کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو ئاگرەی هێزی «ئاگری» لەسەر پشتی دوژمن کردیەوە

14:07 - 16 خەزەڵوەر 2719

مێژووی‌ حیزبی‌ دێموكرات پڕاوپڕه‌ له‌ فیداكاریی‌ ڕۆڵه‌كانی‌ و له‌مباره‌وه‌ لە بست بە بستی خاکی پیرۆزی کوردستان پارێزگاریی کردوە و، بەهایان بۆ داوه‌؛ بەڵام ئێمه‌ نابێ‌ ته‌نیا چاو له‌ شانازییه‌كان بكه‌ین چونكە ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وان ببینین و چاو به‌ خاڵه‌ لاوازەكاندا نه‌خشێنین ئەگەری دووپات بوونەوەی هەڵەکان زۆر دەبێ. مێژووی‌ حیزبی‌ دێموكرات ته‌نیا سه‌ركه‌وتنه‌كان نییه‌ به‌ڵكوو ئه‌وە نزیک بە سێ چارەگە سەدەیە، به‌ هه‌وراز و نشێودا تێپەڕیوە و پاشه‌كشه‌ و هه‌ستانه‌وه ‌و گۆڕینی‌ شێوه‌كانی‌ خه‌بات و ... هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ خۆشی‌ و ناخۆشییه‌کانییەوه‌ پێكهێنه‌ری‌ ڕاستیی مێژووی‌ حیزبن. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی پێشینەی مێژوویی و تێگەیشتوویی سیاسی زۆر زووتر لەبەشەکانی دیکەی ئێران، ماهییەتی چەپەڵ ونێوەرۆکی فاشیستیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بناسن. هەربۆیەش لە سەرتاسەری کوردستان بە بانگەوازی حیزبەو بۆ پاراستنی خاکی نیشتمان هاتن و دەستە دەستە چەکی خۆڕاگرییان دەکردە شان و، لە هەموو شێوەیەکی خەبات بە تایبەتی خەباتی چەکداری لە بەرامبەر ئەو ڕێژیمە دڕندەیە وەستانەوە، هەرئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەرپرسایەتیی دوو ئەرکی گرینگیان بکەوێتە سەرشان. یەکەم، هەڵگرتنی چەکی دیفاع لە مافەکانی گەلی کورد و چوونە سەنگەری پێشەوەی خەبات. دووهەم: ئەو خەبات و گیانبازییە هەستی دلسۆزی و لایەنگریی هەموو ئازادیخوازانی بەشەکانی دیکەی ئێرانی بۆ لای گەلی کورد ڕاکێشابوو. لەلایەکی دیکەش خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە هەست کردن بە ئەرکە قورسە مێژووییەکەی خۆیان، بوونە قەڵایەک بۆ قارەمانانی دێموکرات کە لەپشت ئەو قەڵایە زەبری کاریگەریان لە دوژمن دەوەشاند. بۆیەش خەبات و تێکۆشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەیەی ٦٠ و٧٠ نەک یەکێک لە شانازییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڵكوو وەک ئاماژەم پێدا لەلایەن هەموو گەلانی ئێرانەوە نیشانەی هیوا بوو. زەبرە کاریگەرە یەک لەدوای یەکەکانی پێشمەرگە دوژمنی سەرسام دەکرد. هەگبەی شاخ ‌و شۆڕش باس لە قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بەدژی داگیرکەرانی کوردستانەوە دەچوون، دەکا. ئەوەی لێرە باسی دەکەین تەنیا لاپەڕەیەکە لە لاپەڕە زێڕینەکانی هێزی «ئاگری»ی قارەمان کە بەدەیان و سەدان عەمەلیاتی سەربەرزانەی لە ناوچەی شومالی کوردستان بەدژی هێزەکانی کۆماری تێرۆریزمی ئیسلامی بەڕێوە بردوە. باسکردن لە هێزی «ئاگری»ی قارەمان لەو چەند لاپەڕەیەدا ناکرێ، ئەوەی لێرە باس دەکرێ تەنیا گۆشەیەکی چووکە لە بەرخۆدان و فیداکاریی ڕۆڵەکانی ئەم هێزەیە. چونکی قارەمانانی هێزی ئاگری ڕۆژ نەبوو کە سەری دوژمن لە تاشەبەردەکانی ئەو مەڵبەندە نەدەن و هەر ڕۆژێ لە گۆشەیەکی ئەو دەڤەرە بە نانەوەی کەمین و بەرپەرچدانەوەی هێزی