کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوژمنایەتیی پرسی کورد و بەرەنگاریی ڕۆژاوا

05:01 - 1 خەزەڵوەر 2719

ڕێبەندانی ساڵی 1389 کاتێ درێژەی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتانی عەڕەبی گەیشتە سووریە، لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا خەڵک لەدژی دەسەڵاتی دەیان ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد و حیزبی بەعسی دەسەڵاتدار ڕاپەڕین. بەهۆی درێژەی ئەم ناڕەزایەتییانە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی خەڵکەوە کە لە گرووپی جیاجیادا خۆیان ڕێکخستبوو. وەک سپای ئازاد کە فەرماندە و سەربازە هەڵاتووەکانی ئەرتەش سەرکردایەتییان دەکردن و کۆمەڵێک خەڵکی سیاسییان لەخۆ ئاڵاندبوو، هەتا گرووپە مەزهەبییە توندڕەوەکانی وەک بەرەی نوسرە و گرووپە دەسکردەکانی سەر بە تورکیە. لەم نێوەدا کوردەکان کە دەیان ساڵ بوو لە ژێر ڕەحمەتی وڵاتانی ئێستێعماری ئورووپا و دواتر حیزبی بەعسدا کەمترین مافی ئینسانیشیان پێ ڕەوا نەدیترابوو، کەڵکیان لەو هەلە وەرگرت و بە دوور لە بیر و سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕەنگاوڕەنگی سوورییە، بۆ بەدەستەوەگرتنی ناوچە کوردییەکان و دارشتنی قەوارەیەکی ئیداریی تایبەت کە خزمەت و پاراستنی خەڵکەکەی کردبووە ئامانج هاتنە مەیدان. پەیەدە و هێزە چەکدارەکەی (یەپەگە) کە تازە دامەزرابوون، ئەم ئەرکەیان گرتە ئەستۆ. سەرەڕای هەموو گلەیی و گازەندەیەک کە لە بواری نەتەوەیی و تاکڕەوی و هەوڵنەدان بۆ بەکارهێنانی هەموو وزە و تواناکانی کورد لەو ناوچە و لەو ساڵانەدا لە ڕێگەی دروستکردنی بەرەیەکی فراوانتر لە کوردەکان، ئەوان توانییان نموونەیەکی جوان لە ئیدارە و خزمەتکردنی هەموو خەڵکی ئەو ناوچانە بە تایبەت لە ڕێگەی بەشداری پێکردنی هەموو نەتەوە و ئایینە جیاجیاکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان نیشان بدەن. ساڵی ١٣٩٤ کاتێک داعش خیلافەتی خۆی لە بەشێک لە خاکی سووریە و عێڕاقدا جێگیر و بەهێز کردبوو، کوردستانی باشوور و ڕۆژاوا بوون بە ئامانجی سەرەکییان بۆ داگیرکاری و وێران کردن. بە خۆشییەوە هەستی نیشتمانپەروەری کورد و فیداکاری و گیان بەخشینی پێشمەرگە لە باشوور کورد و فیداکاری و گیان بەخشینی پێشمەرگە لە باشوور بە پشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕ لە دژی داعش، باشووری کوردستانی پاراست. بەڵام شەڕ لە ڕۆژئاوا بەهۆی تێکچوونی وەزعی سووریە و کەلکوەرگرتنی داعش لە نالەباریی وەزعی ئەوێ ماوەی شەڕەکەی درێژتر کردەوە. کۆبانێ بەهۆی ئازایەتی و لە خۆبوردوویی کچان و کوڕانی شەڕڤانی ڕۆژاوا، بوو بە ڕەمزێکی جیهانی لە بەرخۆدان و تێکشکاندنی داعش. لەم شەڕەدا ئەمریکا وەک سەرکردەی هێزی هاوپەیمانی دژی داعش ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە پشتیوانیی سەربازی کوردەکان. تا ئەو جێگەی بە یارمەتیی ئەوان هێزێکی بەرفراوان لە دانیشتووانی ناوچە بە کورد و عەرەب و مەسیحییەوە لەژێر ناوی هێزەکانی سووریەی دێموکرات ڕێک خرا و بە چەکی ئەمریکی تەیار کران. هەرچەند هەر لە سەرەتاوە زۆر کەس بەگومانەوە دەیانڕوانییە پێگە و دەوری ئەمریکا لە سوورییەدا، بەڵام بوون و پشتیوانیی هێزە هاوپەیمانەکان ئومێدی ئەوەی دروست کردبوو کە ئەم هێزە و ئەو ناوچانەی لەبەر دەستیان دایە هەم دەتوانێ کاریگەری لە دارشتنەوەی قەوارەیەکی دێموکراتیکی بۆ داهاتووی سوورییە هەبێ و هەم بۆ یەکەم جار کورد لە ژیر سایەی فیداکارییەکانی خۆی لە بەرەیەکی جیهانیدا، لانیکەمی مافە ئینسانییەکانی بۆ دابین بکرێ. مەخابن بەدگومانییەکان بەرامبەر سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی ئەمریکا وەڕاست گەڕا و دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ بە دوور لە هەموو پرێنسیپێکی سیاسی بە بڕیاری کتووپڕی کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا، ڕێگەی بۆ هێرشی سەربازیی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ئەو ناوچانە کە دیاربوو پێشتر خۆی بۆ ئامادە کردبوو خۆش کرد. هەر ئەم کردارەی تڕامپ کە بە خەیانەتێکی دیکە لە کوردەکان ناوبرا وایکرد ئەرتەشی پۆشتە و پەرداخی تورکیە لە ١٧ی ڕەزبەردا بەدرۆ و بە ناوی شەڕ لە دژی تێرۆریزم هێرشی بەرینی خۆی بۆ سەر شار و گوندەکانی ڕۆژاوا دەست پێبکا و بە بەرچاوی هێزە هاوپەیمانەکانەوە کە بە یارمەتی و فیداکاری کوردەکانی ڕۆژاوا شانازیی تێکشکانی داعشیان پێ بڕابوو، بێ بەزەییانە کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی لە ژن و منداڵەوە وەڕی خست. ئەو شەڕەی تورکیە بەسەر ڕۆژاوایدا سەپاند، تەنیا لە چەند ڕۆژدا بە سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و بە دەیان هەزار کەس مەجبوور بە بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان بوون ئەم بڕیارە هەڵنەسێنگدراوەی ئاغای تڕامپ کە زیانێکی گەورەی بە کورد لە ڕۆژاوا و دابینکردنی ئارامی لە ناوچەکەدا و بە ئێعتباری سیاسیی ئەمریکا گەیاند، لەگەڵ بەرهەڵستی بەرین لە کۆمەڵگەی جیهانیدا بەرەوڕووبوو. ناڕەزایەتیی توندی ئەندامانی کۆنگرە و سێنای ئەمریکا لە بڕیار و لێدوانەکانی تڕامپ، هەڵوێستی بەجێ بەڵام ناکارامەی یەکیەتیی ئورووپا، وەدەنگهاتنی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی و ناڕەزایەتیی زۆر لە وڵاتانی دیکە کە بوونە هۆی دروستکردنی فشارێکی زۆر لەسەر دەوڵەتی ئەمریکا، کارگێڕانی سیاسەتی تڕامپیان خستە سەر ئەو ڕێگە کە لە لایەک بە هەڕەشەی تەحریم و لە لایەکی دیکەوە بە ناردنی بەهێزترین بەرپرسانیان بۆ تورکیە بکەونە هەوڵی ڕاگرتنی کاتیی شەڕەکە. کارێک کە ئەگەر هیچ هومێدێکی نوێی لای کوردەکان دروست نەکرد بەڵام بوو بە فرسەتێک کە بەشێک لە ژن و منداڵی دانیشتووی ئەو ناوچانە هەلی خۆڕزگاربوونیان لە چنگ مەرگێکی چاوەڕوانکراو دەست کەوت؛ ئەمەش لە حاڵێکدابوو کە هەموو لایەک چاوەڕوانی زیاتریان دەکرد لەم هەوڵە بە پەلانە و لانیکەم دەبوو بڕیاری ڕاوەستانی یەکجاریی شەڕی لێ بکەوتایەوە. ئەگەر لەم شەڕە نابەرامبەرەدا کورد بەتەنیا مایەوە و دیسانیش شۆڕشی مافخوازانەی کورد لە پێناو ساتوسەودا ئابوورییەکاندا پشتگوێ خرا، بەڵام ئەوەی دەبێ لە بەرچاو ون نەبێ خۆڕاگری و لە خۆبووردوویی شەڕڤانانی ڕۆژاوا لە بەرامبەر هێرشی بەرفراوانی تورکیە، پشتیوانی و هاودەنگی هەموو کوردستانیان لە پانتایی وڵاتانی جیهاندا و هەڵخڕانی سۆزی دۆستانی کورد لە ئەمریکا و ئورووپادا بوو کە نەیانهێشت ژینوسایدی خەڵکی ئەم بەشە لە کوردستان لە ژێر پەردەی سیاسەتی بێدەنگی زلهێزەکاندا کە بە دوور لە هەر چەشنە بیرکردنەوەییەکی ئێنسانی تەنیا لە بیری بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان، سەر بگرێ. بێگومان ئیستا ڕۆژاوا تووشی چارەنووسێکی نادیار بووە. بەڵام بۆ داهاتووی ڕۆژاوا و هەموو بەشەکانی کوردستان پێویستە چاوخشاندنەوەیەکی جیددی بە سیاسەت و ڕوانینەکاندا بکرێتەوە. مەسەلەی کورد ئیستا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ. گۆڕانکارییەکان زۆرجار بە دوور لە ئیرادەی کورد دەچنە پێش. پێویستە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا هەوڵی هاودەنگییەک لە ئاست پێویستییەکانی ئیستا و داهاتوومان بگرینە بەر.