کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکا کە ڕادەی کوژراوەکانی خۆپێشاندانەکان ڕابگەیێنێ

16:15 - 18 سەرماوەز 2719

"جوسێپ بورل"، بەرپرسی نوێی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد تا بە ڕوونی و بە دروستی ڕادە و ئاماری کوژراوەکانی خۆپێشاندانەکانی ئەو دواییانە ڕابگەیەنێ. "جۆسیپ"هەروەها توندوتیژی دژ بە خۆپێشاندەرانی ئێرانی مەحکووم کرد و بە نایاسایی ناوی برد. لەو بەیاننامەیەدا باس لەوە کراوە کە: " زۆربەی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران لە چەند حەفتەی ڕابردوودا لە مافی سەرەتایی خۆیان بۆ کۆبوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دۆخی نالەباری ئابووری کەڵکیان وەرگرت. بەڵگەکان نیشاندەری ئەوەن کە وەڵامی نادرووست و ناڕەوای هێزە ئەمنییەکان و کەلکوەرگرتن لەچەک بوو بەهۆی ئەوەی کە ڕادەیەکی زۆری لە خەڵک بکوژرێ و خەڵکێکی زۆریش بریندار بێ. بەرپرسی نوێی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی: "یەکیەتیی ئورووپا و وڵاتانی ئەندام لەو یەکیەتییەدا توندوتیژی و بەکارهێنانی چەک دژ بە خۆپێشاندەران مەحکووم دەکا". هەروەها سەبارەت بە پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران ڕایگەیاند کە بێبەش بوون لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین لە ئێران نابێ درێژەی هەبێ. شایانی باسە کە سەرکووتی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بوو بەهۆی ئەوەی کە سەدان کەس کوژراو و هەزاران برینداری لێبکەوێتەوە و تائێستاش گرتن و دەسبەسەرکردنی خۆپێشاندەران و چالاکان و ناڕازیان هەر بەردەوامە.