کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تابڵۆی ژیان بە وێنەکانی چیچەک و زارا

14:06 - 16 خەزەڵوەر 2719

قسەکردن لەسەر چەمکی ژیان و بایەخەکانی ژین و بەهاکانی مانەوە و هەرمان، وەک ئازادی و سەربەستی بابەتێکی تازە نییە؛ ئەو باسە هەم لە ڕوانگەی فەلسەفی و هەم لە گۆشەنیگای کۆمەڵناسی و دەروونناسیشەوە شەن و کەوی زۆر کراوە. ئەوەی لەو نووسینەدا مەبەستە، ژنی کورد و چەمکی ژیان بە سەربەستییە. ژنانی کورد و پێشەنگەکانی ئەم کاروانە پتر لە هەر کاتێکی دی بەدوای گەڕان و دۆزینەوەی بەشە بزربووەکانی شوناسی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیانەوەن. ئەوان هەن و لە مەیداندان، بە هەڵگرتنی چەک و هاتنە ڕیزی تێکۆشانی سیاسی لە بەرگی پێشمەرگە و شەڕڤاندا، لە شێوەی چالاکیی مەدەنی لە بەستێنە جۆراوجۆرەکانی شوناسخوازیدا، لە خۆڕاگری و بەرخودانیان لە کونجی زینداندا؛ ئەو ئامادەیی و بەرحزوورییەش ئەوەندە تۆخ و بەرچاوە کە هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێ نەیانبینێ یان پەراوێزیان بخا. ئەگەر چاوێک بە مێژووی کورددا بخشێنین و گوێ لە سەربردە و داستانەکان بگرین، بۆمان دەردەکەوێ کە ژنی کورد وێڕای ئەوەی کە لە چەند بار و بواردا چەوساوەتەوە و دەچەوسێتەوە، بەڵام لە خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی شانبەشانی پیاوان لە سەنگەر و لە مەیداندا بووە و بە تایبەتی لەم سەردەمەی مێدیا و ماستمێدیادا ڕەنگێکی دیکەی بە خەباتی کورد داوە. لەم دوڕگە چەقبەستووە دواکەوتووە پیاوسالارانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە ژن بە ناوی دین و داب و نەریتەوە بە پەچە و ڕووبەندەوە ڕۆژی کردۆتە شەو، زۆر جاران ژنی کورد بۆتە پێشەنگ و سەرکردە و سەرکردایەتیی لەشکری پیاوانی کردوە و لە زۆنی میرنشینەکاندا و پێشتریش جێگەی باوک و برای گرتۆتەوە و بۆتە پێشەنگی کاروان و بەرەنگاری سپای دوژمن بۆتەوە. ژنی کورد بەهۆی ستەمێک کە لە گەلەکەی کراوە، کەمتر پڕژاوەتە سەر خەباتی ژنان و زیاتر لە پەنا باوک و براکانی لە سەنگەری بەرگریدا بووە. لە کاتێکدا کە کوردستان کەوتۆتە بەر هێرشی دوژمن و لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە ماڵ و شار و گوند و چیای سووتێنراوە، ژنی کورد زۆر جاران لە فریای گریانیش نەکەوتوە و بێشکە لە کۆڵ زۆرتر لەفکری ڕزگاریی خاک و نەتەوەکەیدا بووە و ویستوویەتی پشت و پەنای پیاوان بێ بۆ ئەوەی خاک داگیر نەکرێ و شوناس و پێناسەی کورد و کوردبوون نەسڕدرێتەوە و دەستاڕی مێژوو نەیهاڕێ و لەو ڕیگەیەشدا زۆر لە ژنانی کورد بوونەتە قوربانی و گیانی خۆیان فیدای خاک و خەڵک و نیشتمانەکەیان کردوە. ژنی کورد تەنیا یەک ئەرکی لەسەر شان نەبووە، ژنی کورد کابانی ماڵ، دایک، خوشک، ژنی شەهید، ژنی پێشمەرگە، ژنی ئەنفالکراو، هاوسەر و لەگەڵ ئەوەی کە شانبەشانی پیاوان هەوڵی بژیوی ژیانی داوە، لە هەمان کاتدا بۆتە پێشەنگ و پێشمەرگە و «چیچەک» ئاسا لە سەنگەری بەرگریدا و «زارا» ئاسا لە سەنگەری پاراستنی زمان و