کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆزی کورد لەبەردەم ئەگەرەکانی داهاتوودا

04:45 - 1 خەزەڵوەر 2719

کورد تەنیا گەلێکە لە خەبات بۆ ڕزگاری ماندوو نابێ و، نەتەوەیەکە شکست و ناکامییەکانی لە چەند هۆکارێکی بنەڕەتی و نەگۆڕی دەرەکیدا دەبینێ کە بریتین لە: پێوەندی و هاوکاریی داگیرکەرانی کوردستان، بەرژەوەندیی هاوبەشی سیاسی و ئابووریی زلهێزەکان لەگەڵ ئەم وڵاتانە، نەبوونی پشتیوانییەکی بەهێزی نێودەوڵەتی وەک ئەمریکا و زلهێزەکانی ئورووپا و؛ لە تەنیشت ئەوانەدا کزی و لاوازیی دیپلۆماسیی کورد. ڕەهەندێکی دیکەی ئەم باسە ئەوەیە کە کورد لە هەڵوێست و ڕەفتاریدا سەرنجی نەداوەتە خوێندنەوە و هەستیاریی سیاسیی وڵاتان بڕیاربەدەست و کەمتریش ئاوڕی لە هۆکار و کەمایسییە نێوخۆییەکانی داوەتەوە کە بەشێکیان بریتین لە پشتگوێ‌خستن و نەدیتنی گرفتە ڕەگداکوتاوەکان لەنێو ماڵی کورددا، شوێندانانی کولتووری جیاوازی وڵاتە داگیرکەرەکان و کەسایەتیی دابەشکراوی کورد کە هەموو کاتێ جێ‌پەنجەیان لە نسکۆ و شکستەکانی مێژووی کورددا دەبیندرێ. لێرەدا دەکرێ بە کورتی باس لە چەند ڕوویەکی دۆزی کورد بکەین: کورد نیشتمانەکەی بەسەر چەند وڵاتدا دابەش کراوە و سنووری ئەم وڵاتانە بەڕەسمی دەناسرێ و لە ڕوانگە و بیرکردنەوەکانیشدا چەسپاوە و بووەتە هۆی جیاکاری و هەڵوێست گرتنی ئەم وڵاتانە بۆ کوردی بەشەکانی تر. لە تەنیشت ئەوە دەستوەردانی هێزە کوردییەکان لە پارچەکانی دیکە بەگوێرەی بەرژەوەندیی حیزبیی خۆیان وەک بەشێک لە سترۆکتۆری وڵاتانی دەسەڵاتدار بەسەر کورددا قورسایی و ڕۆڵی نەرێنیی بووە. بە واتایەکی دی دروستکردن و پێکهێنانی ڕێکخستنی پاشکۆ لەلایەن حیزب و ڕێکخراوەیەک لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا نەک خزمەتی بە بەرەوپێشچوونی دۆزی نەتەوەیی نەکردوە، بارگرژی و کەلێن و دابڕان لە یەکتریشی دروست کردوە. خەسارێکی دی لەو چوارچێوەیەدا بریتییە لە نیزیکبوونەوە و پێوەندیی هێز و ڕێکخستنی بەشێکی کوردستان لەگەڵ داگیرکەر و زەوتکەری مافەکانی کورد لە بەشێکی دیی نیشتمان. باس لەوەش دەکرێ کە بەشێک لە هۆکارەکانی نشوستی مە بۆشایی مەیدانداریمانە لە دیپڵۆماسیدا، وەک بڵێی کورد توانای پێویستی بۆ جووڵە و بزووتن لەو مەیدانەدا نەبووە، بەڵام ئاخۆ دەکرێ دیپڵۆماسی لە دەرەوەی بەرژەوەندییەکاندا پێناسە بکرێ؟ ئایا کورد ئەم بوار و دەرەتانەی بۆ دیپلۆماسییەکی کارا زەرەوورن بوویەتی هەتا بگوترێ بایەخی پێ نەداوە و پشتگوێی خستوە؟ لە بنەڕەتدا دەکرێ کورد وەک نەتەوەیەکی ژێردەست کە خەبات بۆ ماف و ڕزگاریی خاک و نیشتمان و نەتەوەکەی دەکا بخەیە تای تەرازوو لەگەڵ وڵاتێکی دامەزراو و توانا و زەرفییەتەکانیان وەک یەک ببیندرێن؟ هەر لەجێدا ئیمکانات و پێدایستییەکانی جووڵە لە بەستێنی دێپڵۆماسیدا چین، بە تایبەت دیپڵۆماسییەک کە شوێنی لەسەر یەکلاکردنەوەی چارەنووسی سیاسیماندا هەبێ. لەو پێوەندییەدا دەکرێ ئاماژە بە چەند خاڵ بکەین کە دەکرێ وەک پێشمەرج و کارت بۆ لۆبیگەری و دیپڵۆماسی کەلکیان لێ وەربگیردرێ: یەکەم، سەرمایە و ئابوورییەک کە دەسەڵاتمان بەسەریدا هەبێ، یان خاوەنی سامانێکی ئابووری کە بەبێ ئیزن و هاوبەشیی کورد لایەنی دی نەتوانن قازانجی لێبکەن. دووهەم، بازاڕێکی گەورە بۆ بەکارهێنانی کاڵا بین و توانای قەبووڵ‌کردن یان نەکردنیمان هەبێ و خۆمان بڕیاربەدەست بین. سێهەم، توانای نیزامیی ئەوتۆمان هەبێ کە نەکرێ لەلایەن وڵاتانی دیکەوە نەدیترێ و حسێبی لەسەر نەکرێ. هەروەها توانایی ئەوەت هەبێ کە لەگەڵ ئەوەی دەتوانی بەرژەوەندی دروست بکەی، بشتوانی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانیش دروست بکەی. لە تەنیشت ئەوانەدا دەکرێ ئاماژە بە چەند خاڵێکیش بکەین کە گرێدراو و بەرەنجامی دۆخێکن و دەکرێ سەرەتا و بەردی بناغەیەک بن کە کۆمەڵێک بڕیاری سیاسی بەدووی خۆیدا بهێنێ و دەستەبەرکردنی ئەم چەند خاڵە زامنی سەرکەوتن و دەسکەوت بۆ کوردە: وەک گۆڕینی زەینییەتی نەتەوەی باڵادەست و ئۆپۆزیسیونی غەیرە کورد. یان دەستێوەردانی بیانی و گۆڕانکاری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بەو پێیە کورد بتوانێ هەل و دەرفەتەکان لە بەرژەوەندیی خۆیدا بقۆزێتەوە. هاوکات ناشکرێ ململانێ نێوخۆییەکان وەک کۆسپ و هۆکارێکی بەرگێڕەوە سەیر نەکرێ، بە تایبەت کاتێک بزانی کوردستان لای کۆمەڵێک ڕەوت و لایەن تەنیا هەر بەرژەوەندییە لەپێناو دەسەڵاتدا. ئەو ڕوانگەیەش کە تەنیا لە گۆشە نیگای دەسەڵاتەوە سەیری ڕووداوەکان بکەی و تا ئاستی حەزفی فیزیکیی یەکتر و ڕکەبەرەکەت بچییە پێشێ، هیچ خزمەتێکی بە دۆزی کورد نەکردوە. بۆیە زەروورە کە ڕێگە نەدرێ کوردستانی دابەشکراومان لەنێو خۆماندا و بەپێی بەرژەوندیی خۆمان (حیزب و لایەنە سیاسییەلان) دابەش بکرێتەوە. ڕاستە سروشتی خەباتی هەر بەشێکی نیشتمان جیایە لە یەکدی، بەڵام جیاوازیی ئەم خەسلەت و سروشتە نابێ ڕێگە لەمە بگرن کە بەڕووی دەرەوەدا کورد هاوهەڵوێست و یەک وێژمان نەبێ و لەپشت یەکتری نەبێ. کورد دەبێ لەو قۆناغە تێپەڕی کە زلهێزە جیهانییەکان تەنیا لە گۆشەنیگای ئەمنیەت و پاراستنەوە سەیری بکەن و گۆڕان لە شێوەی ڕوانین و هەروەها مێتۆدی خەبات دەتوانێ کورد بکاتە فاکتەری سەرەکیی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و هەروەها دیارترین و بەهێزترینی ئەکتەرەکانی ئەم گەمەیەش.