کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزب لە ڕێورەسمی کۆتایی کۆنگرەی 17

04:58 - 1 سەرماوەز 2719

خالید عەزیزی: ژیانی حیزبی دێموکرات و مانەوەی ئەم حیزبە لەسۆنگەی فیداکاریی پێشمەرگە بووە، ئێمە سەربەرزین بە پێشمەرگەکانمان و دەڵێین کە هەموومان پێشمەرگەی دێموکراتی ) دەقی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزب لە ڕێورەسمی کۆتایی کۆنگرەی 17(   ئەندامان و پێشمەرگەکان و کادرەکانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان! بەخۆشییەوە کۆنگرەی ١٧ی  حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەسترا بەپێی دەستووری کارێک کە هەبوو  کۆتایی پێهات و ئەو کۆنگرەیە لە تەواوی بڕگەکانی کاری ڕۆژانەی  خۆیدا بەسەرکەوتوویی توانی کارەکان بەرێتە پێش. کاتێک باسی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەین تەبیعەتەن هەوراز و نشێو لە ژیانی سیاسیی ئێمەدا قۆناغی جۆراوجۆر تا گەیشتن بە لووتکە و زۆرجار تەنانەت زەربەی گەورەش لە ئێمە دراوە، بەڵام هەر هەستاوینەتەوە. ژیانی سیاسی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات و دەربەدەری و هەندەران، مێژووی ڕابردووی خەبات و تێکۆشانی ئەندامانی حیزبی بە ڕێبەرانیەوە ئەوەندە جۆراوجۆر بووە، بۆیە قسە کردن لە کۆنگرەی حیزبی دێموکرات دەتوانێ لە زۆر بوارەوە سەرنجڕاکێش بێ. یەکەم کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پێشەوا قازی محمەممەد دەستی پێکرد، کۆنگرەکانی دیکە لە ئیدامەی خۆیاندا بە دوکتور قاسملوو گەیشتنە لووتکە، دوکتور شەرەفکەندیش هەر لە درێژەی دەسپێک و لووتکەوە لەو شەرایەتە ناخۆشەدا ئیدامەی دا. بۆیە کۆنگرەی ئێمە تێکەڵاوێکە لە یادی ڕێبەرانمان پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و شەرەفکەندی، بەرهەمی خوێنی هەزاران هەزار شەهیدە، بەرهەمی تێکۆشانی سەدان کادر و هەزاران پێشمەرگەیە، بەرهەمی خۆڕاگری و خەبات و تێکۆشانی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵاتە کە بەشێکیان سەربازی ونن، ئەگەر نەیانتوانی لێرە لە کۆنگرەدا حزووریان بێ لەگەڵ ئێمە، بەڵام لەوێ بە شێوازی جۆراجۆر ئەو حیزبەیان سەربەرز ڕاگرتووە و، دیسانیش کۆتاییان نەکردوە پەیام و تێبینیی خۆیان ناردووە بۆ کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئەم کۆنگرەیە مەعنایەکی تایبەتی دیکەشی هەیە کە بڕێک جیاوازی دەکاتەوە لە هەندێک لە کۆنگرەکانی پێشوو بە پێڕەوی لە ئێستای ژیانی سیاسیی ئێمە. ئەم کۆنگرەیە بە ناوی کۆنگرەی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان ناودێر کرا، لە شەرایەت و زرووفێکدا گیرا کە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات دەوری ساڵێک و دوو مانگ پێش لە ئێستا بە مووشەک هێرشی کرایە سەر و، لە ئاکامی ئەو هێرشە مووشەکییەدا پۆلێک لە هاوڕێیانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەهید بوون. هەرچەند لەم کۆنگرەیەدا ئەو هاوڕێیانە جێگایان بەتاڵ بوو بەڵام بیر و باوەڕی ئەوان و بیرۆکەی ئەوان بەهێز بوو. هەر بەدوای شەهیدانی قەڵا ئیرادەیەک لەو حیزبەدا دروست بوو کە توانی بڕیار لە ئیدامەی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکراتدا بەهێز بکا ئەگەر زەربەی قورسیشی لێ بکەوێ. ئێمە لە قۆناغێکدا