کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دەسپێکی کۆتایی هێنان بە زەمەنێک لە ڕۆژڕەشی

18:21 - 16 سەرماوەز 2719

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دژبە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا کە بە بیانووی گرانبوونی بێنزینەوە سەریان هەڵدا، دوای چل ساڵ لە هاتنە سەرکاری ئەم ڕێژیمە، هەڵگری لێکدانەوە و سەرنجی تایبەتە. ئەم ناڕەزایەتییانە کە لە ڕووی پانتایی جوغرافیایی و ئاستی سەرکوتکاریی دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە بە گەورەترین ناڕەزایەتیی جەماوەریی خەڵکی ئێران دژبە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێ، بە سەرنجدان بە کۆمەڵێک فاکتەری وەک؛ جۆری دروشم و داخوازییەکان، شێوازی ڕێکخرانی، خەسڵەتی چینایەتی و توێژی خۆپیشاندەران و نەبوونی ڕێبەری، دەکرێ لە خانەی بزووتنەوەیەکی ئاڵۆزدا سەیر بکرێ. ئاڵۆز بەو مانایە کە ئەم خۆپیشاندانانە لە ئاستی سەرانسەریدا بەبێ ئەوەی ڕێبەری و ڕێنیشاندەرێکی دیار و هەستپێکراوی هەبێ، بە لەحزە و بە شوێن نێوەرۆکی داواکاری و دروشمەکان جیاواز و نالێک بوون، لەگەڵ ئەوەی ماهیەتی‌ حەرەکەتەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو دژبە ڕێژیم لە تەواویەتی خۆیدا بوو، دیسان داخوازییەکان بۆ ئەگەری دوای نەمانی ئەم نیزامە لێڵ و ناڕوون بوون. هەرچەند خودی ئەم کەمایەسییە لەسەر ئاستی ئاسۆی داهاتووی نیزامی سیاسی لە ئێران بۆ نەبوونی ڕێبەری و ڕێکنەخراوبوونی ناڕەزایەتییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام هۆکاری خودی ئەم کەمایەسییە بەندە بە کۆمەڵە خەسڵەتێکی دیکەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی. تایبەتمەندییەکانی نەسڵێک کە ئەمڕۆژانە لە شەقامەکانی ئێراندا دەنگیان بەرزترە لە نەسڵەکانی دیکەی پێش خۆیان. ئاستی سەرکوتکاریی سیستماتیکی ئەم ناڕەزایەتییانە کە تا ئێستاش تا ڕادەیەک بە شاراوەیی ماوەتەوە و، وەک سەرچاوە و ناوەندەکانی پێوەندیدار باسی لێ دەکەن بە سەدان خۆپیشاندەر گیانیان لێ ئەستێندراوە و بە هەزارانیش بریندار و بە هەزارانی ‌تر دەستبەسەر و لە دۆخێکی سەخت و خراپدا هێڵراونەتەوە، دەری دەخا کە ڕێژیم تا چ ڕادەیەک ترسی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم‌جارە لێ‌نیشتووە. کاربەدەستانی ڕێژیم لە ڕێبەر و سەرکۆمارەوە بگرە تا بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیەتی، هەموو هەوڵێکیان ئەوە بوو کە ئەم ناڕەزایەتییانە لە خانەی «پیلانگێڕیی دوژمنان» و «ئاژاوەچیان» و لە کۆتاییدا «شەڕێکی جیهانی دژبە نیزام» پێناسە بکەن. ئەم تێڕوانین و لێکدانەوە ترسناک و ناڕاستانە هەمووی بۆ پاساوی ئەو ئاستە بەرزە لە سەرکوتکاری و دەستوەشاندنە بوو. ئەوان بۆ ئەوەی بتوان کۆنتڕۆڵی ناڕەزایەتییەکان بکەن و ئاستی سەرکوتکارییەکان لە چاو میدیاکان بشارنەوە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک خەڵکیان لە دەستپێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت و سۆشیال‌ میدیا بێبەش کرد. پچڕانی ئینتێرنێت ئەگەر لە لایەک بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان و دەساوەڵایی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ دەست‌وەشاندن لە خۆپیشاندەران بوو، لە لایەکی دیکەشەوە ترس لە پێوەندیی نەسڵێک لە خۆپیشاندەران بوو کە سۆشیال ‌میدیا و کاریگەرییەکانی بۆتە بەشێک لە ڕەفتاریان. ئەوەی لەسەر شەقامەکان بوون و دەنگ و ڕەنگیان لە هەمووان بەرزتر بوو، کەسانێک بوون کە