کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاشسازی و جاشپەروەری، پیلانێک و شکستێکی دی بۆ ڕێژیم

04:21 - 1 خەزەڵوەر 2719

کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەیشتنی بە دەسەڵات هەر زوو سیاسەتی سەرکوتی کەمینە ئەتنیکییەکانی گرتە بەر و لەو نێوەشدا ئەوپەڕی لەسەر نەتەوەی کورد بوو. لەکوردستان بۆ ئەوەی هێژمۆنیی خۆی داسەپێنێ بەهەموو شێوەیەک و لە هەموو ئیمکاناتی بەردەستی و هەموو جۆرە تاکتیکێکی نیزامی بۆ خاشەبڕکردنی جووڵانەوەی کورد کەلکی وەردەگرت. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لەسەرەتاوە هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کە ڕێگەیەکی گونجاو بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەی کورد بدۆزێتەوە. بەڵام هەموو هەولەکانی بێ ئاکام مایەوە و کۆماری ئیسلامی زۆر بێبەزەییانە هێرشی کردە سەر خەڵکی کوردستان و، هێزی پێشمەرگەش وەک قەڵایەک لە کوردستان خۆڕاگری لە بەرامبەر لەشکری ڕەشی ئیسلامیدا نیشان دا. ڕێژیم لەسەرەتاوە لە هەستی مەزهەبی و عەشیرەیی کەلکی وەرگرت و توانی ژمارەیەک خەڵکی ساویلکە هەڵفریوێنێ و بەدژی ڕۆڵەکانی گەلی کوردی‌ بەکار هێنان. ئەلحەق لە هێندیک شوێنیش بوونە کۆسپی سەر ڕێگای جووڵانەوە و لە جووڵەی پێشمەرگەشدا بوونە کۆسپی سەر ڕێگای تێکۆشان. دەمانهەوێ لە «هەگبەی شاخ و شۆڕش»ی ئەمجارەدا ئەو لایەنە بپێکین کە چۆن خەڵک وشیار بۆتەوە و بەکارهێنانی تاکتیکی ڕێژیم لە بەرامبەر هێزی پێشمەرگە بە وشیاری و هاوکاریی خەڵک لەگەڵ پێشمەرگە نەک پووچەڵ بۆتەوە بەڵكوو دوژمن زەبری قەرەبوو نەکراویشی لێکەوتووە. دیاردەی جاشسازی لە قامووسی کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەی جۆراوجۆر زوو سەری هەڵدا و، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا هەر زووش هەڵخەڵەتاوەکان چەکیان فڕێ دەدا و ئامادە نەبوون شەڕی دژی پێشمەرگە بکەن و، ئەوەش لەوە سەرچاوەی دەگرت کە سیاسەتی ئوسوولیی حیزبی دێموکرات یارمەتیی زیاتری بە توندتر بوونی ئەو ڕەوتە کرد و لێرەدا بە تایبەتی باس لە ناوچەی هەوشار و چۆنیەتیی بەرەوڕوو بوونیان لەگەڵ ئەم سیاسەتەدا دەکەین. پاش چەند ساڵ شەڕ لەکوردستان، ناوچەی هەوشار یەکێک لە ناوچە گرینگەکانی کوردستان بەهۆی هاوسنوور بوون لەگەڵ ئازەرییەکان گرینگییەکی زۆری پێ دەدرا. خەڵکی خەباتگێڕی دێموکرات‌پەروەری ئەم ناوچەیە، هەمیشە بە دڵەوە لایەنگری حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون‌ و باشترین‌ و بەوەفاترین ڕۆڵەکانی خۆیان ڕەوانەی ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردوە و، زۆریش ئازایانە دژ بە سیاسەتی چەپەڵی کۆماری ئیسلامی وەستاونەتەوە. هێزی قارەمانی هەوشار لە زۆربەی ناوچەکان و بەندەنەکانی هەوشار لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبدا قارەمانەتی ‌و ئازایەتیی کەموێنەیان نواندوە کە بۆ هەتا هەتایە لە مێژووی خەبات ‌و بەربەرەکانیی گەلەکەماندا بەڕێزەوە یادی دەکرێ. سیاسەتی جاشسازی لە ناوچەی هەوشاریش کەمتر لە ناوچەکانی دیکە نەبوو. بەڵام کۆماری ئیسلامی سەرەڕای شکستی سیاسەتی جاشپەروەری دەستی هەڵنەگرت. پەرەپێدانی سیاسەتی کوردستانی کردنی شەڕی کردە ئامانج، واتە لەجیات ئەوەی هێزی داگیرکەری خۆی بێنێ لەکوردستان بەکوشتیان بدا شەڕەکەی دەکردە کوردستانی و شەڕی کوردی بە کورد