کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکانی ئێران و ئەرکەکانی ئێمە

18:50 - 16 سەرماوەز 2719

ساڵانێکە بە هۆی بوونی سیستمی دەسەڵاتداری خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی و داڕشتن و درێژەی سیاسەتێکی ئیداری کە هەرگیز بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێرانی تێدا لەبەرچاو نەدەگیراو و نەبوونی هیچ بەرنامەیەکی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ڕێژیم بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکانی وڵات، دەنگی ناڕەزایەتی لە نێو خەڵکدا بەرزبووەتەوە. دەنگێک کە لە لایەک بە هۆی دروشمی فریودەرانەی ڕێبەرانی ڕێژیم و لە لایەکی دیکەوە بە پەنابردن بۆ سەرکوت و زەبر و زەنگ زۆر جار کپ دەکرا. هەرچەند نە سەرکوت توانی بە یەکجاری ئەو خەڵکە بێدەنگ بکا و نە ڕێژیمیش لە ویست و توانایدا بوو کە چارەسەری ئەو هەموو کێشانە بکا کە خۆی هۆکاری خوڵقاندنی بوو. بەڵکوو بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی ڕێبەر و کاربەدەستەکانی دەسەڵات بە هۆی پەرەگرتنی قەیرانەکان و دەستەوەستانی ڕێژیم لە بەرامبەریاندا، ناڕەزایەتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و دەنگی ناڕازیبوون لە ڕێژیم و دەسەڵاتدارە جۆراوجۆرەکانیان بەرزتر دەبووەوە. ئەوەی لە خۆپیشاندانەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەکەوتە بەرچاو و لە کۆی هەمواندا کە هەر جارەی بە بیانوویەک دەهاتنە سەر شەقام، چاوەڕوانی خەڵک بوو بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی کە کاریگەری هەبێ لە سەر ژیان و کەسایەتی ئێرانییەکان وەک مرۆڤێکی ئەم سەردەمە و گێڕانەوەی کەرامەتی ئینسانی لە دەستچوویان. شتێک کە بە دوای دروستبوونی کۆماری ئیسلامی و بە دەسەڵات گەیشتنی بەشێک لەو ئاخووندانەی کە بە سەپاندنی بیری تایبەتی و مەزهەبی خۆیان بە سەر هەموو بەشەکانی ژیانی خەڵکدا، بەرەبەرە لە دەستیان دابوو. ئیستا دوای زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداری خۆسەپێنەرانەی کۆماری ئیسلامی ئەو قەناعەتە لای تێکڕای خەڵک دروست بووە، کە ناتوانن چیدی چاوەڕوانی گۆڕانێک بن لە نیزامێکدا کە کەمترین بایەخ بە مافەکانیان نادا و هەر بۆیە ئەگەر گۆڕانێک دەبینین گۆرانی بیرکردنەوەی خەڵکە کە بۆ چارەسەرسەری کێشەکانیان و گەیشتن بە ئازادی و مافەکانیان ڕووبەڕووی تێکڕای دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دەبنەوە و ئازادی خۆیان لە نەمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەبیننەوە. خۆپیشاندانەکانی چەند حەوتووی ڕابردووی ئێران بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ هاتنە سەر شەقامی خەڵک لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم پەیامەشی بە گوێی دنیا گەیاند کە ڕێژیم لە بەرامبەر کێشەکانیدا پشتیوانیی خەڵکی ئێرانی نیە و ئەوان چارەسەری کێشەکان لە نەمانی ئەو ڕێژیمەدا دەبیننەوە. خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵ ئەوەشی دەرخست کە ئیستا ئیتر وەک ساڵی ٨٨ ئەوە تەنیا تاران نیە کە بۆ دەرخستنی ناڕازیبوونیان لە دزینی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا بێنە سەر شەقام و ڕێپێوانی ملیۆنی سازکەن. یا وەک ساڵی ٩٦ تەنیا شاری مەشهەد و چەند ناوچەیەکی بەرتەسک نابێتە شوێنی دەربڕینی ناڕەزایەتی تەنیا لە دژی کاربەدەستانی دەوڵەتی، بەڵکوو ئەم جارە و بە هۆی ناڕازیبوونی تێکڕای خەڵکی ئێران و گەیشتن بە قەناعەتی چارەسەری یەکجاری کە نەمانی کۆماری ئیسلامییە، زۆربەی پارێزگا و