کولتووری کوردیدا، لە پێناو پاراستنی خاک و زمان کەوتوونەتە کونجی زیندان و لەژێر ئەشکەنجەی جەللادەکانی بەندیخانەدا بە شەهامەتەوە خۆڕاگری دەنوێنن، بە ئازارەوە ڕۆژ تێپەڕ دەکەن و بە هیواوە ڕۆژ دەکەنەوە. ئەوان لەپێناو بەرگری لە پاراستنی سەنگەری خاک و زماندا بەندیخانەش دەکەنە قوتابخانەی خۆڕاگری و بە ئازایەتیی ژنانەیان غرووری پیاوی جەللادی دژە کوردو دژە ئازادی تێکدەشکێنن و لەوێش وەرزێکی دیکەی خەبات دەست پێدەکەنەوە. ژنی کورد لە کۆمەڵگەیەکدا دەژی، هەزار و یەک دەرگای لێداخراوە، بەڵام لە پشت دەرگای داخراوی بەندیخانەشەوە وانەی خۆڕاگری و فیداکاری فێری کچان و ژنانی کورد دەکا و دەبێتە مایەی شانازی بۆ پیاوی کورد و بە ئیفتخارەوە ناویان دێنن. لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی پیاوسالارانەدا دەژین، بەڵام ژنی کورد خۆی بەستەڵەک و بەربەستەکانی شکاندوە و شانبەشانی پیاوان سەری لەنێو سەراندا دیار بووە و ئێستاش لەهەموو کاتێک زیاتر چەک لەشان و قەڵەم بەدەست ڕۆڵ و نەخشی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە دیارە. مەستوورەی ئەردەڵان و خانزادی سۆران و زۆر ژنی دیکەی کورد نموونەی ئەو ناو و ناوبانگە بوون و ئەمڕۆش «چیچەک»ـەکان و «زارا»کان نموونەی ئەم بوێری و ئازایەتییەن. لە کاتێکدا کە لەم ناوچەیە لە زۆر شوین ژن ئیزنی پێنادرێ لەگەڵ پیاوان لەسەر سفرەیەک دابنیشێ، بەڵام ژنی کورد شانبەشانی پیاوان لە مەیدانی جەنگ و بەرەنگاریدایە. لەکاتێکدا کە لە ئێرانی بندەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ژن حیسابی پلە دووی بۆ دەکرێ، ئەوە ژنی کورد لەنێو حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئازایانە و بوێرانە لە مەیداندایە. لە کاتێکدا کە ژنی ناکوردی ئێرانی تازە خەریکی «آزادی یواشکی»ـیە و بە ترسەوە لە کۆڵانێکی تەنگەبەردا بەنازەوە لەچکەکەی لادەدا و وێنەیەکی سێلفی! دەگرێ، ئەوە ژنان و کچانی کورد لەسەر لووتکەی چیا بەرزەکانی نیشتمانی کوردەوە، لە ژێر بۆمب و ناپاڵمدا داوای ئازادی دەکەن و چەک لەشان بەگژ لەشکری دوژمندا دەچنەوە؛ لە باشوور و ڕۆژاوا بەرەنگاری یەکێک لە دڕندەترین گرووپە توندڕۆکان بەناوی «داعش» دەبنەوە و تێکی دەشکێنن؛ لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستاندا لەژێر نووکی سەرنێزە و قامچی جەللاددا نووکی خامە بەگژ یاسا نایاسایی و نامرۆڤایەتییەکاندا دەکەنەوە. ئەوە کچان و ژنانی کوردن کە ناهێڵن لە ڕۆژاوا ڕۆژ ئاوابێ و لە ڕۆژهەڵات لەپێناو دەرکەوتنی گزینگی خۆردا دڕ بە شەوەزەنگی ستەم و بێدادی دەدەن. ئەمڕۆ»چیچەک» و «زارا» دەبنە تابڵۆی ژیان و وێنەکانیان دەکرێنە میداڵی شانازی و ئامانجەکانیان دەبنە فەلسەفەی ژیان و ڕێگەکەیان ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەمە. ئەمڕۆ ژنانی کورد دەبنە پێشەنگی ژنانی ئازادیخواز لە ناوچەیەکی دواکەوتوو لەم سەدەیەدا و سەدد و بەربەستەکان دەڕوخێنن لەڕیی ئازادی و ڕزگارییدا گیان دەبەخشن و خاکی پیرۆزی نیشتمان بەخوێن دەنەخشێنن.