کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتووی کۆماری ئیسلامی لە سیلەی ڕاپەڕینەکەی خەزەڵوەرەوە

18:09 - 16 سەرماوەز 2719

لەماوەی چوار دەیە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری سەرکوت و پەت و سێدارە، ئەو ڕێژیمە هیچکات وەک ڕاپەڕینی سەرانسەریی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە خەزەڵورەی ئەمساڵ ترسی لێ نەنیشتووە و کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەرانەی وەلەرزین نەکەوتووە. ئەو ڕاپەرینە جەماوەرییە کە بەهۆی سێ بەرانبەر زیادکردنی نرخی بێنزین دەستی پێکرد، زیاتر لە ١٤٠ شاری گەورە و بچووکی ئێرانی بە شارەکانی کوردستانیشەوە گرتەوە. سەرکوتکەرانی ڕێژیم بۆ دامرکاندنی ئاگری ڕق و بێزاریی خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی ئێران، دەستیان لەهیچ جینایەت و کوشتارێک نەپاراست، بەجۆرێک کە سەدان کەس بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران و هەزاران کەس بریندار بوون و زیاتر لە هەشت هەزار کەسیش قۆڵبەست کران و، هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ ڕاوەدوونانی چالاکانی مەدەنی لە هەموو شارەکانی ئێران بەردەوامە. ڕێبەرانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە بڵاوبووونەوەی هەواڵ و ویدیۆ و ڕاپۆرتی ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و ئەو جینایەتە سامناکانەی بۆ سەرکوتی ئەو ڕاپەڕینە خوڵقاندیان، لە ئێوارەی دووهەم ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان، واتە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، تۆڕی ئینتێرنێتیان پچڕاند و بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ دەرگای ڕاگەیاندنی هەواڵەکانی ئێرانیان گاڵە دا. بەم کارەش بەهەزاران میلیارد دۆلار زیان لە ئابووریی ئێران و کۆمەڵانی خەڵکی و کەرتی تایبەت کەوت. دیارە سەرکوتی بێبەزەییانە و خوێناویی ڕاپەڕینی خەزەڵوەر و پچڕاندنی تۆڕی ئینتێرنێت لە ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە، لەلایەک نیشانەی ترس و تۆقانی ڕێژیمە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و داڕمانی یەکجارەکی دەسەڵاتە سەرەڕۆ و دژی گەلییەکەیان لەلایەکی دیکەش نیشانی دا دەسەڵاتداران، بەتایبەت لە دوای خرۆشانی گەلانی ئێران لە بەفرانباری ٩٦ کە ئەویش لەشێوەی خۆیدا بێوێنە بوو، هەموو ئامادەکارییەکیان لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر چەشنە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کردوە. دیارە وەک پیشەی هەمیشەییان دەسەڵاتدارانی ڕێژیم، سەرەداوی ناڕەزایەتییەکانیان بە دەرەوە گرێ دا و ڕایانگەیاند ئەمریکا و وڵاتانی نەیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەناو دژی شۆڕش ئەو "پیلان و فیتنەیەیان" ناوەتەوە و بەم جۆرە ویستیان پاساو بۆ کوشتار و کردەوە جینایەتکارانەکانیان و ڕاپێچکردنی خەڵکی ناڕازی بۆ بەندیخانەکان بێننەوە، بەڵام لێدوان و دژکردەوەکانیان هەم ترس و تاسانی پێوە دیار بوو و هەم تا ڕادەیەکی زۆر دژبەیەک بوون؛ بۆ وێنە لە لایەک خامنەیی ڕێبەری نیزام باسی لە پیلانێکی قووڵ و بەربڵاو و زۆر مەترسیدار کرد کە پارەیەکی زۆری بۆ خەرج کراوە و بە وتەی ئەو "خەڵک" لەنێویان برد و، لە لایەکی دیکەش ئاخوند ڕوحانی بۆ چەواشەکردنی خرۆشانی میلیۆنیی خەڵکی ئێران و بیروڕای گشتی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەم ڕاپەرینەی بە