کۆنگرە دەگرین و کۆنگرەمان بە سەرکەوتوویی تەواو کرد کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە شێواوییەکی بەریندایە، تەنانەت ئەو وڵاتانەی دەسەڵاتی تۆکمەیان هەیە لە دەوروبەرمان، لە زۆر بواردا ئەمنیەتێکی تەواویان نییە تەنانەت زۆر لایەن هەن ڕەنگە لە ژیانی سیاسیی خۆیاندا مەوقعیەتیان لە ئێمە باشتر بووبێ بەڵام وا بەڕاحەتی کۆنگرەیان بۆ نەگیراوە. هەموو ئەو پێداهەڵکوتنە بە خۆمان و بە کۆنگرەی خۆمان پێداهەڵکوتن بە ئیرادەیەکە، بەبڕیارێکە کە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر یەک ئەو بڕیارەیان بەدرێژایی ژیانی ئەو حیزبە داوە. ئەگەر لێشمان بدەن، زەرەری قورسیشمان پێبەگەیەنن و بۆخۆیان پێیان وابێ شکستیان داوین، نا ئێمە لەو مەیدانەدا هەڵدەستینەوە و هەستاوینەتەوەش. جا ئەگەر وایە حیزبێک ئەو ئیرادەیەی لە ڕابردووەوە لەپشت بووبێ، بێگومان کاتێک لەگەڵ قەیرانی ئاوا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، کاتێک زۆر لایەن لە بواری ئەمنیەتییەوە دەبنە هەڕەشە لەسەری، مەبەست لە زۆر لایەن تەنیا موئەسساتی کۆماری ئیسلامییە. بە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی، بە دەزگا ئەمنیەتییەکانیەوە، بە سیستمی سایبری و هەموو ئەوانەوە کە لە سۆنگەی ئەمنیەتییەوە هەڕەشەیەک بوون لەسەر ئێمە. بەڵام لە بەرامبەر ئیرادەی بەهێزی ئێمەدا نەیانتوانی هیچ بکەن. بۆیە گەورەترین سەرکەتنی کۆنگرەی ئێمە ئەوەیە کە لەو کەش و هەوایەدا، توانی پۆلێک لە هاوڕێیانی حیزبی لێرە و لە دەرەوی وڵات لەدەوری یەک کۆ بکاتەوە و بەیەکەوە لەسەر چارەنووسی حیزبەکەمان، لەسەر داڕشتنی سیاسەت و، داهاتووی حیزبەکەمان مەشوەرەت بکەین و بۆ جارێکی دیکە هەموومان پەیمان نوێ بکەینەوە، کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئیعتباری ڕابردووی، نفووزە جەماوەرییەکەی لە نێوخۆی وڵات، وردبینی و سەرنج و هەستی بەرپرسایەتیی کادرەکانی؛ ئەو حیزبە نییە بەو زەربانەی کە کۆماری ئیسلامی لێمان دەدا بە چۆکدا بێ و تەسلیم بێ، نا قەت وا نییە. هۆکاری هەیە ئەو نا گوتنە، یەک لە هۆکارە هەرە بەهێزەکان ئیرادەی خۆمانە و هۆکاری دووهەممان ئەوە بوو پاش هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئێمە، خەڵکی بەئەمەگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرجەم هەموو ئەوانەی کە بە پەڕۆش بوون، بۆ داهاتووی ئەم جووڵانەوەیە بۆ داهاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کوردستانی ئێران لە ماڵەکانی خۆیان مانەوە، ئێعترازیان بە کۆماری ئیسلامی کرد و، پەیامێکی بەهێزیشیان بۆ ئێمە نارد، گوتیان ئێمە خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان لەگەڵتانین، حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد و دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی، حیزبی هەزاران هەزار شەهید و حیزبی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان کە لە بەرامبەر مووشەکیشدا ڕاوەستان و بە چۆکدا نەهاتن. ئەوە فاکتۆری بەهێز و بەرزی ئەو کۆنگرەیە بوو، ئەوە دەستەبەری ئەوە دەکا کە ئەو حیزبە بە ئیعتباری هەموو ئەوانە لە مەیداندایە و لە مەیداندا دەمێنێتەوە و، بە ئیعباری مەوقعیەت و نفووزێک کە هەیەتی لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، تێدەکۆشێ لە سیاسەتە گەورەکاندا گەورە بێ و لەو شوێنانەی پێویستە جێگە و پەنجەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ بکا و سەقامگیری بکا. جیاواز لەو ئیرادە بەهێزە، جیاواز لەو ئەرکەی کە لەسەر شانی ئێمە داندراوە و ئێمەش ئەمەگناسانە بەڕێوەمان برد و تەحەممولی زۆر مەترسیمان کرد. تەبیعەتەن ئەو کۆنگرەیە لە بواری تەداروکاتی و پێڕاگەیشتنەوە، دیسانەکانە بەرهەمی کار و تێکۆشانی هەموو ئۆرگانەکانی حیزب بووە؛ هەر ئۆرگانێک بە شێوەی خۆی و لە جێگای خۆیدا. بۆیە جێگای خۆیەتی لێرە من لە لایەن هاوڕێیانەوە سپاسی هەموو ئۆرگانەکانی حیزب تاک بە تاک بکەم کە لە ماوەی بەستنی کۆنگرەدا لە ڕۆژی یەکەمەوە تا کۆتایی هاتنی کۆنگرە ئەو ئەرکانەی کە لەسەر شانیان بوو، وەک حیزبێکی موتەعەهێد جێبەجێیان کرد و بەڕێوەیان برد. پێش کۆنگرە لەو کەشوهەوا ئەمنیەتییەی کە بەسەر ئێمەیاندا زاڵ کردبوو و کۆماری ئیسلامی پەیتاپەیتا دیویست فەزایەکی ناخۆشی ڕەوانی بۆ ئێمە دروست بکا، کومیتەی ئامادەکاریی کۆنگرە، ئەندامانی کومیتەی ناوەندی. ئەندامانی دەفتەری سیاسی، هەر هەموویان بەوەوە ماندوو بوون کە ئێمە بچینە کۆنگرەیەک وردبینی لە هەموو بوارێکدا کرابێ. بۆیە جێگای خۆیەتی زۆر زۆر سپاسی کومیتەی ناوەندیی پێشوو، ئەندامانی دەفتەری سیاسی و بەتایبەت زۆر سپاسی هاوڕێی تێکۆشەرم کاک مستەفا مەولوودی بکەم کە زۆر باش شانی وەبەردا و مەسئوولانە و مەعقووڵانە جووڵاوە. هەموو ئەوانە بەیەکەوە توانیان ئەو زەمینە لەبارە دروست بکەن کە کۆنگرەی ئێمە کاتیک کۆ ببووینەوە بە هەستی ئارامش و ئەمنیەتەوە لەوێدا بتوانین لەگەڵ یەکتر قسە بکەین. جیاواز لە هەمووی ئەوانە بەخۆشییەوە کۆنگرەی ئێمە لە بواری سیاسیشەوە ئاگاداری دۆخی سیاسی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و هەروەها پرسی کورد وەک نەتەوەیەک لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستدا. بۆیە ئێمە لە ماوەی کۆنگرەدا لە باسێکی چڕوپڕدا تێکۆشاوین لەگەڵ یەکتر بەیەکەوە بۆچوونە جیاوازەکان کۆ بکەینەوە و بیکەین بە پردێکی بەهێز بۆ ئەوەی حیزبەکەی ئێمە لە داهاتوودا بتوانێ لە هەموو ئەو بوارانەدا سیاسەت بکا. کۆنگرەی ئێمە کۆنگرەیەکی دێموکراتیک بوو، باسەکانی ئێمە لەنێو کۆنگرەدا هەر ئەوە بووە کە لە ڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە بەژنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بڕاوە. واتە لە کۆنگرەکاندا بە شێوەیەکی ئازاد و دێموکراتیک قسە دەکەین، جیاوازییەکان دێنینە بەرباس، بەڵام کاتێک کۆنگرە تەواو دەبێ، کار و تێکۆشان و بەرپرسایەتی و دەست‌ جێبەجێ کردنی بڕگەکانی کۆنگرە لە بواری جۆراوجۆردا پێدەکا. ئێمە هەموومان بە خۆشییەوە لە کۆنگرەدا ئەوەمان ڕاگەیاند کە بەیەکەوە لە ئاست جێبەجێ کردنی بڕگەکان و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٧دا، تێدەکۆشین بە ئیحساسی مەسئوولیەتەوە کار بکەین و، هەر ئەوەش لە ئێمە دێتەوە. چۆن توانیمان بەیەکەوە خەسارەتی ڕەوانی و تەشکیلاتیی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات تا ڕادەیەکی زۆر ساڕیژ بکەینەوە، دڵنیام بەیەکەوە دەتوانین لە ماوەی ساڵانی داهاتوو هەتا کۆنگرەی ئایندە، ئەو حیزبە دەوڵەمەندتریش بکەین. ئەمن لەوە دڵنیام هەموومان بەیەکەوە و بە هاوکاریی یەکتر، چون حیزبی ئێمە بەخۆشییەوە پیانسیێلی ئەوەی هەیە و نیشانی داوە ئەوە عەمەلییە و دەگۆنجێ. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لێکدانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەنجەرەی بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و نەتەوەی کورد بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، لەو پێوەندییەدا سیاسەتی ئێمە لە هەر شوێنێک و لە هەر جێگایەک لە بوعدی دیپلۆماسی و پێوەندیی نێودەوڵەتی، ئەگەر دەرگایەک بۆ حیزبی دێموکرات بکرێتەوە، تێدەکۆشێ لەو بوارەدا دەنگی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو شوێنە بگەیەنێ و، تێدەکۆشێ ئەو پەیامە بگەیەنێ کە لە ئەگەری هەر ئاڵۆگۆڕێک کە بەسەر ئێراندا دێ بە شەڕ، ئاشتی و ئاڵۆگۆڕی دیکە؛ ئەوەیان لەبیر بێ ئێران ئەمنیەت و ئاسایش بە خۆیەوە نابینێ ئەگەر کێشەی نەتەوەی کورد لەم وڵاتەدا چارەسەر نەکرێ. ئەگەر قەزییەی نەتەوەی کورد لە ئێراندا لەبەرچاو نەگیرێ ئەوە یەکێک لەو شتە ئۆسوولیانەیە کە بەخۆشییەوە کۆنگرە تەئکیدی لەسەر کردەوە. هەر لەو پێوەندییەدا کۆنگرە پێداگریی لەسەر ئەوە بوو کە ئێمە تێبکۆشین وەک نەتەوەی کورد و لایەنەکانی سیاسیی کورد لە کوردستانی ئێران، کاتێک لەگەڵ لەیەنە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان قسە دەکەین، لەوێش هەر ئاوا هەڵسکەوت بکەین. هەڵسوکەوتی ئێمە لە گەڵ هەموو ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان ئەوەیە چەندوچۆنیی دەربەست بوون و بڕیار و بەڵێنییەکانی ئەوان بە نیسبەت چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیەک لە داهاتووی ئێراندایە. ئەوە بەردی بناغەی ئێمەیە لە پێوەندی لەگەڵ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی. هەروەها ئێمە تەئکیدمان کردەوە، تێدەکۆشین تەوای ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان بە دۆست چاو لێ بکەین مادام لەدژی کۆماری ئیسلامی لە خەبات و تێکۆشاندان. بەڵام دۆست بوون پێشەکییەکە، کە شۆڕ دەبینەوە ڕادەی ڕێککەوتن و بەڵێنییەکان و کاری هاوبەش لەگەڵ هەر کام لەوەانە دەگەڕێتەوە سەر ڕادەی ئیعترافی ئەوان بە پرسی ئێمە و ڕێککەوتنی ئێمە لەگەڵ ئەوان. کۆنگرە لە خانەی گرینگی دان بە یەکڕیزی لەنێو ماڵی کورد تەئکیدی کردەوە بەخۆشییەوە سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان تا ئێستاش هەر ئەوە بووە، لانیکەم لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاریدا چوار حیزب هاوکاری یەکتر دەکەن، ئەوە بەهێز بکەین، واریدی فازی ئەوە بین کە ئێمە بەیەکەوە باشتر تەحەمولی یەکتر بکەین. بەو جۆرەی کە هەین یەکتر تەعریف بکەین و هەموومان بەیەکەوە لە هەموو بوارەکانی پێوەندیدار لە چەندوچۆنیی هیدایەتی خەباتی نێوخۆی وڵات، لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە زۆر بواری دیکەدا گوفتمانێکی هاوبەشمان هەبێ، بەڵکوو بەیەکەوە سەرکەوتوو بین و؛ ئادرەسێکی بە قووەت لەلایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامی دروست بکەین. هەڵوێستی کۆنگرە لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە پێزانینی خۆی بۆ تێکۆشەران و چلاکانی مەدەنی، خەباتکارانی جەماوەری، تێکۆشەرانی بواری جۆراجۆری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کورستان