نێونجیی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵ بوو. ئەم نەسڵە کە ڕاست لە چل ساڵەی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیدا بە نەوەی نوێی کۆمەڵگە دەناسرێ، زۆر جیاواز لە نەسڵەکانی پێش خۆی ڕەفتار دەکا و بیر دەکاتەوە. نەسڵێک کە سەرەڕای بێکاربوونی، کەمترین بەستراوەیی بە نیزامی کۆماری ئیسلامی و یادەوەرییەکانیەوە نییە و، بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی زۆر جیاواز لە نەوەکانی پێش خۆیەتی، لە ڕێگای سۆشیال ‌میدیاوە ئاشنا بە گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی دنیایە و خۆی لە بێدەرەتانی و بێهیوایی و داهاتوویەکی لێڵ و ناڕووندا دەبینێ. ئەم نەسڵە کە زۆرترین ترسی خستۆوەتە دڵی دەسەڵاتدارانی تارانەوە، چیدیکە لەژێر کارتێکەریی بەها و ئەرزشە ئیدئۆلۆژییەکانی نیزامی داخراوی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کەسایەتیی خۆی بنیات نانێ. نەوەی نوێ لەژێر کارتێکەرییەکانی سۆشیال میدیا و لە سەردەمی تاکگەراییدا و کەمڕەنگ‌بوونەوەی دیاردەی مەحفل و سازمانیدا، ڕەها لە هەر بیروباوەڕ و بەهایەکی داخراوی ئیدئۆلۆژی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ڕێ دەپێوێ. ئەگەر ئەم نەسڵە لە قاوخی بیرکردنەوە شەخسییەکانی خۆیدا عەوداڵی ژیانێکی لۆکس و شیاوی خۆیەتی، بەڵام لەسەر ئاستی گشتیی کۆمەڵگەدا دەرد و داوای هاوبەش لە سۆشیال میدیادا لێکی گرێ داون و، هەر بەم ڕێگایەوە دەتوانێ لە ماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێر خۆی سازمان بدا و شەقامەکان بتەنێ. بۆیە پچڕاندنی ئینتێرنێت لە لایەن ڕێژیمەوە تێگەیشتنە لە خاڵی بەهێز و لە هەمان کاتدا لاوازیی کۆمەڵگەی ئێستا. نەبوونی ڕێبەر و ڕێنیشاندەر لە خۆپیشاندانەکانی ڕەزبەری ئەمساڵدا گەورەترین و سەرەکیترین کەمایەسیی ئەم حەرەکەتە بوو. کەمایەسییەک کە سێبەری شووم و ترسناکی خۆی هەر لە جۆری ڕەفتاری خۆپیشاندەران و نێوەرۆکی دروشم و داواکارییەکاندا بەرهەست و بەرچاو بوو. دروشم و داواکارییەکان سەرنجڕاکێش و گونجاوی نەسڵێک نەبوو کە شەقامەکانی لێ تەنرابوو. دووپاتکردنەوەی دروشمی خۆپیشاندانەکانی ٨٨ و ٩٢ و ٩٦ کە هەرکام هیی هەلومەرج و بانگی تەبەقەیەک لە خۆپیشاندەری باڵەکانی ڕێژیم بوون، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئەم خۆپیشاندانانە بێ‌مودیر و بێ‌ڕێبەرە. بۆیە ئەمە ناکرێ تەنیا وەک کەمایەسییەکی سازمانی سەیری بکرێ، بەڵکوو دەتوانێ دیاردەیەکی ترسناک و ڕووخێنەر بێ کە لەسەر ئاستی گشتی، بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران دژبە ڕێژیم بۆ ماوەیەکی بەرچاو تووشی بێهیوایی و کپبوون بکا. کەمایەسیی «بێ‌ڕێبەری» لەسەر ئاستی بزووتنەوەی مافخوازانەی سەرانسەریی ئێراندا ئەگەر بەشێک لە هۆکارەکەی بۆ نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێزی یەکگرتوو دەگەڕێتەوە، بەشێکیشی ڕاست بۆ خودی ئەم خاڵە لاوازەی بزووتنەوە دەگەڕێتەوە کە رێژیم بەتەواوەتی هەستی پێکردوە و خەریکە مودیرییەتی دەکا کە باس لێکردنی پێویستی بە مەجالێکی تایبەتە. بە پێی هەموو نیشانەکان، ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتیی دەربڕینانە درێژەیان دەبێ و بەربەرینتر دەبنەوە و تێچوشیان تا دێ زیاتر و خوێناویتر دەبێ. چونکی ئەم ڕێژیمە نە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە و نە لە ماهییەتیدایە مل بۆ ئیرادەی خەڵک ڕابکێشێ. بۆیە ئەم ناڕەزایەتییانە بۆ ئەوەی تووشی ماندووبوون و بێهیوایی نەبن و بتوانێ ڕێڕەوی