کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێ

14:11 - 16 خەزەڵوەر 2719

"نقاشی قهوەخانە" بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێ (بەشی کۆتایی) کازم دارابی دوای ئەو هەموو هاتوهووتەی بۆ سەلماندنی بێتاوانیی خۆی لە کتێبی «نەقاشیی قاوەخانە»دا دەیکا، ئەمجار ڕووکاری بابەتە دەگۆڕێ و باس لەوە دەکا کە تەنانەت ئەگەر ئەو تێرۆرە پێوەندیشی بووبێ بە کەسانێک کە لە کۆماری ئیسلامیدا بەرپرسایەتییان هەیە، کاری خودی نیزام و دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی نەبووە و لەوانەیە کەسانی خۆسەر کردبێتیان. ئەو بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە لە لاپەڕەی ٣٣٩ی کتێبەکەیدا باس لە گێڕانەوەیەکی هاشمیی ڕەفسنجانی دەکا لەسەر ڕوودای تێرۆری میکوونوس: {...} ئاغای فەلاحیان ڕۆژی جومعە هات و خەبەرەکەی دامێ. ئاغای پوورمحەممەدیش ڕۆژی شەممە هات و ڕاپۆرتی خۆی دا{...} دیارە کە ئەم تێرۆرە کاری هێزە خۆسەرەکان بووە{...} ڕەفسنجانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کاتێ لەو بارەوە پرسیاری لێدەکەن، دەڵێ: {...} وای دابنێین لە یەکێک لە وڵاتەکان تێرۆرێک دەکرێ{...} خەڵکی توندئاژۆ هەبوون و هەن، ئەو مێکۆنووسەی ئێوەش باسی دەکەن شتێکە لەو مایەدا. ڕووداوی لەو چەشنە هەموو کات ڕووی داوە و لە سەردەمی ئیمامیشدا ئەو جۆرە کەسانە هەبوون{...} ئێستاش کەسانی خۆسەر هەن{...} دارابی لە هێنانەوەی ئەم باسە دەیەوێ بڵێ تێرۆری ڕێبەرانی کورد لای ئەوان گرینگیی نەبووە و تەنانەت سەرکۆمار هەواڵی تێرۆرەکەی بە ئاسایی وەرگرتوە و، وەک ڕووداوێکی سادە بینیویەتی. بەڵام هەر ئەم قسانەی ڕەفسنجانی لە وتووێژەکەدا دوای تێپەڕبوونی بیست ساڵ بە سەر تێرۆری میکۆنووس، داننانێکی ڕاشکاوانەیە بەوەی کە تێرۆری میکۆنووس خۆیان کردوویانە و بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتییەکان بەسەر کەسانی «خۆسەر»ی دا دێنن. ئیدی ناڵێن باشە هەموو ئەو کەسانەی لە دەرەوی ئێران دەستیان لە تێرۆری دژبەرانی ڕێژیمدا بووە و گیراون، چۆنە دوای ئازادبوونیان و گەڕانەوەیان بۆ ئێران وەک «قارەمانی میللی» پێشوازییان لێ دەکەن و دوایە لە بەرزترین پۆستەکانی دەسەڵاتدا جێگایان بۆ دەکەنەوە. یانی ئەوەیە وەڵامی کەسانی خۆسەر کە لە کۆمەڵگەی جیهانیدا ڕوخساری ڕێژیمیان ناشیرین کردوە و وەک ڕێژیمێکی تێرۆریست ناساندوویانە؟! یەکێکی دی لە بەڵگەکان کە دادگا بۆ دەستتێدابوونی کۆماری ئیسلامی لە تیرۆری مێکۆنووس پشتی پێ بەست لێدوانەکانی خودی عەلی فەلاحیان، وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بوو. دادگای میکۆنووس ڕۆژی ١٤ی مارسی ١٩٩٦ بڕیاری دەستبەسەر کردنی عەلی فەلاحیانی بەو شێوەیە دەرکرد: {...