کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵۆزیی پەروەندی میکۆنووس

04:29 - 1 خەزەڵوەر 2719

"نقاشی قهوەخانە" ئاڵۆزیی پەروەندی میکۆنووس پەروەندەی تێرۆری ڕێستوورانی میکۆنووس چەندین لایەنی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لەخۆ گرتبوو. پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران لەلایەک و سەربەخۆیی دەزگای دادی ئاڵمان، دەوڵەتی ئەم وڵاتەی خستبووە نێوان ململانێیەکی زۆرەوە. جێبەجێبوونی کردارێکی تێرۆریستی لەسەر خاکی ئاڵمان و دەنگدانەوەی بەربڵاوی ئەم ڕووداوە لە بیروڕای گشتیدا، فشارێک بوو لەسەر دەوڵەتی ئاڵمان کە سەربەخۆیی دەزگای قەزایی نەخاتە ژێر فشارێکی ئەوتۆ کە ببێتە هۆکار بۆ بەلاڕێدا بردنی ئاکامی دادوەری لە دادگای بێرلین. لە لایەکی دیکەشەوە ئێرانی بوونی تێرۆر کراوەکان و لوبنانی و ئێرانی بوونی تیمی تێرۆر و، ئەوەی بکوژ و کوژراوەکان قەت یەکتریان نەناسیوە و هیچ کێشەیەکی تایبەتییان لەگەڵ یەک نەبووە. لەگەڵ ئەوەدا کەمترخەمیی پۆلیسی ئاڵمان لە پاراستنی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە میوانی کۆنگرەی جیهانیی سۆسیال ئینتێرناسیۆناڵ لە بێرلین بوون، هەروەها هاتوچۆیەکانی وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاڵمان و داواکاریی ناوبراو بۆ ڕاگرتنی ڕەوتی دادگا و ... ئەمانە و بوونی زۆری لایەن و بەڵگەی دیکە هەتا ڕادەیەکی زۆر ڕەوتی دادگای میکۆنووسی تووشی ئاڵۆزی کردبوو. ئاڵۆزیی پەروەندەی میکۆنووس لە بواری سیاسی و ئەمنییەوە وای کرد کە پێی هێندێک لە کاربەدەستانی بەرزی دەوڵەتی ئاڵمان بۆ دادگا بکرێتەوە. یەکێک لەو کەسانە ئیشمیت باوێر بوو. هەروەکی پێشتریش باسمان لە ڕۆڵی ناوبراو چ لە دەوڵەتی ئاڵمان و چ لە ڕەوتی دادگای میکۆنووسدا کردوە، لێرەدا بەکورتیش بووبێ باسێکی تری لەسەر دەکەین هەتا زیاتر ڕوون بێتەوە کە کۆماری ئیسلامی تاوانباری سەرەکیی ئەم تێرۆرە بووە. لەدوای تێرۆری میکۆنووس و دەسبەسەر کردنی دارابی و تاوانبارانی دیکە، عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی سەردانی ئاڵمان دەکا و ئیشمیت باوێر وەزیری ڕاوێژکار لە دەوڵەتی ئاڵمان دەبینێ و داوای لێ دەکا کە هیچ دادگایەک لەسەر تێرۆری میکۆنووس پێک نەیە. کاتێک ئیشمیت باوێر لەبەردەمی دادگادا دەڵێ: «چەند مانگ پێش لە ڕوودانی تێرۆری میکۆنووس ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران ڕێک کەوتووین کە لەسەر خاکی ئاڵمان کرداری تێرۆریستی بەڕێوە نەبا.» ئەو قسەکردنە لە دادگادا دەبێتە هۆی ناڕەزایەتیی پارێزەری بنەماڵەی شەڕەفکەندی کە کەسێک بەناوی «ئەتوشیلی» بوو و، لە وڵامدا دەڵێ: «بەو جۆرە قسەکردنە، جەنابت دەتهەوێ کۆماری ئیسلامیی ئێران بێتاوان نیشان بدەی.» بە بڕوای دارابی «ئەتوشیلی» ئەندامی حیزبی ڕەقیبی ئیشمیت باوێر بووە و لە ڕێگەی دادگای میکۆنووسەوە ویستوویەتی ناوبراو بشکێنێ و بە هاوکاری کردن لەگەڵ ئێراندا تاوانباری بکا. هەربۆیە دارابی لە دادگا خۆی پێ ڕاناگیرێ و هێرش دەکاتە سەر «ئەتوشیلی». بەڵام لە بارەی سەردانی فەلاحیان بۆ ئاڵمان هەر خودی دارابی لە لاپەڕەی ٣٣٠ی کتێبەکەیدا باس لەو سەردانە دەکا و بە هەڵەی دەزانێ و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە کاری کۆماری ئیسلامی قورستر کردوە: «ئاغای فەلاحیان بۆیە هاتبووە ئاڵمان هەتا بڵێ ئێمە لە هیچ شتێکدا نین. فەلاحیان گوتبووی ئێران بە ناحەق لەو ڕووداوەدا تاوانبار کراوە، ناوبراو ویستوویەتی ڕەوتی دادگا ڕابوەستێ و ڕێگای دروست بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی ڕاستەقینە بپێوێ [...] ئەگەرچی دیدار و داواکاریی ئاغای فەلاحیان کارێکی بەتەواوی دیپلۆماتیک و دروست بوو، بەڵام دەبێ بە ئاسانی ئەوە قەبووڵ بکەین کە ئەو جۆرە دیدارانە بە قازانج نەبوون چونکە نەبوونە هۆی باشتر بوونی دۆخی من کە هیچ بەڵکوو ئاڵۆزتریشیان کرد [...] بەڕاستی من لەو دیدارە ناڕەحەت و نیگەران بووم و، ئاخری نەمزانی لە نێوان ئەو دووانەدا چی ڕووی دا، ڕۆژنامەکان باسیان لەوە دەکرد کە ئێران بەدوای مامەڵەدا بووە، ویستوویەتی لە بەرامبەر گۆڕینەوە یا ڕاگرتنی دادگا چەند ئاڵمانی دەسبەسەر کراو لە ئێران ئازاد بکا. من لەو کاتدا باوەڕم بە گۆڕینەوەی خۆم لەگەڵ چەند تاوانباری ئاڵمانی، نەبوو. چونکە خۆم بە تاوانبار نەدەزانی و پێداگر بووم لەسەر ئەو مەسەلەیە، بەڵام بە تێپەڕ بوونی کات بە ڕادەیەک هەلومەرجی زیندان ناخۆش و ناخۆشتر دەبوو کە ڕازی بووم لە گەڵ پیرێژنێک بمگۆڕنەوە. من لە لایەکەوە گلەییم هەبوو لەوەی کە دەوڵەتی ئێران لە دیفاع لە من وەک هاووڵاتییەک کەمتەرخەمە بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە لە هەڵسوکەوتی فەلاحیان نیگەران و ناڕەحەت بووم [...]». وەک دەبینین دارابی ڕەزایەتی لەو سەفەرەی فلاحیان نییە، چونکە بە زیانی تەواو بووە و لەهەمان کاتدا دەڵێ من بە گۆڕینەوە لەگەڵ زیندانییانی ئاڵمانی لە ئێران ڕازی نەبووم. دارابی دوای تێرۆری میکۆنووس لە قۆناغی یەکەمدا پێی وانەبوو ئاشکرا و تووشی زیندان دەبێ و، لە قۆناغی دووهەمدا کە کەوتۆتە زیندان پێی وا بووە دادگا ناتوانێ بەڵگەی پێویست لەسەر تاوانبار بوونی کۆ بکاتەوە. هەر بۆیە پێی وایە بە زوویی ئازاد دەبێ جا ئەگەر وایە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو مامەڵەیە لەگەڵ دەوڵەتی ئاڵمان بکا؟! بەڵام لە قۆناغی سێهەمدا بۆی ڕوون بۆتەوە دادگا بەڵگەی پێویستی لەبەردەستدایە، بۆیە ئەمجار هەروەک خۆی دەڵێ ئامادەیە لەگەڵ پیرێژنێک بگۆڕدرێتەوە. نیگەرانیی دارابی لەو سەفەرە