ناڕەزایەتییەکی بچووک وەسف کرد کە "تاقمێک" بە وتەی ناوبراو بەکرێگیراوی بێگانە تێیدا ئاژاوەیان گێڕا و بانک و بنکە حکوومەتییەکانیان کردە ئامانج و سووتاندیانن. هەروەها "عەلی فەدەوی"، جێگری فەرماندەی سپای پاسداران وەک ئەوەی لەگەڵ دوژمنێکی دەرەکی شەڕیان کردبێ و سەرکەوتبێتن، کوشتاری کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی بە "کەربەلای ٤" شوبهاند و بەشانازییەوە باسی لە جینایەتەکانی سەرکوتکەران کرد. هەرچەند گرانکردنی سێ‌ قاتی نرخی بێنزین بوو کە بوو بەهۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان و خەڵکی هێنایە سەر شەقام، بەڵام ئەو ڕاپەڕینە ڕیشەی لە ڕابردوو و لە سیاسەتە دژیگەلییەکانی کۆماری ئیسلامیدایە و ڕێک درێژەی ڕاپەڕینەکانی ڕابردووە کە کەم و زۆر لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا بەردەوام بووە و جارناجارێک وەک خرۆشانی ساڵەکانی ٨٨ و ٩٨ سەری هەڵداوە. جگە لەمەش ئەوە هەر قەیرانە نێوخۆییەکان و ڕاپەرینی گەلانی ئێران نییە کە تەنگی بە ڕێژیم هەڵچنیوە و خامنەیی و مافیای دەسەڵاتی تەنگەتاو کردوە؛ لە ئاستی دەرەوەش کۆماری ئیسلامی لەلایەک تووشی قەیران و سەرلێشێواویی سیاسی بووە، وڵاتانی ناوچە و ئەمریکا لە بەرەیەکدا بەگژ سیاسەتە ئاژاوەگێڕییەکانیدا هاتوونەتەوە و لەلایەکی دیکەش دەبینین ئەو ڕێژیمە و دەستە و تاقمە تێرۆریستییەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەحاڵی پاشەکشەدان. لە وڵاتی لوبنان تاقمی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا کە دەسکردی کۆماری ئیسلامییە و لەلایەن ئاخوندەکانەوە و بە پارەی خەڵکی ئێران لە هەموو بارێکەوە تەیار دەکرێ، لە خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتە و لە سەرکوتی خەڵکیدا دەستی باڵای هەبووە و لە لایەن خەڵکی ئەو وڵاتەوە وەک قوڵە چۆماغی ڕێژیمی ئێران سەیر دەکرێن و بێزراون. لە سووریەی کاولکراو، کۆماری ئیسلامی سەرەڕای تێچوویەکی زۆری گیانی و ماڵی، لە پێگەیەکی قایمدا نییە و لە لایەک ئامریکا و هاوپەیمانەکانی دەستێوەردانەکانی سپای قودس لەو وڵاتە بە دەستێوەردان و خۆشکردنی ئاگری شەڕ دادەنێن و ئیسڕاییلیش سەدان جار پێگە و بارەگاکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی داوەتە بەر ڕەهێڵەی مووشەک و بۆمبارانەکان، کە زەبری گورچکبڕ بوون بۆ ئەو ڕێژیمە و لە لایەکی دیکەش ڕووسەکان خەونی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان بۆ ڕکێفکردنی سووریە پووچەڵ کردووەتەوە و جێگەی کۆماری ئیسلامییان هەتا دێ زیاتر لەو وڵاتە لەق کردووە. دۆخی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی عێراق لەوەش خراپتر و ناسەقامگیرترە. لەو وڵاتە لە درێژەی خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی لە شارەکانی ناوەند و باشووری عێراق کە زۆڕینەی ڕەهای شێعە مەزهەبن، کۆماری ئیسلامی بەتەواوی بێزراوە و لەو ماوەیەدا لە شاری کەربەلا جارێک و لە شاری نەجەف سێ جار هێرش کراوەتە سەر کونسوولخانەکانی و سووتێندراون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ساڵی ڕابردووش هێرش کرایە سەر کونسوولخانەی ئەو ڕێژیمە لە شاری بەسرە و سووتێندرا. هەروەها خۆپیشاندەران بەدژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئاخوندەکان دروشمیان داوە و وێنەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی وەک خومەینی و خامنەیی و قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران و ئاڵای ئەو ڕێژیمە سووتێندران و ژێرپێ خران. ئەوە نیشان دەدا سەرەڕای هەوڵ و تەقەللایەکی زۆر و تێچووی دەیان میلیارد دۆلاریی، کۆماری ئیسلامی سیاسەتی بەردەوامی لە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە و گەڵاڵەی ئەوەی پێی دەڵێن "هیلالی شێعە"ی بۆ نەچووەتە سەر و تەنانەت لەنێو عێراق و لەو شارانەی وەک نەجەف و کەربەلا کە مەزارگەی ئیمامانی شێعەی لێیە و ڕێژیم وەک "کەعبە"ی شێعەکان سەیریان دەکا و، پارەی زۆر و زەوەندی لێ خەرج کردوون، جێگە و پێگەی نییە. خۆپیشاندەران کە لەو ماوەیەدا نیزیکەی ٤٠٠ کەسیان کوژراوە و زیاتر لە ١٦ هەزاریشیان لێ بریندار بووە، کۆماری ئیسلامی و دەستە و تاقمەکانی سەربەو ڕێژیمە بە تاوانباری ئەو ڕەشەکوژییە دەزانن و خوازیاری کۆتایی دەسەڵاتی ئاخوندەکان و گەڕانەوەی وڵاتەکەیان بۆ عێراقییەکانن. لە لایەکی دیکە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی بەتەواوی خستووەتە ژێر گوشار و ئاکامەکەی بەڕوونی دیارە و دەبیندرێ. هەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامی نرخی بێنزینی سێ قات زیاد کرد و دەستی چەپەڵی خۆی بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی لە گیرفانی کۆمەڵانی هەژار و کەمداهاتی خەڵکی ئێران کرد دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە ئەو ڕێژیمە توانای بەڕێوەبردنی وڵات و دابینکردنی خەرجی دامودەزگاکانی نیزامە گەندەڵەکەی نییە و گەمارۆکان ڕێکیان گوشیوە. ئەو ڕاستییانە بێگومان دەبنە هەوێنی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی زۆر بەهێز و بەتەوژمتر لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە. ڕاپەڕینی خەزەڵوەر نیشانی دا ئەوەیکە تا ئێستا کۆماری ئیسلامیی لەسەرپێ ڕاگرتووە، سپای پاسداران و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکەی ئەو ڕێژیمەیە و دەسەڵاتداران بۆ ڕاگرتنی نیزامەکەیان تەنیا بە چەک و سەرکوت پشت ئەستوورن. ئەو ڕاپەڕینە بە لەبەرچاو گرتنی ژمارەی یەکجار زۆری کوژراو و بریندارەکان و هەزاران دەسبەسەرکراو لە ماوەیەکی زەمانیی کورتدا و هەروەها ئامرازەکانی سەرکوتکەران وەک تانک و زرێپۆش و ڕەشاش، ئەوەی سەلماند کە کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتداران بە هیچ شێوەیەک لە بەرامبەر ویست و داخوازەکانی خەڵکی ئێران پاشگەز نابنەوە و بۆ مانەوە لە دەسەڵات و پاراستنی نیزامە خوێنڕێژ و گەندەڵەکەیان لە جینایەت و کوشتاری هەزاران کەسی دیکەش سڵ ناکەن. هەربۆیەش هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گەلانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ دەربازبوونی ئاشتییانە لەو دۆزەخەی ئاخوندەکان پێکیان هێناوە نییە و، ئەوە ڕاپەرین و قوربانیدانە کە توانای بەچۆکدا هێنانی ئەو ڕێژیمەی هەیە و دەتوانێ بەرەبەرە داڕمان لە ئاستی هێزە نیزامییەکانیدا پێک بێنێ. هەروەک چۆن لە زۆربەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی جیهان دیتوومانە و دەیبینین شک لەوەدا نییە لە درێژەی ڕاپەڕینی هەژارەکان لە ئێراندا بەشێک لە هێزەکانی سپای پاسداران و ئەرتەش بەتایبەت لەئاستی خوارەوەدا دێنە ڕیزی خەڵکەوە و چەکەکانیان بەڕەوڕووی دەسەڵاتی ڕەشی ئاخوندە جینایەتکارەکان دەگرن. بەدڵنیاییەوە لە وەها حاڵەتێکدا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەرگەی وەها ڕاپەڕینێک ناگرێ و قەڵای ستەم و کوشتاری ئاخوندەکان بۆ هەمیشە تێک دەڕمێ.