} وەزیری ڕێکخراوەکانی ئیتلاعات و کاروباری ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی فلاحیان، لەدایکبووی نەجەف‌ئاوا/ ئێران، شوێنی خزمەت و دانیشتن ڕەنگە تاران/ ئێران، وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەم تاوانبارە لەبەردەستدا نییە، دەبێ بەشێوەی کاتی دەستبەسەر بکرێ. ناوبراو گومانی بەهێزی لەسەرە کە لە ڕێکەوتی ١٧/٩/١٩٩٢ بە هاودەستیی کەسانی دیکە لەسەر بنەمای شەرئەنگێزانە و فریودەرانە بە کەلک‌وەرگرتن لە کەرەستەی مەترسیدار چوار ئینسانیان کوشتوە و هەوڵیان داوە بۆ کوشتنی کەسێکی دی{...} تاوانبار عەلی فلاحیان بەو شێوەیەی خوارەوە لە تێرۆری ڕۆژی ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢دا بەشدار بووە. ناوبراو لە کاتی پلاندانان و بەڕێوەبردنی تێرۆرەکە سەرۆکی وەزارەتی ئیتلاعات و ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و هەیە. ئەم وەزارەتە پێوەندییەکانی لەگەڵ ناوەندێکی دیکەی ئەمنیەتی بەناوی سپای بەڕواڵەت پارێزەرانی شۆڕش (پاسداران) بەتایبەتی لەگەڵ هێزی «قودس» کە هێزێکە بۆ چالاکی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران زۆر پێکەوە تێکەڵ و هاڵۆزن. ئەو وەزارتخانەیە بەتوندی بەرەوڕووی گرووپە جیابیرەکان و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە، بەچەشنێک نەک هەر چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراو و گرووپانە قەدەغە دەکا، بەڵکوو لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش پێ‌وشوێنی نوێنەرەکانیان هەڵدەگرێ{...} تاوانبار فەلاحیان لە ڕێکەوتی 30ی ئووتی 1992 و لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ کاناڵێکی ئێراندا و لە نێوان قسەکانیدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە گروپێک ناو دێنێ کە وەزارەتەکەی بەدوایانەوەیە{...} دەقی قسەکانی عەلی فەلاحیان لەو چاوپێکەوتنەدا بەمجۆرەیە: ئێمە بەشی ئەمنیەتیمان هەیە کە چالاکییەکانی گرۆپەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی خستۆتە ژێر چاودێری، ئێمە توانیومانە دزە بکەینە نێو ڕێکخراوەکانیان و{...} ئەگەر لەسەر یەک چاو لێ بکەین، لە ئیستادا تاقم و گرووپی چالاک لەدژی ئێمە نەماون، ئەوان ناچار بوون وڵات بەجێ بێڵن، ئێمە لە کارکردنمان لەسەریان بەردەوام دەبین{...} ئێستا بەدوای ئەوانەوەین و لە دەرەوی وڵاتیش هەر لەژێر چاودێری دان{...} ئێمە لەدژی ئەوان سەرکەوتنمان بەدەست هێناوە و توانیومانە لە دەرەوی سنوورەکانی ئێرانیش زەبری کاریگەریان لێ بدەین... یەکێک لەو گرووپانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە{...} لە ساڵی ڕابردوودا توانیمان زەبری قورس لە ئەندامانی ئەو حیزبە بدەین{...} ئەو قسانەی فەلاحیان بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بوون کە لە دادگا لەدژی بەکار هاتن. بەدوای دەرچوونی حوکمی دەستبەسەر کردنی عەلی فەلاحیان لە لایەن دادگاوە، کاربەدەستانی ئێران لە سەرۆککۆمارەوە بگرە هەتا وەزیری ئیتلاعات هەر کام بە نۆرەی خۆیان قەوانە کۆنەکەیان لێ دایەوە و گوتیان ئەو حوکمەی دادگا لەژێر کاریگەریی «ڕێژیمی سەهیونیستیی ئیسرائیل» و هاتوهوریای دژەشۆرش دراوە و بڕیارەکەی بەڕەسمی ناناسین و{...