێژیمە و ئەوەندەی بۆی دەکرێ لەو ئامادەییە زەینییەی ئەم بەشەی کۆمەڵگە کەلکی خراپ بۆ مەبەستە سیاسی و ئەمنیەتییەکانی وەردەگرێ. لایەنگرانی نەمانی سزای ئێعدام لە ئێران جیا لە خەبات لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و قانوونە پاشکەوتووەکانی بە مەبەستی گۆڕینی ئەم نیزامە سیاسییە، پێویستە کاری ڕۆشنگەریی پتر لە ئاستی کۆمەڵگەشدا بکەن؛ بۆوەی تەواوەتیی کۆمەڵگە لەگەڵ ئەم باوەڕە بخەن کە هێڵێکی سوور بەسەر سزای ئێعدامدا بکێشرێ و لە بری ئەوە سزای قورسی جێگرەوەی وەک زیندانیی درێژخایەن دابندرێ.