کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماف و مرۆڤ لە ئاوێنەی بیرکردنەەوی کۆماری ئیسلامیدا

14:34 - 16 خەزەڵوەر 2719

لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەردا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جارێکی دیکەش بە تاوانی لەژێرپێنانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا مەحکووم کرایەوە. جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتنێری شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا، بەوردی و بەپشتبەستن بە بەڵگە و ئاماری حاشاهەڵنەگر، پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤدا ئاشکرا کردوە. لە بەشێک لەو ڕاپۆرتەدا جاوید ڕەحمان باس لە دۆخی نالەباری کەمایەتییە نەتەوەیی و دینییەکان، سەرکوتی کرێکارانی ناڕازی و ڕخنەگران لە حیجابی زۆرەملی دەکا و هەروەها تیشک دەخاتە سەر ڕەوشی بەندکراوە سیاسی و مەدەنییەکان. لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەر و دژیگەلییە هەموو ساڵێ و بەردەوام لەلایەن کۆمیسیۆن و شۆڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی پارێزەری مافی مرۆڤ بە تاوانی پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ سەرکۆنە کراوە. ئەو ڕێژیمە تەنیا بۆ جارێک و ئەویش لەسەردەمی گالین‌دۆپۆل، وەک ڕاپۆرتنێری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی نەبێ کە ناوبراو توانی سەردانی ئێران بکا و لە نیزیکەوە ڕەوشی مافی مرۆڤ لەم وڵاتە هەڵسەنگێنێ، ئیزن بە هیچکام لە ڕاپۆرتنێرەکانی ئەو ڕێکخراوە نەدراوە کە سەردانی ئێران بکەن و ئێران بەهیچ ‌شێوەیەک لە بواری لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی مافی مرۆڤ هاوکاریی شۆڕای مافی مرۆڤی نەکردوە. هەربۆیەش ڕاپۆرتنێرەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی پارێزەری مافی مرۆڤ وەک لێبوردنی نێونەتەوەیی و هەواڵنێرانی بێسنوور، تەنیا دەستیان بەو هەواڵانە ڕادەگا کە ڕێژیم بڵاویان دەکاتەوە یان ئەو هەواڵانەی لە لایەن کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنی و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانەوە دەدرێنە دەرێ. ئەوەش دیارە ناتوانێ دەربڕی هەموو حاڵەتەکانی لەژێرپێنانی مافی مرۆڤ لەلایەن دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی بێ و لەو بوارەدا کەموکووڕیی بەرچاو بە ڕاپۆرتەکانەوە دیارە. ئاخوندە دەسەڵاتدارەکانی ئێران بەپێچەوانەی زۆربەی دیکتاتۆر و دەسەڵاتە سەرەڕۆیەکان کە تێدەکۆشن کار و کردەوە قیزەونەکانیان پووشبەسەر بکەن یان هەرنەبێ بۆ نیشاندانی ڕواڵەتێکی سەردەمیانە یاساکانی پێوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ لە یاسای بنەڕەتی وڵاتەکانیاندا دەگونجێنن، نەک تەنیا هیچ ترس و دوودڵییەکیان لە دەستبردن بۆ جینایەت و تاوان و سەرکوتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نییە، بەڵکوو بە چەسپاندنی یاسا دواکەوتووەکانی چاخەڕەشەکان، پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ دەکەن و ئەم پێشێلکردنە بۆ هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک شۆڕ کراوەتەوە و بە سیستماتیک بووە. هەر لە یاسای هەڵبژاردنەکانەوە بگرە کە هەر بەناو هەڵبژاردنن، هەتا یاساکانی پێوەندیدار بە دەزگای داد و ڕێکخراوە سیاسی و سێنفییەکان، مافی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکان، ژنان و زۆر یاسا و ڕێسای دیکە بەپێچەوانەی یاساکانی باو لە جیهانە و لەگەڵ جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ ناتەبایە. لەڕاستیدا کارنامەی ڕەشی ئەو ڕێژیمە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوو نیشان دەدا ئاخوندەکان بۆ مانەوەیان لەدەسەڵاتدا لە هیچ کردەوەیەکی سەرکوتکەرانە، تەنانەت ئەگەر بەقیمەتی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەسیش بێ، سڵ ناکەن و بگرە پاساوی دینی و یاساییشی بۆ دێننەوە. یاسایەک کە نەک هەڵقوڵاوی بیری مۆدێڕن لە جیهانی پێشکەوتووی ئێستادا، بەڵکوو لە خوێندنەوەیەکە کە ئاخوندەکان لە شەریعەتی ئیسلام، ئەویش ئیسلامی شیعەی دوازدەئیمامی دەیکەن کە بە تەواوی لەگەڵ سەردەمی ئێستا ناتەبایە. کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە بواری مافی مرۆڤ ڕەشتر لەوەیە بمانەوێ باسی بکەین و ئاوڕێکی لێ بدەینەوە. سەرکوتی بێبەزەییانە و خوێناویی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی کە جینایەتەکانیان گەیشتە چڵەپۆپە و کۆمەڵکوژیی چەند هەزار بەندکراوی سیاسی لە دوای شەڕی ئێران و عێراق بوو؛ هێرشی دڕندانە بۆ کوردستان و کۆمەڵکوژیی خەڵکی گوند و شارەکان و لەسێدارەدانی سەدان کەس لە لاوانی کورد و کاولکردنی کوردستان کە هەرئێستاش ئاسەوارەکەی دەبیندرێن و بەردەوام بوون لە سیاسەتی هەڵاواردنی گەلی کورد و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی؛ سەرکوتی جووڵانەوەی خوێندکاران و هێرش بۆ زانکۆکان بەتایبەت لە ساڵی ٧٨ی هەتاوی، فێڵ و تەڵەکە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ساڵی ٨٨ و سەرکوتی خوێناویی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و جینایەتەکانی بەندیخانەی «کەهریزەک»، سەرکوتی ڕاپەڕینی بەربەرینی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە ساڵی ٩٦ی هەتاوی لە زیاتر لە ١٠٠ شاری گەورە و بچووکی ئێران و کوشتن و بریندار کردنی سەدان کەس و هەروەها لەژێر ئەشکەنجەدا، کوشتنی ٣٠ کەس لە بەندکراوەکانی ئەو ڕاپەڕینە کە ١٠ کەسیان لە شارەکانی کوردستان بوون و گرتنی هەزاران کەس کە ئێستاش سەدان کەسیان لە بەندیخانەدان؛ بڕەوپێدانی سیاسەتی داپڵۆسینی ناڕەزایەتیی کرێکاران، مایەپۆچکراوەکانی بنکە و بونیاتە داراییەکانی سەربە ڕێژیم و هەروەها زیندانیکردنی چالاکە مەدەنی و سیاسییەکانی دژی سیاسەتی هەڵاواردنی ژنان، هەر هەموویان بەشێک لە کاروکردەوە دژە‌ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان و مافیای سپای پاسداران لەو ماوەیەدا بوون. لە کوردستانیش پێشێلکردنی مافی مرۆڤ زۆر زەقتر و خوێناویتر بووە و لە ماوەی تەمەنی نگریسی ئەو ڕێژیمەدا بە هەزاران هەزار حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن سەرکوتکەرانی گەلەکەمان ڕووی داوە و ئێستاش لێی بەردەوامن. جگە لەو کوشتار و جینایەتانەی کە ڕێژیم لە ماوەی دەسەڵاتی ڕەشی خۆیدا لەکوردستان کردوونی و دەکرێ بە دەیان نموونەی بێنینەبەرباس، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردووشدا پەلاماردانی خەڵکی ناڕازیی کوردستان و زیندان و ئەشکەنجە و سەپاندنی حوکمی زیندان و لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی ڕووی داوە و ڕێژیم بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتە نگریسەکەی، لاوەکانی کوردستان دەکاتە سووتمانی سیاسەتە دژیگەلییەکانی خۆی. هەر ئێستا سەدان کەس لە چالاکە سیاسی و ژینگەپارێز و ئەندامانی ناوەندە ئەدەبییەکان لە زیندانەکان لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا دەسبەسەرن و پەڕاوی قەزاییان بۆ کراوەتەوە. هەر ئەوەیکە نیوەی زیندانیانی سیاسی لە ئێراندا لە نەتەوەی کوردن لەلایەک نیشاندەری دڵڕەقی و دژایەتیی کۆماری ئیسلامییە لەگەڵ گەلی کورد و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە و؛ لەلایەکی دیکەش نیشان دەدا گەلی کورد سەرەڕای سیاسەتی سەرکوتی خوێناویی گەلەکەمان، نەیتوانیوە هەستی نەتەوایەتی و مافخوازی لەنێو کورددا لاواز بکا. لە حاڵەتە زەق و بەرچاو و خوێناوییەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا جێی خۆیەتی ئاماژە بە کوشتاری بەردەوامی کۆڵبەران و کاسبکاران بکەین کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان ڕوویان لە ناوچە سنوورییەکان کردوە و ڕۆژانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە تەقەیان لێدەکرێ و دەکوژرێن و بریندار دەکرێن. ئەوە لەحالێکدایە کە هەموو ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و ڕاپۆرتنێری مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کوشتار و قەڵاچۆکردنی کوڵبەرانیان هەموو ساڵێ مەحکووم کردوە و داوای ڕاگرتنی ئەو جینایەتانەیان لە ڕێژیم کردوە. سپای پاسداران بەناوی بەربەرەکانی لەگەڵ دیاردەی قاچاغ تەقە لە کۆڵبەرانێک دەکەن کە لەڕووی ناچاری و لەبەر نەبوونی هەلی کار لە ناوچەکانیان ڕوویان لەو پیشە پڕ کێشەیە کردوە. بەڵام کێیە نەزانێ کە سپای پاسداران وەک مافیای ئابووریی و نیزامی دەستی بەسەر نیوەی زیاتری ئابووری ئێراندا گرتوە و لە ڕێگەی جوڕاوجۆری وەک سنوورە ئاوی و ویشکانییەکان خەریکی هاوردە و هەناردەکردنی دەیان میلیارد دۆلار کەلوپەل ئەویش بە قاچاغ و نایاساییە. هەر ئەوەیکە مەحموود ئەحمەدینەژاد سەرۆککۆماری پێشووی ڕێژیم بە ڕاشکاوی باس لە «برایانی قاچاقچی» (برادران قاچاقچی) دەکا و دەڵێ سپای پاسداران دەستی لە قاچاغی میلیاردیدا هەیە نیشان دەدا دیاردەی قاچاغ لە کۆماری ئیسلامیدا لە ئاستی بەرز و لەلایەن مافیای سپای پاسداران وەک «دەوڵەتی سێبەر» دەکرێ و کوشتاری کۆڵبەر و کاسبکاران تەنیا دوژمنایەتیی ڕووت و هەڵڕشتنی ڕق و کینەی سەرکوتکەرانی نەتەوەکەمانە. بێگومان هەتا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەرکار بێ دەسەڵاتداران و ناوەندەکانی سەرکوت و دەزگای بەناو دادی ڕێژیم مافی مرۆڤ بەشێوەی زۆر بێبەزەییانە پێشێل دەکەن و محکوومکرانی ئەو ڕێژیمە لەلایەن ڕاپۆرتنێری شۆڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەیدا کارێکی باش و بەجێیە، ناتوانێ بەر بە سیاسەت و کردەوەکانی ڕێژیم بگرێ و هەروەک ئاماژەی پێدرا، کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی لە هیچ جینایەتێک خۆناپارێزێ. ئەوەی دەتوانێ ئاستی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەگەر نە خاشەبڕ، بەڵکوو کەم بکاتەوە، لەلایەک بەردەوامیی بوێرانەی کەسایەتی و بژاردە سەربەخۆ و دیارەکانی کۆمەڵ و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و بەگشتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە لە پەرەپێدانی ناڕەزایەتی لە دەسەڵات و سیاسەتەکانی و لەلایەکی دیکەش بەردەوامیی گوشاری بەکردەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز و پێشکەوتووی جیهانە کە چیدی پێشێلکردنی مافی مرۆف لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە قبووڵ نەکەن و نەمانی ئەو دیاردە دزێوە بخەنە یەکێک لە مەرجەکانی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان و لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان، هەروەک چۆن لابردنی گەمارۆکانیان بەستووەتەوە بە نەمانی چالاکییە ناوکی و مووشەکییەکان و دەستێوەردانی ڕێژیم لە وڵاتانی ناوچە و ئاژاوەگێڕییەکانی.