کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە گێژاوی سیاسەتی ناوچەییدا

14:45 - 16 خەزەڵوەر 2719

شەپۆلەکانی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی بەرەبەرە بەرەو ئێران دەگەڕێتەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی توانیبووی بەهۆی پشتیوانییە ماڵییەکانی و بەکارهێنانی هێزە تایبەتەکانی سپای قودسی پاسداران پەل باوێتە زۆربەی ئەو وڵاتانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە شیعە مەزهەبەکانی لێ نیشتەجێن. ڕێبەرانی ڕێژیم بەپێی سیاسەتی پاوانخوازانەیان و بەمەبەستی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی شیعی لە ناوچەدا، جیاواز لە هەوڵی نائەمنکردنی هەموو ناوچەکە، توانییان لە لوبنان، سووریە و عێراق کە زۆرینەی خەڵکەکەیان ئایینزای شیعەیان هەیە جێ پێیەکی باش بۆ سەپاندن و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسیی خۆیان بکەنەوە. دوای وێرانبوونی وڵاتانی یەمەن و سووریە، ئێستا دەردەکەوێ بەرەبەرە لەمیان بەهۆی فشارەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی و سیاسەتی ئامریکا و لەوی دیکەش بەهۆی زاڵبوونی هێژموونیی ڕووسیە، ڕێژیم جێ پێی پێ لەق بووە. ئێستا نۆرە گەیوەتە لوبنان و عێراق کە خەڵکی ناڕازی لە شێوازی دەسەڵاتداری و نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ ژیانیان لە شەقامی شارە گەورەکانیان خۆپیشاندان دەکەن و داوای گۆڕینی دەسەڵاتداران و شێوازی حوکمڕانی لە وڵاتەکەیان دەکەن. دوو وڵاتی گرینگ لە بازنەی ستراتێژییەکانی کۆماری ئیسلامیدا، کە هەر گۆڕانکارییەک بە قازانجی خەڵک دەتوانێ ببێتە هۆی داڕمانی تەواوی ستراتێژییەکانی ڕێژیم لە ناوچەدا. عێراق بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ ئێران و حەشیمەتی زۆری شیعەی تێکەڵ بە بیری ناسیۆنالیستی عەرەبی لەو وڵاتە و بوون و نفووزی ئەمریکا لەوێ، گرینگییەکی زیاتری بۆ ڕێبەرانی ڕێژیم هەیە. هەر بۆیە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە سەرهەڵدانی نائارامی لەو وڵاتەدا نیگەران بوون و ئەگەر بۆ خۆیشیان وەک پێویست دەستیان لە وەڕیخستنی نائارامییەکیشدا بووبێ تەنیا بە شێوەی کاتی و بۆ فشار خستنەسەر دامودەزگایەکی حکوومەتی و شکاندنی بێدەنگی بەرامبەر بوونی هێزەکانی ئامریکا بووە و دواتر بۆ چارەسەرکردنی دەستیان تێوەرداوە و خۆیان کردووەتە پیاوچاکی مەیدانەکە. ترسی ئێران لە بوون و پەرەسەندنی هەر نائارامییەک لە عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی نفووز و دەسەڵاتی ئامریکا و کورتکردنەوەی دەستی ئەوان لە کاریگەرییان لە داڕشتنی سیاسەتەکانیان لەم وڵاتەدا. لە لایەکی دیکەشەوە گەڕانەوەی شەپۆلی نائارامییەکان بۆ نێوخوی ئێران کە دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دەسەڵاتەکەی خۆیان وەک خەتەرێک دەبینن کە نەتوانن پێشی پێ بگرن. بەڵام ١٦ ساڵ لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسەین و بەهۆی دەخالەتەکانی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە حیزب و گرووپ‌گەلێکی تایبەت لەنێو شیعەکاندا و، زیاتر لەوەش دروستکردنی گرووپی چەکداریی جیاجیای بەستراوە بەخۆیان، هێشتا ئەم وڵاتە سەقامگیری بەخۆیەوە نەدیوە. جگە لە بڵاوبوونەوەی نائەمنییەکی زۆر و سەرەڕای داهاتی زۆری وڵات، خەڵک هێشتا لە ژیانێکی سەردەمیانەی ئینسانیی بێبەشن. ئەمەش هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکانە لە ناوچە عەرەبییە شیعەکاندا و دەردەکەوێ بێمتمانەییەکی زۆر بەرامبەر دەسەڵاتدارە جۆراوجۆرەکان کە یەک بە دوای یەک لەو ساڵانەدا کە بە دەنگی ئەوان