کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەیدانداریی ژنان و ترسی ڕێژیم لە گۆڕانی کڵێشەکان

18:42 - 16 سەرماوەز 2719

لەمێژ ساڵە بزووتنەوەی مافخوازیی ژنان لە ئێران چ لە چوارچێوەی تاک و سەربەخۆ و هەم لە شێوەی ڕێکخراو و کەمپەیندا ئەمری واقعە و لە ڕاستیدا وەک هێزێکی شوێنداری کۆمەڵایەتی خۆی دەردەخا. ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە بەهێزە لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی خەزەڵوەریشدا دیار و شوێندار بوو، بە خەسڵەتێکی دیارترەوە، ئەویش بوێری و ئازایەتی لە ڕێکخستن و لیدێر بووندا. ژنان لە ئێران لە هەموو ڕەهەندەکاندا ستاتویەکی سەرکوتکراویان هەیە، بەو مانایە ئەگەر لە هەموو بزاوتە سیاسی، نەتەوەیی، مەدەنی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت وەرزشییەکاندا هەن و ڕۆڵ دەبینن، بەڵام لە بێبەشی لە ماف و هەڵاواردنەکان ئەویش لە سۆنگەی ژنبوونەوە غەدریان لێدەکرێ و سەرکوت کراون. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لە زۆر بواردا تەنگی بە بەشداریی ژنان هەڵچنی، لە بواری سەپاندنی پۆشتەبوون، پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خۆدیتنەوە لە کایە سیاسی و ئابوورییەکاندا. ئەو قۆرغکردنە سیستماتیک، واتە بەپێی یاسای نووسراو و نەنووسراو بوو بە کڵێشەیەک و لادان لەوان تابۆشکێنییەک کە تێچووی زۆری بۆ ژنانی لادەر و تابۆشکێن هەبوو. بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دەسەڵات لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان و ژنانی چالاک _وەک ئەوەی لە کوردستان لە دژی «زێنەب جەلالیان»ەکان و لە گەورە شارەکان لە دژی «نازەنین» و «سپیدە قلیان»ەکان دەکرێ_ لە گۆرەپانە جۆراوجۆرەکان دەربری ترسی قووڵی ڕێژیمە لە گۆڕانی کڵێشەکان. ئەو کڵێشەیەی کە دەسەڵاتی سیاسی ژن تەنیا لە شێوەی کابانی ماڵێ و ئامرازی زاوزێ و گیانلەبەرێکی لاوازی حەوجێ بە پاراستن وێنا دەکا و نایەوێ ژن ڕۆڵی تاکایەتی و هەروەها شوێندانەری خۆی لە کۆمەڵگەدا بگێڕێ. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زراوی چووە لەوەی بەهۆی پێشەنگایەتیی ژنانەوە و مەیدانداریی لیدێر و کەسایەتییە دیارەکانی بزاوتی ژنانەوە، ماتەوزەی شاراوە و نووستووی نێوەی کۆمەڵگە ببێتە هێزێکی کۆمەڵایەتی بۆ گۆڕانکارییەکان. ژنان لە خەزەڵوەردا بە بەشداریی بەرینیان لە خۆپیشاندانەکاندا دەریان خست کە ترسی ڕێژیم لەخۆڕا نییە، چونکی ژنان نەک وەخۆ هاتوون؛ بەڵکوو هاوار دەکەن کە چیدی قایل بەو پێناسەیە نین دەسەڵات بۆی کردوون و ماف و داوای خۆیان هەیە و ئامادەن باج و تێچووشی بۆ بدەن. ئەوان بە سووکایەتی بە شعووری خۆیانی دەزانن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە و لە ڕوانگەی کڵێشە ئایینی و چوارچیوە قانوونییەکانەوە وەک ڕەگەزی لاواز بناسرێن کە توانای بڕیاردان لەسەر چارەنووس و ڕاوەستان لەسەر لاقی خۆیانیان نییە. ئەوان نایانەوێ چیدی ڕەگەزی دووهەم، هاووڵاتیی پلە چەندەم و نوقستان لەڕووی عەقڵ و ڕامانەوە بن! ئەم دەنگ هەڵبڕێنە و ئەم هاتنە مەیدانە بەرهەمی چوار دەیە سەرکوت و پاشگوێ‌خستنە، لێکەوتەی چوار دەیە هەڵاواردن و نەدیتنە و ئەوان پشکۆی گەشاوەی بن خۆڵەمێشی بیرچوونەوەی دەیان ساڵەن. ژنانی نێو گۆرەپانی ناڕەزایەتییەکان فریوخواردووی وڵاتانی بیانی نین، بەڵکوو گڕکانی وەڕێکەوتووی چوار دەیە کپکراوی مافویستیی نیوەی کۆمەڵن. ئەم ڕەوتە لە کوردستان هەم لە مێژە دەستی پێکردوە و هەم ژنانی کورد ڕچەشکێنی زۆر لەو تابۆشکێنییانەن. لەمێژ ساڵە ژنان لە کوردستان بەشێکی دانەبڕاو لە چالاکییە مەدەنی، فەرهەنگی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانن و لە ڕێکخستنی بۆنە و ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکان، لە گرینگیدان بە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی دیار و تەنانەت لە هەندێ بواردا پێشەنگن. «زارا محەممەدی و فریشتە چراغی»یەکان لەمێژە سەلماندوویانە کە شوناسخواز و ماف‌ویستن و لە مەیدانی کردەوەشدا خاوەن کەسێتیی بەهێز و شوێندانەر و بەفیکر و خەللاقن. ژنانی کورد و ژنان لە ئاستی بزووتنەوە سەرانسەرییەکاندا پیشانیان دا کە گوشاری لە ڕادە بەدەر و هەڵاواردنی سیستماتیک و پێشێلکردنی ڕەهای مافی ژنان ناتوانێ لە پەنا و پەسیویان باوێ و پاسیڤیان بکا. وەک چۆن پێچەوانە ئەوانی کردووەتە پێشەنگی خەبات و ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی دواکەوتووترین و سەرکوتگەرترین ڕێژیمی سیاسی. ئەمڕۆکە ماتەوزەی پەنگخواردووی 40 ساڵ سەرکوتی ژنان خراوەتە ڕێرەوی گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەی بەرگژە دروستکردن بۆ ڕێژیمێک کە تا سەر ئێسقان دژی ژن و مافەکانیەتی. ژنان لێ براون کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە گۆڕینی چارەنووسی خۆیان و ئێراندا هەبی و لەم مەیدانەشدا براوە و سەرکەوتوو دەبن.