کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داشەهارەی هێزی داگیرکەر لەنێو نەتەوەی بندەستەدا

04:47 - 1 خەزەڵوەر 2719

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتیی پارلمانی ئێراندا کە بۆ باس و لێکدانەوەی هێرشی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان رێک خرابوو، چەند کەس کە لە نوێنەرە کوردەکان قسەیان کرد و هەڵوێستی دەوڵەتی ئەردۆغانیان لەمەڕ جەنایەت دەرحەق بە گەلی کورد لە ڕۆژاوایان مەحکووم کرد. لە بەرانبەردا بەشێک لە نوێنەرانی ئازەرەی لە هەماڵ پارلماندا دژایەتیی خۆیان بەرانبەر هەڵوێست و دەربڕینی نوێنەرە کوردەکان پیشان دا. هەروەها بەشێکی بەرچاو لە نوێنەرانی ئازەری هەڵوێستی پەرلمانی ئێرانیان لە مەڕ مەحکوومکردنی پەلاماری سەربازیی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر «باکووری سووریە»یان واژۆ نەکرد و بزووتنەوەی مافخوازانەی ڕۆژاوای کوردستانیان بە «تێرۆریستی» ناو برد. هەر لەم پێوەندییەدا زۆرێک لە چالاکانی ئازەری لە نێوخۆی وڵات و سێلبریتییەکانی ئەم نەتەوەیە (ئازەری) بە شێوەی جۆراوجۆر کەوتنە دیفاع لە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیە و کوردەکانیان بە تێرۆریست ناو هێنا. لەو کۆبوونەوانەدا هێندێک لە نوێنەرانی ئازەری لە پارلمانی ئێران، زۆر ڕاشکاوانە دژایەتیی خۆیان لە گەڵ داکۆکیکردنی نوێنەرە کوردەکان لە ڕۆژاوای کوردستان دەربڕی و داوایان لە سەرۆکایەتیی پارلمان کرد کە ئیزن نەدات نوێنەرانی کورد پارلمانی ئێران بکەنە شوێنی دیفاع لە تێرۆریزم! و بە توندی دژایەتیی خۆیان لە گەڵ بەکارهێنانی دەستەواژەی «نەتەوەی کورد» بۆ کوردەکان دەربڕی کە لە قسەی هێندێک لە نوێنەرە کوردەکاندا کەڵکی لێ وەرگیرابوو. ئەم بەناو نوێنەرانە کە لەبیریان چۆتەوە کە خۆشیان وەک ئازەری، نەتەوەیەکی ژێردەستە و مافخوراون، بۆ دژایەتی لە گەڵ کوردەکان باسیان لە «پاراستنی چوارچێوەی ئەرزیی خاکی ئێران» کرد و بەم شێوەیە دەیانەویست بە تۆمەتبارکردنی نوێنەرە کوردەکان بە «جیاییخوازی» هەوڵی بێدەنگکردنیان بدەن کە لە لایەن یەکێک لە نوێنەرە کوردەکانەوە وڵامی شیاوی خۆی درایەوە. دژایەتیی کاربەدەستانی ئازەری لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران‌ و بەتایبەت بەناو نوێنەرانی گەلی ئازەری – کە بەشێک لە پیلانی سیستماتیکی ڕێژیمە – لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر لە هەمیشە خۆی نیشان داوە. لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم جۆرە لە هەڵوێست و دەربڕینانە لە چوارچێوەی «حاڵەت»ی ناوەبەناوەدا دەبینرا و جارجارە لە قسە و دەربڕینی کەسێکی ماخولیا و جینایەتکاری وەک حەسەنی، پێشنوێژی نوێژی هەینی لە ورمێ، یان لە بڵاوکراوەیەکی لۆکاڵیدا خۆی دەردەخست کە زۆر جێی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەرکردن نەبوو. بەڵام ئەوەی لەم چەند ساڵانەی دواییدا دەبیندرێ چیدیکە ناکرێ لە «حاڵەت»دا بیبینین و «دیاردە»یەکە کە پاڵنەری جۆراوجۆر و جیاوازی هەیە. ئەگەر لە لایەک ناوەندە فکری و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرنجدان بە هاوسنووربوون و نزیکایەتیی دوو نەتەوەی کورد و ئازەری کە ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانیان لێ زەوت کراوە، هەوڵی ناکۆکینانەوە و دووبەرەکایەتیی نێوانیان دەدەن و بە قازانجی خۆیان لەم نێوەدا پیلانگێڕیی جۆراوجۆر دەکەن، لە لایەکی دیکەوە هەستێکی شۆڤێنیستانەی دژ بە کورد و کوردستان کە بێگومان دەوڵەتی تورک و توندڕەویی لایەنی دژبەر ختۆکەی بەشێک لە کۆمەڵگەی ئازەری دەدا. پەرەسەندن و تەقوییەتی ئەم هەستە لە نێو کۆمەڵگەی ئازەری زماندا کە وەک ئاماژەی پێکرا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەت و هێزی دیکەی ناوچەیی لە پشتە، دەتوانێ مەترسییەکی گەورەی سیاسی و ئەمنیەتیی لێ بکەوێتەوە. بەتایبەت ئەم دیاردەیە بۆ داهاتووی چارەنووسی دوو گەلی کورد و ئازەری کە تێکەڵاوییەکی بەربەرینی خاک و سنووری هاوبەشیان پێکەوە هەیە و مەحکووم بە پێکەوە ژیانن، پڕمەترسییە. نەتەوەی کورد لە ئێران کە خەبات و تێکۆشانی لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی ماهییەتێکی دێموکراتیک و ئاشتیخوازانەی هەیە، وەک لایەنێکی ئەم پرسە، هەمیشە هەوڵی داوە بە دەرک بە زەرورەتی پێکەوەژیانی لە گەڵ گەلی ئازەری و ئازەرییەکانی نیشتەجێ لە کوردستان، تەعامولێکی دێموکراتیک و ئینسانیی هەبێت. بۆیە هەمیشە وێڕای لەقاودانی پیلانی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران لە پێوەندی لەگەڵ نانەوەی ناکۆکی لە نێوان هەر دوو گەلی کورد و ئازەری و، بە تێگەیشتن لەو هەستە دژیگەلیانەی کە لە ناوچەکەدا هەن و کار لە سەر هێندێک لە ئازەرییەکان دژ بە گەلی کورد و خاکی کوردستان دەکەن، خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی کورد پێداگرییان لە سەر گوتاری پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە ئیرادەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و بەتایبەت گەلی ئازەری کردوە. هەر لەم پێوەندییە حیزبی دێموکراتی کوردستان ٧٥ ساڵ پێش لە ئێستا و لە شێوەی بەرێوەبەریی کۆماری کوردستان بە پێشەوایەتیی سەرۆککۆمار قازی محەممەدی شەهیددا، هاوپەیمانێتی لە گەڵ فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان هەبووە و پێداگریی لە سەر پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانەی هەر دوو گەلی کورد و ئازەری کردوە. لە ماوەی ئەم زیاتر لە حەوت دەیەدا – جیا لە زەمەنێک لە پیلانگێڕیی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاندانی کەسانی توندڕەو و جەنایەتکاری وەک «حەسەنی» دژ بە گەلی کورد لە ساڵەکانی سەرەتای شۆرشی ١٣٥٧ی هەتاوی – کورد و ئازەری تا ڕادەیەکی بەرچاو بە بێ کێشە پێکەوە ژیاون. نەتەوەی ئازەری کە تا ئێستاشی لە گەڵ بێت وەک یەکێک لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە ڕووی ئیتنیکییەوە ماف و ئازادییەکانی لێ زەوت کراوە، ناتوانێ هیچ قازانجێک لە پەرەسەندنی دیاردەی «شۆڤێنیزم» بکا. بە تایبەت کە ئەم هەست و ئێحساسە بە جێی ئەوەی ڕووی لە نیزام و دەسەڵاتی دژی‌گەلی لە تاران