} بابەتێکی دیکە لەو کتێبەدا کە جێگای سەرنجە ئەوەیە دارابی خۆی باس لەوە دەکا کە ماوەی دە ساڵان لە ئاڵمان لەژێر چاودێری پۆلیسی ئەو وڵاتەدا بووە. {...}بۆخۆشم پێم سەیر بوو کە ئەوان دە ساڵ منیان وەک کەسێکی مەترسیدار خستۆتە ژێر چاودێری{...} ڕاستە من لە ڕووداوی هێرش بۆ سەر «خەوتنگەی» ی زانکۆی شاری ماینتس لە ساڵی ١٩٨٢ بەپێچەوانەی قانوونی ئاڵمان جووڵامەوە، بەڵام سزای خۆم وەرگرتبوو{...} بەپێی بەڵگەکانی دادگای میکۆنووس دارابی لەو دەستە کەسانە بووە کە دایمە پۆلیس بەنهێنی چاوەدێریی کردوە و تەنانەت بڕیاری بیستن و تۆمارکردنی پێوەندییە تەلەفونییەکانیشی لە لایەن دەزگای قەزاییەوە دراوە، بەڵام لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە لەسەر تێرۆری میکۆنووس بۆ دادوەرەکانی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە دامودەزگای پێوەندیدار کەمتەرخەمییان کردوە و تەلەفوونەکانی دارابی شنوود نەکراون. ڕەنگبێ ئەگەر تەلەفوونەکانی دارابی شنوود کرابا، کارەساتی تێرۆری میکۆنووس ڕووی نەدابا. ساڵی ١٩٩٣ و ساڵێک دوای ڕوودانی کارەساتی میکۆنووس کۆمێسیۆنێکی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە پێک هات و ئەم پرسیارە ورووژا کە چۆنە دامودەزگای ئەمنیەتیی ئاڵمان نەیانتوانیوە پێش بەو ڕووداوە بگرن. کاتێک ئەو کومیسیونە دەستبەکار دەبێ لە ڕاپۆرتێکدا لە ڕێکەوتی ٦/ ٩/١٩٩٣ munter ئاوا دەنووسێ: {کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی میکۆنووس ئەمڕۆ دەستی بەکارکرد، پێش دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە شاهیدەکان، دەمەچەقەیەکی توند لە نێوان ئەندامانی کۆمیسیۆندا دروست بوو. ئیدارەی ئەیالەتی پارێزگاری لە قانوونی ئەساسی و بەشی ئیداری نێوخۆی سەنا یەکتریان تاوانبار دەکرد بە کەمتەرخەمی پێش لە کوشتاری چوار سیاسەتمەداری کوردی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی لە مانگی سێپتامبری١٩٩٢ لە شاری بێرلین.} بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی دراوە، کازم دارابی سەرۆکی ئیحتمالیی ئەو هێرشە توانیویەتی ماوەی حەوت مانگ ئازادانە و بێئەوەی لەژێر چاودێریدا بێ، لە دەورووبەری ڕووباری «ئیشپری» لە بێڕلین هاتوچۆ بکا. لەگەڵ ئەوەدا کە دەزگاکانی ئەمنیەتیی ڕۆژئاوا ناوبراویان وەک سەرکردەیەکی مەترسیداری ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسیوە و ویستوویانە لەژێر چاوەدێری بگیرێ، بەو حاڵە ئەو کارە بێئاکام مایەوە؛ چونکە ئیدارەی پاریزگاری لە قانوونی ئەساسی کە بەرپرسایەتیی ئەو کارەی لە ئەستۆ بووە لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە هێزی پێویستی لە ئیختیاردا