گەیشتوونەتە دەسەڵات و حوکمڕانییان کردووە لە نێو خەڵکدا دروست بووە. لەم نێوەدا کۆماری ئیسلامی کە دەستی باڵای لە دەخالەت کردن لە کاروباری عێراقدا هەیە و بە بەرچاوی خەڵکەوە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودس هەر ئێستا لە بەغدادە و دەیەوێ بەپێی ویستی ئێران چارەسەری کێشەکان بدۆزێتەوە، کەوتووەتە بەر ڕقی کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕیوی خۆپیشاندەر. ئەو خەڵکە کە بە تەواوی هەستیان بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە و دەزانن کە بوونی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەیان، بە بەرزکردنەوەی دروشمی ئێران بۆ دەرەوە و دڕاندنی وێنەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دژایەتیی خۆیان لەگەڵ بوون و دەخالەتەکانی ئەوان دەردەبڕن. ڕق و تووڕەییەک کە وای لە کۆماری ئیسلامی کرد داوا لە زیارەتکارانی ئێرانی کەربەلا بکا کە واز لە سەفەری عێراق بێنن. بەمجۆرە دەردەکەوێ کە ڕێژیمی ئێران نەتەنیا نەیتوانیوە شیعەی عێراق بکاتە بەشێک لە لەشکری خۆی بۆ دوژمنایەتیی ئەو وڵاتانەی مەبەستیانە بە گژیاندا بکەن، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ڕیزبەندیی خۆیان وەک شیعەی عێراقی بەرامبەر بەوان پاراستووە و نایانەوێ وڵاتەکەیان بکەنە سووتمانی فرەخوازییەکانی ئێران. بێگومان هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی حیزبی لە ڕێگەی دروستکردنی دەستەبەندی لەنێو سیاسەتمەدارە حیزبییەکانی شیعەدا بە مەبەستی دەسەڵاتداریی زۆرینەی شیعەکان لە ڕێگەی ئەو لایەنانەوە کە کۆماری ئیسلامی پشتگیرییان دەکا و خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی یاساکانی بەڕێوەبەریی وڵات کە هۆکاری دروستبوونی گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی گشتیی عێراقی بەدوای خۆیدا هێناوە، سەرچاوەی پەرەگرتنی ناڕەزایەتییەکانە لەنێو خەڵکی عێراقدا. بەڵام ئەوەی کە خۆپیشاندەران کۆماری ئیسلامی بە سەرچاوەی ئەو کارەساتەی بەسەریان هاتوە دەزانن جێگەی سەرنجە. خەڵکی ڕاپەڕیوی عێراق کە وەک هەموو گەلێکی ئازادیخواز پێش هەموو شتێک بیر لە سەربەخۆیی و سەربەستیی خۆیان دەکەنەوە بەڕوونی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیاندا دەبینن. لە ئیدعاکانی دەسەڵاتدارییان بەسەر پێتەختەکانی وڵاتانی عەرەبی و یەک لەوان بەغدا هەتا خۆڕانانی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لەنێو خاکی عێراقدا و پەیامەکانی خامنەیی‌ڕا بگرە هەتا هەوڵدانیان بۆ کاریگەری لەسەر دیاریکردنی بەرپرسانی حکوومەتیی عێراق لە ڕێگەی قاسم سولەیمانییەوە بە مەبەستی ڕێخۆشکردن بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانیان، ئەو هۆکارانەن کە تووڕەیی خەڵکی بە دوای خۆیدا هێناوە و دروشمی دژبە ئێران و کۆماری ئیسلامی و چوونەدەریان لە وڵاتەکەیان، لە بەغدا و کەربەلا و نەجەف کە بۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی سێ پێگەی گرینگی سیاسی و ئایینین، بووەتە دروشمی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان. بەمجۆرە دەبینین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای چوار دەیە لە دەسەڵاتداریی پڕلە شەڕ و خوێنڕشتن و هەوڵی بۆ دەسەڵاتداری بە سەر وڵاتانی موسوڵماندا، لە کاتێکدا لە نێوخۆی ئێرانیشدا لەگەڵ قەیرانە بەردەوامەکانی ڕووبەڕوو بووە، لەو وڵاتانەش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پێگەی خۆی لەنێو خەڵکیدا لە دەست دەدا و ئێستا دەبێ چاوەڕوان بن کە شەپۆلی وەڕێخستنی شۆڕش لەو وڵاتانەدا بەرەو نێوخۆی ئێران بگەڕێتەوە.