دەربڕی. لە هەمان‌کاتدا تەئکید و کاری ئێمە لەسەر نێوخۆی وڵاتە و بەتایبەت مەسەلەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بەڵام وەدەنگ هاتنی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بۆ پشتیوانی کردن لەو ڕووداوانەی کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دێنە گۆڕێ؛ بە ڕێزەوە باسی لێ کرا و  بەوە زانرا کە ئەوە ئاستی بەرزی فام و شعووری نەتەوەیی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیەنێ. بەڵام لە هەمان‌کاتدا ئەو ئەرکەشی هێنا گۆڕێ کە ئێمە تێبکۆشین لە نێوخۆی وڵات و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نەتەوەیەک نەهێڵین کۆماری ئیسلامی بە کەممان بزانێ. کۆنگرە لەسەر ئەوەش تەئکیدی کردەوە ئێمە ئەو چاوەڕوانییەمان هەیە کە جۆراوجۆریی نەتەوەی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد و، بەیەکەوە وەک نەتەوەیەک بەرەوڕووی هەر ڕووداو و هەر مەسەلەیەک کە لە نێوخۆی ئێران و لە تاران دێتە گۆڕێ، ببنەوە. کۆنگرە هەروەها کار و تێکۆشانی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات کە ئێستا لە وڵاتانی دەرەوە دژین، بەرز نرخاند. ئەو جەمعە لە هاوڕێیانی ئێمە لە دەرەوەی وڵات لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە زۆر بواردا بەتایبەت بوارە ناخۆشە‌کاندا کە حیزبی ئێمە پێویستی بەوە بووە بە پشتیوانییەکی زۆرتر ڕوبەڕووی پلان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بێتەوە، لەگەڵمان و پشتیوانمان بوون. هەر بۆ ئاگاداریی ئێوە بەخۆشییەوە ئێمە خاوەنی حیزبێکین جیاواز لەوەی کە شوێنی چالاکیی ئێمە، زۆربەی زۆری ئەندامانی ئێمە لە نێوخۆی وڵاتە، بەڵام ئەو پۆلە لە هاوڕێیانی ئێمە کە لە دەرەوەن، لەو ماوەیەدا لە تێکۆشانی خۆیان کۆتاییان نەکردوە و، توانیویانە دەورێکی زۆریان هەبێ. بۆیە لە کۆنگرەشدا بە هەستی بەرپرسایەتی و سۆزی نەتەوەیی و حیزبی هاتبوونەوە کوردستان و بەشدارییان کرد. ئێمە کار و چالاکیی ئەوان بەرز دەنرخێنین و هیوادراین لە داهاتووشدا لە هەموو بوارەکاندا ئەرکی خۆیان بەجێ ‌بێنن. کۆنگرە بە پێزانین‌ و  هەستی بەرپرسایەتی و هەروەها بە تێگەیشتنێکی زۆر بەهێز، ئەرزش و فیداکاری و تێکۆشانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و ناو ڕابردووی ئەوانی هێنایە بەرباس. کاتێک دەڵێین پێشمەرگە ئەوەمان لەبیر بێ ناوی پێشمەرگە و ئەو هێمایە کە ماوەتەوە دەسکەوتی کۆماری کوردستانە، دەسکەوتی ڕاستەوخۆی حیزبەکەی ئێمەیە. بۆیە کاتێک حیزبی دێموکراتی کوردستان باسی پێشمەرگە و ناوی پێشمەرگە و گرینگی و ڕۆڵ و دەوری پێشمەرگە دەکا جیاواز لە ئەرکی نەتەوایەتییەکەی ئەرکێکی حیزبیشە. کۆنگرە زۆر بە بایەخەوە گرینگیی بەوە دا، چون ژیانی حیزبی دێموکرات و مانەوەی ئەم حیزبە بە دوای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەرگریی حیزبی دێموکرات و هیدایەتی ژیرانەی ڕێبەرانی حیزبی بووە، بە فیداکاریی پێشمەرگە بووە کەم گوندی ڕۆژهەلاتی کوردستان هەیە یا کەم شار هەیە کە گۆڕی پێشمەرگەیەکی لێ نەبینی. ئەو گۆڕانە و ئەو ناوە ونانە بەشێک لە مێژوو و پێناسەی نەتەوایەتیی حیزبی ئێمەیە. بۆیە پێشمەرگە لای ئێمە هەروا بەو ئیعتبارەوە چاوی لێدەکرێ، بۆ جارێکی دیکەش سەربەرزین بە