خۆی بدۆزێتەوە، پێویستی بە ڕێبەرییەکی ئەمڕۆیی و تۆکمە هەیە. ئەوەی کە ئایا ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات دەتوانێ لە ئاست ئەم چاوەڕوانییەدا بێ یان ئەوەی کە لە نێوخۆی وڵات بتوانێ ڕێبەری بۆ پەیدا ببێ باسێکی دیکەیە، بەڵام ئەمە ئەمرێکی حەیاتییە. لە پێوەندی لەگەڵ کوردستان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و خەسڵەتە ڕەفتاری و جەوهەرییەکانی ئەم حەرەکەتانە باسەکان جۆرێکی دیکە و لە جنسێکی تایبەتترە. لەگەڵ ئەوەی کە بەشێک لەم خوێندنەوە و تایبەتمەندییانەی بۆ ناڕەزایەتییەکان لە سەر ئاستی سەرانسەری کران، دەکرێ بە نیسبەت کوردستانیشەوە هەروا بن، بەڵام ماهییەتی ناڕەزایەتییەکان و تەنانەت شێوەی ڕوانین و ڕەفتاری دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە جۆرێکی دیکەیە. بزووتنەوەی سیاسی لە کوردستان بەپێچەوانەی ئێران لەسەر ئاستی سەرانسەری، بزووتنەوەیەکی تۆکمەی خاوەن داواکاریی ڕوون و ئادرەسی دیاری ڕێبەرییە. ڕەفتار و جۆری هەڵوسوکەوتی خەڵکی کوردستان لە هەر شکڵ و شێوەیەکدا بێ، نێوەرۆک و پێناسەیەکی نەتەوەیی و دێموکراتیکی هەیە کە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ڕێبەرایەتی و پێشەنگایەتیی دەکەن. هەرچەند ئەوە بە هیچ شێوەیەک نابێ بەو مانایە لێک بدرێتەوە کە پێوەندییەکی وڵامدەری ئۆرگانیک و بێ‌کەموکووڕی لە نێوان حیزبەکان و کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە. لە بەرامبەریشدا کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکا کە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بێ‌ڕێبەرە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا خەڵکی کوردستان بە هەڵوێست و دژکردەوەی وشیارانەی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەت و ڕەفتارە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژبە حیزبەکانی کوردستان، نیشانیان داوە کە حیزبەکان بە ڕێبەر و ڕێنیشاندەری خۆیان دەزانن و خاوەندارییان لێ دەکەن. ئاماژەکردن بە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ساڵی ٩٧ی هەتاویدا کە بۆ مەحکوومکردنی هێرشی موشەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڕێوە چوو، بەسە بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە. خەڵک لەم ڕۆژەدا لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە مانەوە لە ماڵەکانیان مانگرتنی گشتییان وەڕێخست و خاوەندارییان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و داواکاریی گشت حیزبەکان کرد. خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی دەسپێکی کۆتاییهێنان بە زەمەنێک لە ڕۆژڕەشی بە سەر ئێران و کوردستاندایە. هەر وەک باس کرا، مەودای نێوان دووپاتبوونەوە و سەر‌هەڵدانەوەی ئەم جۆرە ناڕەزایەتییانە زۆر کەمتر دەبنەوە. بۆیە پێویستە بەتەواوەتی خۆی بۆ ئامادە بکەین. ئەوەندەی پێوەندیی بە کوردستانەوە هەیە، پێویستە حیزبەکان بەتایبەت ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان، بەرەو قۆناغێکی جدیتر لە پێکەوەکارکردن هەنگاو بنێن، پێویستە خێرایی زیاتر بە هەڵوێستەکانیان ببەخشن و بەکردەوە هەنگاو بۆ ڕێبەریی ئەم حەرەکەتانە بنێین، پێویستە بە کەلکوەرگرتن لە توانا و پتانسیێڵە بڵاوەکانی دەوروبەری خۆیان، هێز و هیوایەکی بەگوڕتر بە کۆمەڵانی خەڵک ببەخشن، پێویستە بە وردبوونەوە لە خەسڵەتە ڕەفتاری و ئەرزشییەکانی نەوەی نوێی کۆمەڵگە، وڵامدەری قۆناغێکی نوێ لە خەباتی شوناسخوازانەی نەتەوەیی بن.