ناوچەکانی ئێران بوونی مەیدانی بەربەرەکانی لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و کە بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی هەمیشەیی ڕێژیم لە وڵامدانەوەی خەڵک قوربانی زۆری لێکەوتەوە. ئەگەر ساڵانی ڕابردوو ناەندی ئێران و گەورە شارەکان تەنیا بە مەبەستی فشار خستنە سەر دەوڵەت جووڵەیەکیان تێدا بوو و ناوچەکانی دوور لە ناوەند بە تایبەت کوردستان کە بەردەوام لە خەبات و ڕووبەڕووبەنەوەدا بوون بەرامبەر بە دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی بە تەنیا دەمانەوە ، ئەم جارە زۆربەی ئەو شوێنانە لە شاری گەورەی وەک شیراز و ئێسفەهان هەتا کوردستان و خووزستان هاوشان لەگەڵ یەکتر و بە یەک دەنگ مەیدانی نیشاندنی ناڕازیبوونی خۆیان بەرینتر کرد و بە تێکەڵ بوونی خوێنی کورد و عەرەب و ئازەری و فارس مەیدانی خەباتیان ڕەنگاند و هاوبەشی خۆیان لە بەردەوامی خەباتی هاوبەش و گەیشتن بە مافەکانیان دەرخست. لەم نێوەدا بۆ خەڵکی کوردستان کە چوار دەیەیە لە ژێر قورسترین باری سەرکوت و داپڵۆسیندا خۆی ڕاگرتووە و ملی بو زۆرداری کۆماری ئیسلامی ڕانەکێشاوە و بەردەوام سیاسەتی فریودەرانەی کۆماری ئیسلامی هەوڵی دابڕانی تێکۆشەرانی ناوچەکانی دیکەی ئێرانی لە ئامانجەکانی خەباتی بەردەوامی ئەم گەلە لە دژی ڕێژیم داوە، زۆر گرینگە کە بەردەوامی هاوخەباتی مەیدانیی هەموو خەڵکی ئێران ببێتە تێگەیشتنێکی واقێعی لە ماهییەتی ڕێژیم و مافی هەموو نەتەوە و دانیشوانی ئێران. پێویستییەک کە دەتوانێ یەک ڕیزی خەباتکارانی هەموو بەشەکانی ئێران بەرامبەر بە ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی پتەوتر بکا بە جۆرێک کە ڕێژیم چیدیکە نەتوانێ لە جیاوازییەکانی نێوان نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران کەڵک وەرگرێ و لە دژی یەکتر بەکاریان بێنێ و هەوڵ بدرێ ئەم هاوخەباتییە ببێتە هۆی هاوپێوەندییەکی ڕێکخراو لە نێوانیاندا بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی زۆردارانەی ڕێژیم کە بۆ مانەوەی خۆیان بەردەوام هەوڵی دووبەرەکینانەوە و بەگژداچوونەوەی ئازادیخوازانی داوە. بێگومان لەم هەلومەرجە هەستیارەدا کە دەردەکەوێ نەبوونی بەرنامەیەکی ڕاگەیێندراو و ڕێبەرییەکی هاوبەش یەکێ لە لاوازییەکانی ئەم بزووتنەوەیە، ئەرکی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دێموکرات و پێشکەوتنخواز زیاتر دەبێ و پێویستە هەموو لایەک بە بەرپرسیاریەتی زیاترەوە و بۆ ڕێبەری کردنی ئەم بزووتنەوە گشتییە هەنگاوی بەکردەوەی جیددی هەڵێننەوە. لە کوردستان کە بەردەوامی خەباتێکی چل ساڵەی خەڵک بە ڕێبەری حیزبە شۆڕشگێڕەکانی لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەزموونێکی زۆری لە دوای خۆی بەجیهێشتووە، ئیستا ئەرکی هێزەکانی کوردستان بە تایبەت ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران گەلێک گرینگترە کە بە پشت بەستن بە پوتانسییەلی بەرزی شۆڕشگێرانەی خەڵک و ئەزموونی ڕێبەری کردنی شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەبات، یارمەتیدەربن بۆ دروستکردنی هاودەنگییەکی بەهێز لە نێوانیاندا و بە بەرنامەیەکی دیار و هاوبەش بۆ ئەم قۆناغە و بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن هەنگاو باوێن. هەروەها دەکرێ بزووتنەوەی کوردستان و ئێعتباری ڕێبەری ئەم بزووتنەوە بکرێتە هەوێنی دروستکردنی بەرەیەک لە هێزە شۆڕشگێڕەکانی ناوچەکانی دیکەی ئێران بۆ ڕێبەری کردنی بزووتنەوەی گشتی خەڵک بۆ کۆتایی پێهێنان بە دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی.