کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد نابێ ملکەچی چارەنووسێکی تڕاژیک بێ

04:50 - 1 خەزەڵوەر 2719

وادیارە ئەمە ڕاستیی تاڵی کوردبوونە کە دەبێ ئەم نەتەوەیە باری لاسەنگی دابەشکران و ستەمی مێژوویی و ژێئۆپۆلۆتیکی داسەپاو لە سەدەی بیست و یەکەمیشدا بە خوێن و گیانبازی ڕاست بکاتەوە. تا کاتی نووسینی ئەم دێڕانە دوازدە ڕۆژە نیشتمانی قارەمانانی ئەفسانەیی شەڕی تێرۆر و تاریکی، ئەمجارەیان لە ڕۆژئاوای کوردستان کەوتوونەتە بەر پەلاماری سوپای ڕێژیمی فاشیستیی تورکیە. سوپایەک کە لە هەموو بارێکەوە بە نوێترین چەکوچۆڵی سەردەم تەیارە و بە دووەمین سوپای ناتۆ لە قەڵەم دەدرێ. ئەم پەلامارە دڕندانەیە لەبەرچاوی هەموو جیهانییان و هاوپەیمانانی تورکیە بەتایبەت لە ناتۆ بە چرای سەوزی سەرۆکی ئەمریکا، تڕامپ لە زەوی و ئاسمانەوە درێژەی هەیە. ئەم پەلامارە دڕندانەیە هەروەها بە بەشداریی هەزاران کەس لە ئیسلامیستە تێرۆریستەکانی سووریە کە لەژێر چەتری تورکیەدا کۆبوونەتەوە و لە دڕندەیەتیدا سنوور ناناسن بەڕێوە دەچێ. ئەمڕۆ دوازدە ڕۆژە کە لەبەرچاوی کامێرای دەیان کاناڵی تەلەڤیزیۆنی و سۆسیال میدیای جیهانداگردا زەوی و ئاسمانی ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر بارانی بۆمب و مووشەکدایە. بە سەدان کەس لە خەڵکی سڤیل بریتی لە پیر و منداڵ و ژن کوژراون یان بریندار بوون و، بە سەدان هەزار کەسیش ناچار بە ئاوارەبوون کراون. بەڵام لە بەرامبەر ئەم هێرشە دڕندانە و فاشیستییەی سوپای چەکدارە دڕندە و تێرۆریستییەکانی ژێر چەتری دەوڵەتی تورکدا دیسان ئەوە کچ و کوڕە شەڕڤانەکانی شەڕی تێرۆر و تاریکین کە دیسان قارەمانانە داکۆکی لە خاکی نیشتمان دەکەن و بوونەتەوە بە ئەفسانەی خۆڕاگری و بەرخودان. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هاوپەیمانانی شەڕی داعیش و تێرۆریزم کە تا دۆینێ لەپێناوی دوورخستنەوەی مەترسیی تێرۆریزم لەگەڵ کوردەکان هاوپەیمان بوون، دەستەوەستان لەئاست پەلاماری دڕندانەی سوپای تورکیە و گرووپە ئیسلامییە شوێنکەوتووەکانیدا ماونەتەوە و هیچ هەنگاوێکی بەکردەوەیان لەپێناو ڕاگرتنی ئەم جینایەت و کوشتارەدا هەڵنەگرتوە. لەم نێوەدا سەرۆکی ئەمریکا کە لە ئاکامی چراسەوزی ئەودا ئەم پەلامارە دەستی پێکردوە، لەژێر گوشاری بیروڕای گشتی و ڕکەبەرە سیاسییەکانیدا تا ئێستا زیاتر لە هیندێک هەڕەشەی ڕواڵەتی لە تورکیە شتێکی دیکەی نەکردوە. ئەم هەوڵەش کە ڕۆژی 17ی ئۆکتۆبەر وەک بۆ خۆی ناوی لێنا نێونجی کردن و ڕێککەوتنێکی لەگەڵ لایەنی تورک لێ کەوتەوە، هیندە بێ‌بنەما بوو کە هەر زوو لەگەڵ دژایەتیی هەمەلایەنە تەنانەت لەنێو دەوڵەتی ئەمریکاش بەرەوڕوو بۆوە. ئەم ئاگربڕە کاتییەش کە لەسەری ڕێک کەوتبوون و بەکردەوە سوپای تورک جێبەجێی نەکرد، لەڕاستیدا ئۆڵتیماتۆمێک بوو بە بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە 120 کاتژمێردا زۆربەی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی بەبێ شەڕ بۆ سوپای تورک و گرووپە ئیسلامییەکان چۆڵ بکا. ئەم هەوڵانەی ئیدارەی تڕامپ لەڕاستیدا شتێک نەبوو بێجگە لە هەوڵێک بۆ پاساودانی بڕیاری ناڕەوا و نامورالیی چۆڵکردنی پشتی هاوپەیمانە کوردەکانی شەڕی داعیش. هەوڵێک کە تڕامپ هەر زوو بە یەکێک لە کارە هەرە مەزنەکانی! خۆی لە قەلەم دا. لە کەس شاراوە نییە کە ئەم پەلامارە دڕندانەیەی سوپای تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە بیانووی گەمژەخەڵەتێنانەی دروستکردنی ناوچەی ئارام و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر تەناهیی تورکیە، ئامانجێکی جگە لە تێکدانی ئەم ئەزموونە نییە کە بەتایبەت کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەبەخشینی گیانی هەزاران کەس لە ڕۆڵە ئازاکانی دەستەبەری کردوە. لەوەش واوەتر پلانی ئۆردۆغان و دەوڵەتی تورکیە بۆ نیشتەجێکردنی چەند میلیۆن پەنابەری سووریەیی و سپاردنی ئەم ناوچانە بە گرووپە ئیسلامییە دژەکوردەکان واتایەکی دیکەی جگە لە پاکتاوی کوردان لەسەر خاکی خۆیان و گۆڕینی پێکهاتەی حەشیمەتیی ڕۆژئاوای کوردستان نییە. پەلاماری دڕندانەی سوپای تورک و هاودەستە ئیسلامییەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو پیلانە شوومەی لە پشت ئەم پەلامارەدایە، هاوهەوڵویستی و یەکڕیزییەکی کەم‌وێنەی لەنێو کورداندا دروست کردوە. بە چەشنێک کە ئێستا لە سەرانسەری کوردستان و لە هەموو ئەو جێگایانەی دنیا کە کوردی لێیە؛ شەپۆلێکی بەرینی هاوهەڵوێستی و ناڕەزایەتی لەدژی پەلامار بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە. لەم نێوەدا شەپۆلی ناڕەزایەتیی کوردان لە تارواگە بەتایبەت لە ئاستی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا کاریگەریی باشی لەسەر بیروڕای گشتیی ئەم وڵاتانە داناوە. لە ئاستی بیروڕای گشتیی جیهانی و میدیا و سۆسیال میدیاشدا، پەلاماری دڕندانەی سوپای تورکیە و هاودەستەکانی هاوسۆزی و پشتیوانییەکی کەم‌وێنە لە کورد بەگشتی و ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە. بە چەشنێک چاوەڕوان دەکرێ ئەم هاوسۆزی و پشتیوانییە ببێتە هۆی فشاری زیاتر بەتایبەت بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئەندام لە ناتۆدا. هەر لە ئاکامی ئەم فشارانەش بوو کە پاڕلمانی ئورووپا و چەند وڵاتی گرینگی ئورووپایی، لە سەروویانەوە فەڕانسە داوایان لە تورکیە کرد ئەم پەلامارە هەرچی زووتر ڕابگرێ. بەتایبەت لەم نێوەدا هەڵوێستی سەرۆککۆماری فەڕانسە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بابەتەدا جێی سەرنجە و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە بەتایبەت لە ئاستی ئورووپادا هەوڵ بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە لەگۆڕێ‌دایە. لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین، کورد و دەسکەوتەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی زۆر هەستیار و چارەنووسساز دایە. لاوازیی فاکتۆری کورد لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بووەتە هۆی ئەوە کە لانیکەم تا ئێستا، واتە دوازدەهەمین ڕۆژی ئەم پەلامارە دڕندانەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەنگاوێکی بەکردەوە بۆ بەرپەرچدانەوە و ڕاگرتنی لەشکەرکێشیی سوپای تورکیە و بەکرێگیراوە سوورییەکانی هەڵنەگیرێتەوە. لەم نێوەدا جگە لە خۆراگری و فیداکاریی شەڕڤانانی کورد، دوو کارتی دیکە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی هەنگاوێکی کردەیی لەبەرامبەر ئەم لەشکەرکێشییەدا هەڵگیرێتەوە. یەکەم کارت کە کورد پێویستە زیاتر زەقی بکاتەوە و لەڕاستیشدا هەیە، بریتییە لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعیش کە لانیکەم بۆ ئورووپاییەکان کەڵکەڵەیەکی تەناهییە. کارتی دووهەم بریتییە لە کارکردنی زیاتر و زیاتر لەسەر بیروڕای گشتیی دنیای ڕۆژئاوا. هەرچەند بە بوونی سۆسیال میدیا و ئەو دیمەنانە کە میدیا گەورەکان لەپێوەندی لەگەڵ تاوانەکانی سوپای داگیرکەر بڵاوی دەکەنەوە، بیروڕای گشتیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەم پێوەندییەدا ورووژاوە. کەوتنی ڕۆژئاوای کوردستان و هاتنەدیی ئامانجەکانی تورکیە لەم پەلامارەدا هەرچەند تا ئێستا زیان و خەساری گەورەی مرۆیی و ماددیی لێ کەوتۆتەوە، بەڵام لەکەس شاراوە نییە کە تڕاژیدییەکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بۆ ئێمەی کورد دەبێ ڕێی لی بگرین و مرۆڤایەتیی پێشکەوتووش هان بدەین لەمبارەیەوە ئەرکی خۆی جێبەجی بکا.