بەجێیە چونکە ئەو کارە نەک یارمەتیی نەکردوە بەڵکوو بۆتە بەڵگەیەک بەدژی ناوبراو و کۆماری ئیسلامی و لە دادگادا بەکار هاتۆتەوە، دەنا دارابی لە چەندین جێگای ئەو کتێبەدا زمانی ڕەخنە و گازندەی ڕوو بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کردۆتەوە کە بۆ هێشتوویانە ئەو پەروەندەیە بەو ئاقارەدا بڕوا و ئەو ماوە درێژە لە زینداندا بمێنێتەوە؟! هەر لەو بارەوە دارابی لە لاپەڕەی ٣٤٠ی کتێبەکەدا، باسی سەردانی کونسوولی ئێران لە بێرلین بۆ زیندان دەکا و دەڵێ ئەو سەردانەم بۆیە پێ خۆش بوو کە دەوڵەتەکەم لێم دەپرسێتەوە، بەڵام هەر ئەو سەردانە بوو بە بەڵگەیەک لە سەر ئەوە کە گومان بخەنە سەرم پێوەندیم بە دامودەزگای کۆماری ئیسلامییەوە هەبێ: «بەکورتی دیداری کونسوول بێسوود بوو و، بۆ من وەک هاووڵاتییەکی ئێرانی نەتەنیا ڕووداوێکی بەرەوپێش نەبوو بەڵکوو بوو بە هۆکارێک کە گومانی زۆر لای دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دروست کرد. لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی زیندان کە دەیاندی کونسوول سەردانی کەسێکی وەک من دەکا کۆنتڕۆڵی ئەمنیەتی و سیاسییان چڕتر دەکرد.» لە خودی بەڵگەی دادگاشدا ئیشارە بەو سەردانەی کونسوولی ئێران بۆ زیندان کراوە و بەو جۆرە لە ڕاپۆرتێکدا باسی دەکا: «دوای پێوەندیی تەلەفوونی و هاوئاهەنگیی کونسوولگەریی ئێران لە بێرلین، ڕۆژی هەینی ١٤/٥/١٩٩٣ ئاغای میرخانی سەرکونسوولی ئێران توانی سەردانی دارابی لە زیندانی «موابیت» بکا و لەگەڵ ناوبراو بدوێ. دارابی لەو دیدارەدا باسی لە وەزعییەتی زیندان و ئەو بەند و کۆتانەی لەلایەن دادئەستێنی فیدراڵ بۆی دیاری کراوە و هەروەها باسی لە فشاری ڕەوانیی خۆی کرد و، پێداگری لەسەر بێتاوانی خۆی لە تێرۆری میکۆنووسدا کردەوە. سەرکونسوول لە باردۆخی پاریزەری دارابی و بوونی تەلەڤیزیون و گۆڤار و کتێب و چاوپێکەوتنی هاوسەرەکەی پرسیاری لە دارابی کرد، ناوبراو لەگەڵ ئەوەدا ئیشارەی بە بێتاوانی دارابی کرد لە هەمان کاتدا ئەوی هان دا هێمنایەتیی خۆی بپارێزێ و جەختیشی کردەوە کە دەبێ گیروگرفتی تایبەت بە زیندان لە ڕێگای پارێزەرەکانیەوە چارەسەر بکرێ.» بەڵگەی ١٧/ ٥/١٩٩٣، D031 لە ڕەوتی دادگای میکۆنووسدا دەبینین کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو دەرگایەکی داوە بۆ ئەوە بتوانێ دەزگای قەزایی ئاڵمان پاشگەز بکاتەوە لە بەردەوامیی دادگا و، ناساندنی کۆماری ئیسلامی بە بکەری ئەسڵیی تێرۆری میکۆنووس. بەڵام لەگەڵ هەر هەوڵێکیاندا تووشی سەرشۆڕی بوونەتەوە و، گشت لە دەرگا کوتانەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە دادگادا بەدژیان شکاوەتەوە و دارابی لە قسەکانیدا ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە. درێژەی هەیە...