نەبووە.) لەو ڕاپۆرتە کورتەدا دووشت بەڕوونی دیارە. یەکەم، لەسەر ئەوە کە کازم دارابی پێش تێرۆری میکۆنووس بۆ پۆلیس و دەزگای ئەمنیەتیی ئاڵمان و تەنانەت بۆ دەزگاکانی ئەمنیەتیی ڕۆژئاواش ناسیاو بووە و گوتراوە کە ناوبراو کەسێکی کارایە لە گرووپە توندڕەوەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی. دووهەم، بەئاشکرا دەردەکەوێ کە دەزگا ئەمنیەتییەکانی ئاڵمان لە ماوەی پێش تێرۆری میکۆنووس زۆر چالاک نەبوون، چونکە ئەگەر چالاک بوایەن ڕەنگە کارەساتی میکۆنووس ڕووی نەدابا. بەپێی زانیاریی ڕۆژنامەکانی ئەوکاتی ئاڵمان و بەپێی لێدوانەکانی «ڕاینهاد پاوک»، بەرپرسی کاروباری ئەمنیەتی کۆنفڕانسی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست، ئیمکانی هەیە پۆلیس ئاگادار کرابێتەوە لە سەردانی شەڕەفکەندی، ڕێبەری کوردەکان. پاوک بە کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی میکۆنووسی گوت کە سیاستمەداری دوورخراوە (د. شەرەفکەندی) کە بۆ کۆنفڕانسی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست هاتبوو، لە لیستی بەشدارانی ئەو کۆنفڕانسەدا بوو کە دەبوا ئەمنیەتی پارێزراو با. پاوک دەڵێ ئەو هەشت ڕۆژ پێش لە هێرشەکە ئەو لیستەی داوە بە پۆلیسێکی خاوەن سەڵاحییەت، بەڵام ئەو پۆلیسە لیستەکەی تەحویل وەرنەگرتوە. بەمجۆرە پاوک قسەکانی پۆلیس و هێکل مان، سێناتۆری کاروباری نێوخۆیی لە حیزبی CDU کە لە بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست بوو ڕەت دەکاتەوە سەبارەت بەوەی گوترابوو پۆلیس لە بابەتی پاراستنی ئەوان ئاگادار نەکراوەتەوە و قوربانییەکانی تێرۆری میکونووس ناویان لە لیستی بەشدارانی کۆنفڕانسەکەدا نەبووە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو کەمتەرخەمیانەی دەزگای ئەمنیەتی و پۆلیسی ئاڵمان سەرەوە باس کران، دیسان جێگای دەستخۆشی گوتنە بە پۆلیس و دەزگای قەزایی ئالمان کە توانیان لە ماوەیەکی کەمدا تێرۆریستەکان دەستبەسەر و دادگاییان بکەن. دوای ئەمەش بڕیاری دەزگایی قەزایی ڕوون و بوێرانە بوو. ئەم دادگایە ڕوخساری ڕاستەقینەی ڕێژیم و کاربەدەستانی بڕیاردەر بۆ تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەم ڕێژیمەی ئاشکرا کرد و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلام ی لە بەرزترین پلەی دەسەڵاتدا بە تاوانبار ناساند. هەروەها تەواوی هەوڵ و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی دادگای کردە بەڵگەی بەهێز بۆ دەست تێدابوون و بڕیاردان لەسەر تێرۆری میکۆنووس و بووە هۆی ئەوەی کە ڕێژیم لە درێژەدان بە تێرۆری دژبەرانی لە وڵاتانی ئورووپا دەست بپارێزێ. لە کۆتاییدا هەر چەند کازم دارابی هەموو هەوڵی ئەوەیە کە بە خوێنەر بسەلمێنێ لە تێرۆری مێکۆنووسدا بێتاوانە، بەڵام خۆی هەر لە کتێبەکەیدا و لە زاری خۆیەوە بە‌ڵگەی حاشاهەڵنەگر لە تاوانباربوونی خۆی بەدەستەوەدەدا. کۆتایی