پەلاماردەر و بە هێرش کردنە سەر پایەگاکانی دوژمن و دەست بەسەردا گرتنیان، شانازی بۆ خۆیان و سەربەرزیی حیزب و گەلەکەیان بە دیاری دەهێنا. لە تەواوی ڕۆژ و مانگەکانی ساڵ ئەو تێکۆشەرانە لەو ناوچەیە حزووریان بووە و تەنانەت زۆر جار بۆ مانەوە لەنێو خەڵکی خۆیان مایەی زۆریان داناوە. هەر کۆڕی ئەو تێکۆشەرانە کە تەژی لە پێشمەرگە قارەمان و فەرماندەی بەتوانا بوو بە گەڵاڵەی ڕێکوپێک دوژمنیان دەتەزاند. ئەوەی باسی دەکەین ڕۆژی ٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٠ڕووی دا. بەپێی هەموو ئوسوولێکی شەڕی پارتیزانی، هێزی پێشمەرگە کاروباری پێوەندیدار بە شناساییەوە بەوپەڕی سەرنجەوە لەژێر فەرمانی فەرماندەدا بەڕێوە برد و، دواتر نهێنییەکانی عەمەلیات، پاراستن و دابەشکردنی ئەرکی هەرکام لە دەستەکان بۆ شوێنی خۆی دیاری کرا و، بەپێی ئوسوولی شەڕ هەرکەس لە کاتی خۆی و لە وجێگەی خۆی ئامادە بوو. کاتژمێری ٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٧ی گەلاوێژ، بە مەبەستی زەبرلێدان لە هێزی دوژمن لە نزیک ئاوایی «سوڵتانی» لە ناوچەی سۆما چوونە کەمینەوە و چاوەڕوانی هێزی دوژمن مانەوە، تەنیا نیو سەعات لە کەمیندا بوون کە گرووهێکی زەربەتی دوژمن کەوتە داو. ئەو هێزە هیچکات چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کە لە شوێنێکی ئەوتۆ و لە کاتێکی ئاوادا، بکەوێتە بۆسەی هێزی دێموکراتەوە. لەپڕ دەنگی تفەنگی تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوچەی سۆما دڵی هێزی دوژمنی داخورپاند. هێزی دوژمن هەر کە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزی پێشمەرگە وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان سەریان لێ شێوا و توانای دەسکردنەوەیان لێ بڕا. ئاگری چەکی قارەمانانی هێزی «ئاگری»ی دێموکرات ئەوەندە توند بوو کە لەماوەیەکی زۆر کەم گرووهی زەربەتی دوژمنی لێک هەڵتەکاند و دەرفەتی دەست کردنەوەیان پێ نەدان. لەو کەمینەدا کە لاپەڕەیەکی پڕلە شانازیی دیکەیان بۆ هێزی «ئاگری» تۆمار کرد، نزیک بە ٤٠ کەس لە بەکرێگیراوانی سپای پاسدارانی ڕێژیم کوژران و چەند کەسیش بەدیل گیران، هەر لەو عەمەلیاتەدا دەسکەوتی پارتیزانانی دێموکرات لەو مەیدانەدا دەیان قەبزە چەکی جۆراوجۆر و، بە هەزاران فیشەک بوو. گەڵاڵەی عەمەلیات بەجۆرێک داڕێژرا کە دەستەیەکی دیکە بۆ ئەوەی پایەگای دوژمن لە ئاوایی سوڵتانی نەتوانێ بە یارمەتیی لەداو کەوتووەکانەوە بێ و، یان ناوچە تۆپباران بکا؛ دایانە بەر دەسڕێژی ئاوری چەکەکانیان و بۆ ماوی پتر لە سەعاتێک ئەو مۆڵگەیان ئاگرباران کرد. ئەوەی گرینگە و جێگای ئاماژەیە کە لە ناوچەیەکی سەخت و میلیتاریزە توانیان زەبرێکی باش لە پەیکەری هێزی کۆماری ئیسلامی بدەن و قارەمانانی دوژمن‌شکێنی «ئاگری» لە کۆتاییدا بۆخۆیان هەموو سڵامەت بوون، گرینگتر لەوانە ئەو ناوچەیە بە چەندین پایەگا و گرووهی زەربەتی هێزی داگیرکەر تەنرابوو، بەڵام کوڕانی دێموکرات توانیان ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لەو دەڤەرە بەڕێوە بەرن و، هەموویان بە سروودی «وا هاتن پێشمەرگەی مە» تێکەڵ بە خۆشحاڵیی خەڵکی ناوچە، هاتنەوە بەرەو سەنگەرەکانی خۆیان.