کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە "صدور انقلاب"ـەوە تا "کردنە دەرەوەی ئێران" لە وڵاتانی ناوچە

14:16 - 16 خەزەڵوەر 2719

هەرچەند ڕەوتی نوێی خۆپیشاندانەکان لە عێراق لە ڕواڵەتدا بێ‌ڕێبەر و بێ‌پلانە، بەڵام ئەوەی ڕوونە نێوەرۆکی ئەم خۆپیشاندانانەیە کە هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی‌ دەربڕین سەبارەت بە دۆخی نالەباری ژیان و گوزەران و بێکاری و دژایەتیکردنی گەندەڵی، خەڵکی ئەم وڵاتە باس لە هێندێک بابەتی پێوەندیدار بە ڕۆڵی خراپی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتەکەیاندا دەکەن کە جێی تێڕامان و لێورد بوونەوەیە. خۆپیشاندەران لە شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بە - سوننی و شیعەوە – باس لە گەڕانەوەی سەروەری و سەربەخۆیی بۆ وڵاتەکەیان دەکەن و ڕاشکاوانە داوا لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن کە لە وڵاتەکەیان بچێتە دەرەوە. ئەوان بە بەرزکردنەوەی دروشمی « ئێران بۆ دەرەوە»، لە بەغدا و کەربەلا وێنەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی گشتیی سپای قودسی سەربە سپای پاسدارانی ئەم ڕێژیمەیان خستە ژێر پێیان و دڕاندیان و ئاوریان تێبەردا. خەڵکی تووڕە و ناڕازیی عێراق کە بەسەدان کەسیان لەم خۆپیشاندانانەدا لێ کوژراوە و بەهەزاران کەسیشیان لێ بریندار کراوە، لەو باوەڕەدان کە ئەوانەی هێرشیان دەکەنە سەر، هێزی عێراقی نین و ئەو هێزە چەکدارانەن کە یان لە ئێرانەوە بۆ سەرکوتکردنیان نێردراون یان ئەو هێزانەن کە بە دەست و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساز کراون. لەم پێوەندییەدا تا ئێستا چەند جارێک بەرپرسانی ئەمنیەتیی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە کەسانی جۆراوجۆر هەن کە سەربە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان نین و لەو لاوە تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن. ئەم هەڵوێستەی خۆپیشاندەرانی عێراق بەرانبەر بە ئێران چ لە ڕووی جۆری دەربڕین و چ لە ڕووی پانتایی ناڕەزایەتییەکانەوە، لە نەوعی خۆ‌یدا لانیکەم لە ماوەی ئەم نزیک بە ١٧ ساڵەدا – دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەدام حسەین – بێوێنە و تازەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆ ماوەی ٨ ساڵ لەگەڵ نیزامی سیاسیی پێشووی عێراق لە شەڕدا بووە، لەسەر بنەمای ستراتێژیی «ناردنەدەرەوەی شۆڕش» و «گەیشتن بە قودس لە ڕێگای کەربەلاوە»، دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعسی سەدام حسەین و لە ڕێگای پشتیوانیکردن لە کۆمەڵێک لایەنی شێعە، عێراقی وەک حەوشە خەڵوەتی خۆی سەیر دەکرد. ئێران لە ڕێگای سپای قودس و قاسم سولەیمانییەوە لەو ماوەیەدا لە ڕێگای پشتیوانی لە کۆمەڵێک لایەنی شیعەی نزیک لە خۆی لە عێراق و دروستکردنی کۆمەڵێک هێزی چەکداری وەک حەشدی شەعبی کە ڕاستەوخۆ لەژێر ڕێنمایی و چاودێریی فەرماندەرانی قودسدایە، هەوڵی ئەوە بووە ئەم وڵاتە بکاتە پێگەیەکی قاییم و هەمیشەیی خۆی بۆ گەیشتن بەو خەونە لەمێژینەی کە پێکهێنانی «هیلالی شیعە»یە. لەم پێناوەدا بەمیلیاردها دۆلار پووڵی لە سەروەت و سامانی خەڵک و وڵاتی هەزینە کرد و بەئاشکرا دەستێوەردانی لە پرۆسێسی سیاسیی ئەم وڵاتەدا کرد. بەڵام وەک باس کرا زۆری نەخایاند کە خەڵکی عێراق، بە تایبەت پێکهاتەی شیعە مەزهەبی ئەم وڵاتە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیان وابوو دەتوانن دەستەمۆیان بکەن و ئیرادەی نەتەوەیی و نیشتمانییان تێک بڕووخێنن و بە گەورەکردنەوەی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی وەک سوننی و کورد، لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن، یەکگرتووانە و ئاشکرا، لە ئاستێکی جەماوەریدا «نا»یەکی گەورە و پڕمانایان بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وت و لەبەغدا و کەربەلا هاواریان کرد: «ئێران بۆ دەرەوە». کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە سەرووی هەمووانەوە، عەلی خامنەیی، کە تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین بیریان لەوە نەدەکردەوە کە لانیکەم بەم زووانە لە عێراق تووشی ئەم دۆخە ببن و لێیان بڕاسێن، دەستبەجێ کەوتنە لۆمە و مەحکوومکردنی خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراقیان بەستەوە بە «پیلانی سرویسە ئەمنیەتییەکانی وڵاتانی ئامریکا و زایۆنیزم»! دوای ئەوەی خامنەیی ڕایگەیاند کە سرویسە ئەمنیەتییەکانی چەند وڵاتێکی دوژمن کە مەبەستی لە ئامریکا و ئیسڕاییل بوو، لە پشت خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە هەن، چەند دەزگایەکی هەواڵگریی ناوچەکە باسیان لەوە کرد کە بە فەرمانی ناوبراو، شەوانە قاسمی سولەیمانی بە هێلیکۆپتێر سەفەری بەغدای کردوە و لەگەڵ هێزە ئەمنیەتییەکانی عێراق لەسەر چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران کۆ بۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە: «ئێمە ئەزموونێکی سەرکەوتوومان لەوبارەوە هەیە»! هەر دوای ئەم سەفەر و کۆبوونەوانەی قاسم سولەیمانی، ڕەوتی هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران و تەقەلێکردن و بێسەروشوێنکردنیان پەرەی ئەستاند. بۆیە خۆپیشاندەران هەم لە کەربەلا و هەم لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، وێنەی قاسم سولەیمانیان لەگەڵ وێنەی خامنەیی پێکەوە خستە ژێر پێ و ئاوریان تێبەردان. هەڵوێستی خەڵکی عێراق بەرامبەر بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم وڵاتە، لەگەڵ ئەوەی وشیاری و نیشتیمانیبوونی خەڵکی عێراقی بە شیعە و سوننەوە دەرخست، ئەوەشی سەلماند کە لە کۆتاییدا ستراتێژیی «ناردنەدەرەوەی شۆڕش»ی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکەدا ڕووی لە شکستە. چونکی ئەم بیرۆکەیە هەر لە سەرەتاوە نەتەنیا بێبەری لە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بوو، بەڵکوو دژبە بەرژەوەندییەکانی خەڵک و وڵاتی ئێران بوو. بۆیە زۆر ڕاشکاوانە لە ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، خەڵکی ئێران بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی: «نە غەزە نە لوبنان، گیانم بە فیدای ئێران» «واز لە فەلەستین بێنە و ئاوڕ لە ئێمە بدەوە»، ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامییان خستە ژێر پرسیار و ڕەتیان کردەوە. ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە عێراق بەرامبەر بە ئێران دەستی پێکردوە و پێشتریش فەلەستینییەکان و دوای ئەویش خەڵکی سووریە دژبە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکانیان بەڕێوە برد، تا دێ زیاتر لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ. کۆماری ئیسلامی کە خۆی بە قەییوم و نوێنەر و دەمڕاستی شیعەکانی دنیا دەزانێ و لەم پێوەندییەدا چوار دەیەیە لە سەروەت و سامان و ئێعتباری خەڵک و وڵاتی ئێران مایە دادەنێ و لەم پێناوەدا خەڵکی لە هەژاری و ڕۆژەڕەشی و وڵاتی لە پاشکەوتوویی و لە پەراوێزبووندا ڕاگرتووە، چیدیکە ناتوانێ خەڵکی ناوچەکە فریو بدا. ئەوان باش دەزانن؛ ئەم ڕێژیمە کە خەڵک و وڵاتی خۆی تووشی دەیان قەیرانی جۆراوجۆری دەرەکی و نێوخۆیی کردۆتەوە و نەیتوانیوە سەرەتاییترین ئاستی ژیان بۆ خەڵکی وڵاتەکەی خۆی دابین بکا، چۆن دەتوانێ «سەرفرازی و عیزەت» بۆ ئەوان بە دیاری بهێنێ. ئەوان زۆر باش لەوە گەیشتوون کە بەهۆی ڕێژیمێکەوە کە لە ئاستی ناوچەکە و نێونەتەوەیدا، بە ڕێژیمێکی نەحەواوە و شەڕاژۆ و ماکەی تێرۆریزم ناسراوە، نەتەنیا تووشی ژیانێکی خۆش و وڵاتێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو نابن، بەڵکوو تا هەتایە لە شەڕ و ماڵوێرانی و قەیرانی جۆراوجۆردا پەلەقاژێ دەکەن. بۆیە درەنگ یا زوو لوبنانییەکان و یەمەنییەکان و تەواوی خەڵکی ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وڵاتەکەیان تووشی شەڕ، نائەمنی و ماڵوێرانی بووە، وەک ئێستای خەڵکی عێراق دروشمی «ئێران بۆ دەرەوە» بەرز دەکەنەوە.