دەکرد. جا هەر بەم مەبەستە لە ئاستێکی بەربڵاودا دەستیان کرد بە سیاسەتی جاشسازی و بەزۆر چەکدار کردنی خەڵک، کە ئەم سیاسەتە زۆر بە زیانی جووڵانەوەی کورد بوو. بۆ بەرپەرچ دانەوەی پیلانی گڵاوی ڕێژیم، لەسەراسەری کوردستان ڕادیۆ کوردستان لە لایەک، کادر و پێشمەرگەکانی ناوچە و خەڵکی وشیاری کوردستانیش لە لایەکی دیکەوە شان بەشانی ڕۆڵەکانیان هەموو ئەو کەسانە و بنەماڵەکانیان ئاگادار کردەوە کە ئەو پڕۆژەی ڕێژیم هۆنیویەتەوە زۆر مەترسیدارە. بۆ دژایەتی لەگەڵ ئەم پیلانەی ڕێژیم حیزبی دێموکرات بە هەر شێوەیەکی گونجاو بەرەوڕووی دەبۆوە، چ بە کاری تەبلیغی چ بە کردەوە لە باری نیزامی. تێکۆشەرانی دێموکراتیش لە ناوچەی هەوشار بەهەموو شێوەیەک دەستیان بە تەبلیغاتی خۆیان کرد و چەندین عەمەلیاتی ئازایانەیان بەڕێوە برد. ئەم عەمەلیاتانە ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان لە تێک‌شکاندنی ورەی هێزەکانی دوژمندا هەبوو. یەک لەو عەمەلیاتانە کە بەمەبەستی خاشەبڕکردنی ئەم پیلانە بوو، بریتی بوو لە ‌هێرشێکی جوامێرانە بۆ سەر ئاوایی «قەرەزاخ» کە خەڵکی ئەو ئاواییەیان بە زۆر چەکدار کردبوو و، لەگەڵ ئەوەشدا هێزێکی دژی گەلیی پاسدار مۆڵگەی لێ دامەزراندبوو. وەک باسمان کرد ڕێژیم بەپێچەوانەی ناوچەکانی دیکە، لە ناوچەی هەوشار بە جیاوازییەوە سیاسەتی خۆی بەڕێوە دەبرد. خەڵکی ناوچەی هەوشار بەهۆی تێکەڵبوونیان لەگەڵ خەڵکی ئازەری دۆخەکەیان جیاوازتر بوو، هەر ئەمەش ببووە هۆی ئەوە ڕێژیم گرینگییەکی زیاتر بدا بەم ناوچەیە و دابەزاندنی سیاسەت و پیلانەکانی خۆی لەوێدا چڕتر بکاتەوە؛ بۆ ئەوەی وا نیشان بدا خەڵکی ئەم ناوچەیە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ڕێژیم دەکەن. بەڵام عەمەلیاتی ئازایانە و گرتنی چەندین پایەگا و نانەوەی چەندین کەمین ترسی خستە نێو دڵی هێزەکانی رێژیم، هەر بۆیەش لەو شوێنانەی خەڵکیان چەکدار کردبوو هێزێکی سپای پاسدارانیان لەنێو گوندەکان یا لە دەورووبەرەکەی جێگیر دەکرد. هێزی قارەمانی هەوشاری خوێناوی بەرنامەیەکی عەمەلیاتیی ڕێکوپێکیان داڕشت کە بتوانن گوندی «قەرەزاخ» لە هێزی دوژمن پاک بکەنەوە و پاشان هەموو چەکوچۆڵی بەزۆر چەکدارکراوان کۆ بکەنەوە. بەپێی ئوسوولی شەڕ لە پێشدا هەموو ئاگاداریی جموجۆڵەکانی هێزی ڕێژیمیان بەدەست هێنا و پاشان ئەرکی هەموو بەرپرس و پیشمەرگەکانیان دیاری کرد. گشت ڕێگاکانی هاتوچۆی نێو گوند خرایە ژێر دەستی خۆیان و، هەروەها ئەوکەسانەی لایەنگری پێشمەرگە بوون و ئاگاداری عەمەلیات بوون کەلکیان لێ وەرگیرا. دوای هەموو ئەوانە کاتژمێری پێنج و نیوی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٤ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی خەباتگێرانی دێموکرات بە قرمەی چەکەکانیان بێدەنگییان شکاند و سەریان لە هێزی دوژمن شێواند. شەڕ سات لەگەڵ سات گەرمتر دەبوو، بە جۆرێک پاش یەک سەعات شەڕ تەنیا چەند کەس لە هێزی دوژمن خۆیان لە ماڵان شاردبۆوە کە ئەوانیش بە هەڵمەتێکی کوتوپڕ و ئازایانە و بە هاوکاریی خەڵك لەگەڵ هێزی پێشمەرگە نەیانتوانی دەرباز بن. پاش یەک سەعات و نیو شەڕ دەیان کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژران و بریندار بوون و بەدیل گیران و، هێزی پێشمەرگەش هیچ زەبرێکی وێ‌نەکەوت لەم عەمەلیاتەدا. هەروەها بە دەیان قەبزە چەکوچۆل بووە دەسکەوتی فیداکارانی ناوچەی هەوشار.