کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگی نێو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و پانتایی کاریگەرییەکانی

04:27 - 1 خەزەڵوەر 2719

هەموو ئەو چەمک و دەستەواژە فکری و فەلسەفییانەی کە لانیکەم لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە تێپەڕبوون لە کۆمەڵێک قۆناغی جۆراوجۆری مەعریفی بە مەبەستی گۆڕانکاری و سەرهەڵدانی ژینگەیەکی نوێ لە بەستێنی شۆڕشی تێکنۆلۆژی و زانیاری هاتوونە بەرهەم، ئەمرۆکە نەتەنیا بوونەتە بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان، بەڵکوو لە گەشەیەکی خێرا و بەردەوام دان. فەزای مەجازی، ئەو ژینگە نوێیەی لەگەڵ ئەوەیکە بۆتە هاوتەریبی دونیای هەقیقی، هاوکات ناتوانرێ پێشبینییی داهاتووی ڕەوتی گەشەکردن و فراوان بوونەوەی بکرێ. ئەگەرچی فەزای مەجازی هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جۆراوجۆرە بەڵام ڕەهەندی سۆسیاڵ میدیایی یان هەمان ئیمکانات و دەرفەتەکانی ئەم فەزایە لە بواری ڕاگەیاندنەوە، خاڵی بەهێزی ئەم فەزایەن کە توانیویەتی لە بەستێنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ببێتە سوکانداری هەموو راگەیەنە جیهانییەکان. بۆیە لە ئێستادا هیچ ڕاگەیەندێک ناتوانێ سەرکەوتوو بێ ئەگەر پێیەکی لەنێو تۆڕی جیهانیی سۆسیال میدیادا نەبێ. دەکرێ بڵێین کە ئەم ژینگە نوێیە، تا ڕادەیەکی زۆر بوون و پێویستیی میدیا بینراو و بیسراوە کلاسیکەکانی کەمڕەنگ کردۆتەوە. بەڵام کێن ئەوانەی لەم فەزایەدا زۆرترین بەشدارییان هەیە؟ ئامانجیان چیە و بەشوێن چیدا دەگەڕێن؟ چ کارکرد و تایبەتمەندییەکی ئەم جۆرە میدیایە، توانیویەتی سەرنجی هەموو جیهان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ؟ پێناسە و تایبەتمەندیی سەرەکیی میدیا کلاسیکەکان بریتین لە یەکەم؛ تاک ڕەهەندی بوونیان لە نێوان میدیا و بەرکار. دووهەم؛ جۆری پێوەندیی نێوان ئەم میدیانە لەگەڵ بەرکاردا، ئەستوونیە. بەڵام سۆسیال میدیا توانیویەتی هەموو ئەم سنوور و یاسا کلاسیکانە ببەزینێ و ژینگەیەکی جیهانی و پێکەوە لینککراو دروست بکا. پێوەندییەکان ئیتر نەک تاک ڕەهەندی بەڵکوو فرە ڕەهەند و ئاسۆیین. هەر تاکێک خۆی بڕیاردەر و ڕاگەیاندکاری خۆیەتی و خۆی بڕیار دەدا کە لەم فەزایەدا چۆن بیر بکاتەوە و چی بنووسێ. لێرەدایە کە دەسەڵاتی سیاسی و بەتایبەت سیستمە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکان، ئیتر ناتوانن دەست بەسەر ئەم شەپۆلە نوێیەدا بگرن و بە شێوازی شەقام سەرکوتی بکەن. ورد بوونەوە لە هاوار و داد و بێدادی ڕۆژانە و بەردەوامی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نیشانەی ترسی گەورەیانە لە ژینگەیەک کە مەگەر کۆیلە و سیخوڕەکانی خۆیان، ئەگینا دەنگێکی تێدا نییە کە پشتگیری ئەم سیستمە بکا و بگرە هەموو هەوڵیان ئەوەیە دژ بەم دەسەڵاتە دواکەوتوویە یەکدەنگ بن. بەشداریی بەرچاوی خەڵکی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو فەزای مەجازی و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار، بەڵام فەزای پڕ لە سەرکوت و داخراوی نێوخۆ و ئینتمای مافخوازی، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بەشدارییە بەرچاوەن. بوونی بەرچاوی کۆمەڵانی خەڵک لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەگەرچی تا ئێستا بە ڕێکخراو و هەماهەنگ نەکراوە، بەڵام هەڵگری وزەیەکی بەهێز و مانادارە کە لانیکەم وەک دەنگێکی ناڕازی بەرامبەر بە دۆخی هەنووکەیی و دەسەڵاتی زاڵ، توانیویەتی پانتاییەکی بەرین لە بیروڕای گشتی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی. لێکدانەوەی وردتری وزە و کاریگەرییەکانی دەنگی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەهۆی زۆریی ڕێژەی بەشداران و هەروەها بەرفراوانی ئەم فەزایە، پێویستی بە کات و موتاڵای زیاتر هەیە. بەڵام لێرە ئاماژە بە چەند ئەنجامی گرینگی ئەم بابەتە دەکەین: یەکەم؛ ئەو سەردەمەی کە ڕێژیم لە بێدنگیی میدیاییدا دەستووری فتوای نەتەوەیەک و زیندان و ئێعدام کردنی بە کۆمەڵی خەباتکارانی سیاسی دەردەکرد یان ڕاستەوخۆ فیشەکی لەسەر دڵی خۆپێشاندەران دەدا، ئیتر بەسەر چوو. ئێستا دەسبەسەرکردنی زارای مامۆستای کوردی یان بچووکترین خۆپێشاندان، زۆر بە خێرایی دەنگدانەوەی جیهانییان دەبێ و جیهان ئاشکراتر لەگەڵ سیاسەت و رەفتارە نامرۆییەکانی ڕێژیم ئاشنا دەبێ. دووهەم؛ ئەم دەنگە بەهێزەی نێو فەزای مەجازی، بەشێکی زۆری وزەی خۆی لە گەنجانی خوێندەوار و ئارمانخواز وەردەگرێ، کە بوونەتە دینامیزمی سەرەکیی هەموو ناڕەزایەتی و چالاکییە مافخوازانەکان. سێهەم؛ ئەگەرچی بیروڕای گشتی، بەهۆی جۆری ئیمکانات و تایبەتمەندییەکانی فەزای مەجازی، زۆر بەخێرایی لەم پانتاییەدا شکڵ دەگرێ. بەڵام بە هۆی دۆخی ناڕێکخراو و شپرزی ناوچەکانی تری ئێران، تا ئێستا نەتوانراوە بە شێوەیەکی جیددی ئەم دەنگە جەماوەرییە بگوازرێتەوە بۆ پانتایی شەقام. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەمووکات بە دڕندانەترین شێوە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامی سەرکوت کردوە. بە تێچوویەکی زۆری مادی و مرۆیی لەو هەوڵی کۆنتروڵ کردن و بە ئەمنیەتی کردنی فەزای مەجازی دایە. بەڵام خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێران، ئێستا نەتەنیا لە پانتاییەکی بەرینتردا چالاکە، بەڵکوو لە هەوڵی جیددی دایە تا دەنگی بەرینی سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگوازێتەوە بۆ سەکۆی شەقام.