کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرهەڵدان دژی «سیستمی» ئێران لە عێراق و سووریە*

14:13 - 16 خەزەڵوەر 2719

هەنووکە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست شاهیدی یەکەم نموونەکانی سەرهەڵدانی جەماوەری لە وڵاتانێکە کە ئێران بە سەریاندا زاڵە. بە شێوەیەکی گەلێک نامۆ بۆ عێراق و لوبنان، ئەو ناڕەزایەتییانەی ئێستا لە ئارادان جەخت لەسەر گەندەڵیی سیاسی و ئابووری، بەڕێوەبەریی خراپ و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتنی جەماوەر بە سەرچاوەکانی دەسەڵات دەکەن. لە هەردوو شوێن، سەرەڕای ئەو پێداگرییە، خۆپیشاندەران بەرەوڕووی زاڵبوونی سیستمێک لە وڵاتەکەیان بوونەوە کە لە دەرەوەڕا بەسەریاندا سەپاوە. لە عێراق خۆپیشاندانەکان لە یەکی مانگی ئۆکتۆبر دەستی پێکرد. ئەو خۆپیشاندانانە لە بەغدا سەری هەڵدا و خێرا بۆ چەند شاری دیکە لە باشووری وڵات بڵاو بۆوە، لە نێویاندا پارێزگاکانی ناسریە، دیوانیە، بابل، واست، موسەننا و زیقار. هۆی سەرەکیی سەرهەڵدانەکان لابردنی ژێنێڕاڵی خۆشەویستی عادل عەبدولمەهدی، عەبدولوەهاب ئەلساعدی لە پۆستی جێگری فەرماندەی هێزی دژەتێرۆر بوو. بەڵام، وەلانانی ئەلساعدی نیشانەی مەسەلەیەکی قووڵتر بوو. ئەلساعدی کە بۆخۆی لە شیعەلانی بەغدایە بە هەڵوێستە ناتایفەیی و پرۆفێشنالیزمەکانی ناوبانگی دەرکردبوو. هێزی دژەتێرۆر، کە ئەو تێیدا خزمەتی دەکرد، هێزێک بوو کە ئەمریکاییەکان دروستیان کردبوو و ڕا‌هێنانیان پێ دەکردن. لابردنی ناوبراو لە پۆستەکەی بە شێوەیەکی بەربڵاو وا لێکدرایەوە کە کاری حەشدی شەعبی بێ، بۆ ئەوەی کە ڕکەبەرێک لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە. کەوابوو، لە کاتێکدا کە ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بەخێرایی بۆ پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان گۆڕا، بە تایبەتی دەستوێڕانەگەیشتنی لاوان بە خانووی هەرزان، لە سەرەتاوە پرسی دەسەڵاتی ناهەڵبژێراو و ناوڵامدەری ئێران لە دڵی دەوڵەتداریی عێراقدا هەبوو. خۆپیشاندەر، مووسا ڕەحمەتوڵڵای بەغدادی، تەمەن ٢٨ ساڵ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ناوەندی ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەو شێوە باسی ئەو پرۆسەیەی کرد: «گیروگرفتەکان کۆمەڵایەتی و ئابوورین، بەڵام ئێستا گەورەتر بوونەوە. ئێستا، داوای سەرەکی و ویستی خۆپیشاندەران ئەوەیە کە ئەوان دەیانهەوێ ڕێژیم بڕووخێ.» هەڵبەت ئەوە، دروشمێکی کۆنە کە لە گۆڕەپانە گشتییەکانی وڵاتانی عەڕەب لە کاتی ماوەی کورتی «بەهاری عەڕەبی» لە بەهاری ٢٠١١_٢٠١٠دا دەنگی دەداوە. بەڵام لێرە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە. لە توونسی بین عەلی، میسری موبارەک، سووریەی ئەسەد و هتد، ئەوە شتێکی ئاشکرا بوو کە ڕێژیم چییە. بەڵام لە عێراق، بەفەرمی سیستمی دێموکراسی لەسەر کارە، بە پارلمان و هەڵبژاردنی ئاساییەوە. کەوابوو ئەوە کام «ڕێژیمە» کە ڕەحموتەڵڵا و خۆپیشاندەرانی دیکە ئاماژەی پێ دەکەن؟ خۆپیشاندەرێک لە پۆستێکی فەیسبووکدا بەو شێوەیە شی کردۆتەوە: «لە کاتێکدا کە وڵات تاڵان دەکرێ، دێموکراسی بە تەنیا بەس نییە! بەشداری لە هەڵبژاردندا بەکەلکی چی دێ، لە کاتێکدا ببینی کە میلیشیاکان هەڕەشە لە براوەی هەڵبژاردن بکەن، هەڕەشەی هەڵایساندنی شەڕی نێوخۆیی و شتی دیکە بکەن و، پاشان ڕێگایان پێ بدرێ کە دەسەڵاتی زۆر زیاتریان بەسەر دەوڵەتەوە هەبێ؟!» ئێران و هاوپەیمانەکانی وێدەچی گومانیان لەوەدا نەبێ کە ئەو «ڕێژیم»ـەی کە باسی دەکرێ (لە زمانی عەڕەبیدا وشەی «نیزام» مانای «سیستم»ـیش دەدا کە ڕەنگبێ لێرەدا شیاوتر بێ) ئەوەیە کە لەنێو دامەزراوە فەرمییە دێموکراسییەکاندا، تاران پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی خۆی دروست کردوە، کە هیچ ڕێگایەک بۆ سکاڵا کردن لە بڕیارەکانی ئەوان نییە. ئەوەی کە ئێرانییەکان لەو بارەوە دڵنیان ڕەنگبێ نەکرێ لە لێدوانەکانیان‌ڕا، بەڵکوو، لە ئاکارەکانیاندا ببینرێ. لە سەرەتاوە، دەسەڵاتی سەربازیی میلیشیا شیعەکان، هاوتەریب و بە هاوکاریی هێزە ئەمنیەتییە فەرمییەکانی دەوڵەت بزوێنران، بەو مەبەستە کە بێبەزەییانە خۆپیشاندەران سەرکوت بکەن. بەگوێرەی هەواڵێکی ئەسۆشیتد پرێس، فەرماندەی سپای قودسی ئێران قاسم سولەیمانی لە ٢ی ئۆکتۆبر بۆ ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنەکە چوو بۆ عێراق. ئاکامەکەی ئەوە بوو کە تەنیا لە ٤ حەوتووی خۆپیشاندانەکاندا، زیاتر لە ٢٥٠ خۆپیشاندەر کوژران. لە ١٧ی ئۆکتۆبر ڕۆیتەرز باسی وردەکارییەکانی ئەو پرۆسەیەی کرد کە لەوێدا باسی تاک‌تیرهاوێژی میلیشیاکانی سەربە ئێرانی کردبوو کە لە سەربانی شوێنی خۆپیشاندانەکان‌ڕا فەرمانی تەقە بە مەبەستی کوشتنی خۆپیشاندەرەکانیان پێدرابوو. بە گوێرەی ڕۆیتەرز، ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن کەسێک بەناوی ئەبوو زەینەب ئەلـلامی، کاربەدەستێکی پلەبەرزی حەشدی شەعبی کە پێوەندیی زۆر نیزیکی لەگەڵ ئێران هەیە، بەڕێوە چووبوو. هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە ڕۆیتەرز لە زمانی ئەوانەوە باسی شتەکەی کردووە، ئیدیعایان کردوە کە تاک‌تیرهاوێژەکان «لە جیات پێوەندیکردن بە فەرماندەکانی هێزە سەربازییەکانەوە ڕاستەوخۆ گوزارشیان داوەتە فەرماندەکەیان .» وردەکارییەکانی زنجیرەی فەرماندەیی و ڕێژەی هاوکاریی لەبنەوەی نێوان ئەو دوو لایەنە جێگای مشتومڕە. بەڵام دەوری هێزەکانی سەربە سپای پاسداران وەک بکەری سەرەکیی سەرکوتی خۆپیشاندەران، ئاشکرایە. دۆخەکە هەر دێ و خراپتر دەبێ و کۆتاییەکەی ناڕوونە. ڕۆژی چوارشەممە، تەقەی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەرانی شاری ناسراوی شیعە، واتە کەربەلا، کرا. لە ئاکامدا ١٨ کەس کوژران. هێزە عێراقییەکان دەڵێن کە میلیشیاکانی عەسائیب ئەهلەلحەق و کەتائیبی حیزبوڵڵا لەو شارەدا چالاکن. مەزنترین خۆپیشاندانەکان لە مەیدانی تەحریری بەغدا بەڕێوە دەچن. لە دۆخە جیاوازەکەی لوبناندا، دینامیزمێکی هاوشێوە بەڕێوەیە. ناڕەزایەتییەک کە لەسەرەتادا دژی باجی نوێ بۆ سەر تووتنەوات، سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی تەلەفۆنی ئینتەرنێتی بوو، خێرا تەشەنەی کرد و بووە ئالنگارییەکی گشتی بۆ سەر سیستمی سیاسیی گەندەڵی وڵات. هۆی ناڕەزایەتیی خۆپیشاندەران ئابووری و کۆمەڵایەتین. ئەوان ڕاستەوخۆ دژی حیزبوڵڵا و ئاغا ئێرانییەکانیان نین. خۆپیشاندەران دەیانهەوێ کە هاوپەیمانیی هەنووکەیی لە نێوان بەرژەوەندییە گەندەڵ و تایفەیەکان جێگای خۆی بدا بە دەوڵەتێک پێکهاتوو لە تەکنۆکراتان. هاندەری ئەوان دۆخی خراپی ئابووریی وڵات، بێکاریی بەربڵاو و قورستر بوونی قەرزەکانی وڵاتە. بەڵام وەک ئاشکرا بووە، دۆخی هەنووکەیی پێوەندی بە ساختاری ئێرانییەوە هەیە، کە دەسەڵاتداری ڕاستەقینەی لوبنانە. ئەو ڕووکەشێکی دڵخوازی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەر دەکا تا حیزبوڵڵا بتوانێ لەژێر ئەو ڕووکەشەدا دەسەڵاتی قۆرخکراوی خۆی بپارێزێ. لە ئاکامدا، لە دوای ٢٠ی ئۆکتۆبر، کاتێک کە حەسەن نەسڕوڵڵا بۆ یەکەم جار دژی خۆپیشاندانەکان قسەی کرد و، بە ‌هێزێکی زیاترەوە دوای ٢٥ی ئۆکتۆبر، لاتەکانی حیزبوڵڵا و ئەمەل دەستیان کردوە بە ئازار و ئەزیەتی خۆپیشاندەران تا ئاراستەکە بەرەو توندوتیژیی بەرن. لە ئێستاوە، سەرۆک وەزیران سەعد حەریری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کردوە. خۆپیشاندەران بەڵێنیان داوە کە لەسەر شەقامەکان بمێننەوە. ئەوان داوای دەوڵەتی «پسپۆڕان» و وەلانانی سیستمی سیاسیی تایفەگەرانەی لوبنان دەکەن، کە ڕێگا بە ئێلیتێک دەدا خۆ بسەپێنن، کە بە بۆچوونی خۆپیشاندەران ئەو ئێلیتە بەرپرسی دۆخی خراپی ئابووریی ئێستان. وەک بڕیاردەری ڕاستەقینە، ئێستا نۆرەی حیزبوڵڵایە کە دەوڵەتی نوێ پێک بێنێ. خاڵی سەرەکی، لە هەردوو مەسەلەی عێراق و لوبنان، ئەوەیە کە هەر ناڕەزایەتییەک یا خۆپیشاندانی جەماوەری لە کۆتاییدا دەبێ پرسی دەسەڵات بگرێتەوە، واتە کێ بڕیاردەرە؟ و گەلۆ مافی سکاڵا کردن، هەیە؟ لە هەردوو دۆخی لوبنان و عێراقدا، کاتێک کە ڕازاندنەوەکان، شتە خەیاڵییەکان و شتە ڕووکەشییەکان وەلا نران، خۆپیشاندەران بەرەوڕووی پێکهاتەیەکی سیاسی_ سەربازیی هەڵنەبژێراو، چەکدار و گەلێک بێبەزەیی دەبنەوە کە بڕیاردەری کۆتایی و خاوەنی دەسەڵات لە وڵاتن. ئەو پێکهاتەیە، بە نۆرەی خۆی، لە ڕێگای مێکانیزمی سپای پاسدارانەوە، لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندایە. ئێران، لە لێدوانەکانیدا، پێی‌خۆشە کاتێک کە باسی بەرەی خۆی دەکا بە «تەوەری بەرخۆدان» ناوی بێنێ. مەبەستیشی ئەوەیە کە ئەو، هێزە سەرکوتکراو و ڕاستەقینەکانی ناوچە لە دژی پیلانەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئیسڕاییل و بەکرێگیراوەکانیان، کۆ دەکاتەوە. بە کردەوە، وەک ڕووداوەکانی هەنووکەیی عێراق و لوبنان ئاشکرای دەکەن، سیستمی ئێرانی وەبیرهێنەوەرەی سیستەمێکی کۆلۆنیالییە، کە لەسوێدا تواناییەکانی دانیشتووانی خۆجێیی بۆ بڕیاردان لەنێو دەچێ، و پێکهاتەیەکی ژێر کۆنتڕۆڵی ئێران خۆی دەسەپێنێ بەسەریاندا. پاشان ئەو دەسەڵاتە بە شێوەیەک بەڕێوە دەچێ کە لە بەرژەوەندیی تاراندابێ، بەبێ لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندییە ئابووری و بەرژەوەندییەکانی دیکەی خەڵکی ژێر دەسەڵات. ئێستا خەڵکی ژێر دەسەڵاتی عێراق و لوبنان دژی سیستم سەریان هەڵداوە. بەڵام، جارێ دیار نییە کە ئاخۆ ئەوان ئەو ئامرازە پێویستەیان هەبێ کە بتوانێ ببێتە ئالنگارییەکی جیدی. * ئورشەلیم پۆست_جاناتان سپایەر