پێشمەرگەکانمان، سەربەرزین بە خەبات و تیکۆشان و، سەربەرزین بە مانەوەیان؛ هەموومان پێشمەرگەی دێموکراتین. بڕگەی کۆتایی کۆنگرە هەڵبژاردن بوو. هەموو کۆنگرەکانی ئێمە کە دەگاتە کۆتایی بە هەڵبژاردن تەواو دەبێ. هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە دیسان بە مەشوەرەت و لێکدانەوە، ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵبژێرینەوە و کاری پێ بسپێرین. بەخۆشییەوە کۆنگرە لە بڕگەی هەڵبژاردندا توانی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێرێ و، تا ئەو جێی پێوەندیی بە دەرەوە هەیە بە ڕاوێژ لەگەڵ هاوڕێیانی دەرەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کردوومانە، تێدەکۆشین لەوێش یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی کە چۆن بتوانین کومیتەی دەرەوە بە شێوەیەک ساغ بکرێتەوە، بە شێوەیەک دیاری بکرێ کە وڵامدەری نیازەکانی تەشکیلاتی، دیپلۆماسی، تەبلیغاتی و کۆمەڵایەتیی هەزاران ئەندامی حیزبی دێموکراتە کە لە دەرەوەی وڵاتە و، نوێنگە و سوێنگەی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات بێ کە چالاکیی جۆراجۆری هەیە. ئێمە لەسەر ئەوەش کار دەکەین و لە داهاتوودا جێبەجێی دەکەین. کاتێک کۆنگرە پۆلێک هەڵدەبژێرێ بۆ کومیتەی ناوەندی، ئەرکیان پێ‌دەسپێرێ و بێگومان تەبیعەت و قانوونی هەڵبژاردن وایە هەندێکمان هەڵدەبژێردرێین هەندێکیشمان هەڵنابژێردرێین. تا ئەو جێی پێوەندیی بە ژیانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بووە، لە ڕابردووشدا ئێمە قۆناغی وامان بینیوە چ ئەو کەسانەی کە هەڵدەبژێردرێن کە زۆرتر کارەکەیان ئەرک و تێکۆشانە، چ ئەو کەسانەی دەنگ ناهێننەوە کە لە حیزبی دێموکرات دیسان هەر کاریان دەبێ و ئەرکیان دەبێ،  چ ئەو پۆلە لە هاوڕێیانی بە ئەزموونی ئێمە کە دەورانێک لە ڕێبەریدا بوون، بەڵام خۆیان کاندید نەکردوە؛ هەموومان لە یەک نێوماڵداین، نێوماڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەو جۆرەی باسم کرد ئاوای پێناسە دەکەین. بۆیە هیچ کام لەو لایەنانە بەو مەعنایە نییە هەڵبژاردرابن و هەڵنەبژاردرابن لە کار و پێگە و کەسایەتییان کەم بووبێتەوە، هەڵبژاردن و دەنگ هێنانەوە تەنیا مێکانیزمێکە بۆ ئەوی ئێمە لە ئیدارەی ئەو حیزبە لە داهاتوودا، بزانین کێ چ کارێک دەکاو کێ چ کارێک ناکا. بۆیە دوای تەواو بوونی کۆنگرە، ئەو کۆمەڵە کەسە بەیەکەوە بەڵێنمان داوە دەست دەدین بە دەستی یەک و لە تەجروبە و ڕابردوو و کەسایەتیی یەکتر کەلک وەردەگرین؛ چۆن کاروانی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هەموو ئەو پاشخان و ڕابردووەی هەیەتی بە لووتکەی بگەیەنین. ئەمن دڵنیام حیزبی ئێمە دەتوانێ ئەو کاروانە مودیرییەت بکا و، بە تێکۆشانی خۆی حیزبەکەی بە ئاواتەکانی بگەیەنێ. لە کۆتاییدا بۆ جارێکی دیکە خۆشحاڵیی خۆمان ڕادەگەیەنین کە کۆنگرە -کە زەڕەبینی لەسەر بوو جۆراجۆر بەخۆشییەوە توانی سەرکەوتووانە کارەکانی تەواو کا و، هەر ئەو ئیرادەیەی کە لە پشتی بەستنی کۆنگرە بوو بەیەکەوە ئەو بەرنامەیەمان بەجێ گەیاند، ئەو ئەرکەمان جێبەجێ کرد. هەر ئەو ئیرادەیە دەتوانێ بەردی بناغەی درێژەی کار و چالاکی و تێکۆشانی ئێمەش بێ. دیسانەکە ئێوە هەر ساغ و سڵامەت بن، هەموومان هەر سەربەرز بین، بژی حیزبی دێموکراتی کوردستان.   ***