بێت، بە ناڕەوا و بە پیلانگێڕیی نیزامی سیاسی لە تاران و دەوڵەت و لایەنی دیکەی دژ بە کورد لە ناوچەکە، ئاراستەی گەلی کورد و خاکی کوردستان بکرێ! بۆیە کۆمەڵگەی ئازەری لە ئێران نەتەنیا نابێ لەم داوە پڕ مەترسیدارە بکەوێ، بەڵکوو پێویستە دڵنیا بن لەوەیکە؛ ئەوانەی بە ناوی دیفاع لە گەلی ئازەری، دژ بە نەتەوەی کورد قسە دەکەن و بە ناڕەوا نەتەنیا بەرگری لە مەزڵوومیەتی کورد ناکەن بەڵکوو بەرانبەر بەم گەلە مافویست و ئاشتیخوازە داکۆکی لە داگیرکەران دەکەن، نەتەنیا دڵسۆز و خەمخۆری گەلی ئازەری نین، بەڵکوو داشەهارەی دەسەڵات و نیزامە داگیرکەرەکانن. خەڵکی مافخواز و ئاشتیویستی کورد لە ئێران تا ئێستا وێڕای درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی خۆی لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی لە ژێر ڕێنمایی ڕێبەرایەتییەکی دووربین و ڕێبازێکی دێموکراتیکدا، ژیرانە لە سەر بنەمای پێداگری لە سەر مافە ڕەواکانی خۆی – نەک هێرش بۆ سەر خەڵک و نەتەوەی دیکە – باوەڕمەند بە پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە، تێکۆشانی خۆی درێژە پێداوە. بۆیە لە قۆناغی ئێستادا کە کۆمەڵێک دیاردەی نامۆ بە خەباتی مافخوازانەی ڕەوای گەلان لە ناوچەکەدا خەریکی پەرەئەستاندنن، خەڵکی کوردستان وریا و ژیرانەتر لە هەمیشە هەنگاو دەنێ. بە مانایەکی دیکە خەڵکی کوردستان بێ ئەوەی ئەم جۆرە لە شانتاژ و پیلانانە هەنگاوی پێ شل بکا، سوورتر لە هەمیشە بە پێداگری لە سەر ماف و داخوازییەکانی خۆی خەبات دەکات و وێڕای ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی گشت گەلانی ئێران و باوەڕ بە ئەقڵییەتی پێکەوە ژیانی ئاشتیخوازانە، تا گەیشتن بە مافەکانی خۆی بەردەوام دەبێت. گیرۆدەبوون بە فەندەمێنتالێزمی دینی و شۆڤێنیزمی نەتەوەیی کە لە ناوچەکەدا تا دێ کێشەکان ئاڵۆزتر و پڕمەترسیدارتر دەکا. ئەوەی لەم نێوەدا قازانج لەم دۆخە دەکات دەسەڵاتە دژی ‌گەلییەکان و دەوڵەتە شوێندانەرە قازانویستەکانن و ئەگەر بە وریاییەوە لە پرس و دیاردەکان نەڕواندرێ زەرەرمەندی سەرەکیش کۆمەڵگەی مرۆیی و نەتەوە مافخوازەکانن. بۆیە بە شێوەیەکی تایبەت کە ئێستا باس لە دوو گەلی کورد و ئازەرییە لە ئێران، ئەرکی هێز و لایەنە سیاسییەکان، کەسانی نوخبە و ئیلیت و بەگشتی هەردوو کۆمەڵگەی کورد و ئازەرییە کە، چاوکراوەتر لە هەمیشە وریای پیلانگێڕییەکان بن و لە سەر بنەمای پێکەوە ژیانێکی دێموکراتیک هەوڵ بدەن پێوەندییەکانیان پتەو بکەن. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر هێز و لایەنە کوردستانییەکان کە لە خەبات و کێشەکاندا ئەزموونی زیاتریان هەیە، پێویستە لەم پێوەندییەدا زیاتر ڕۆشنگەری بکەن و بە پێوەندیگرتن لە گەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی ئازەری لە هەموو ئاستەکاندا هەوڵی لێکتێگەیشتن و هاوخەباتی بدەن و هاوکات لە گەڵ ئەم هەوڵانە، بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوماڵی کورد و تێگەیشتن لە پیلانگێڕی و مەترسییەکان، ئامادەی ڕووبەرووبوونەوەی هەر جۆرە پێشهاتێک لەم پێوەندییەدا بن.